کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی كۆ كردنەوەی ماهوارە لە كوردستانی رۆژهەڵات بەردەوامە

16:51 - 22 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە گەڕەكەكانی شاری مەریوان دەستیان بەسەر ژمارەیەك لە ماهوارەی هاووڵاتیاندا گرت.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەر لە بەیانی رێكەوتی ٢١‌ی خاكەلێوە هێزە ئینتزامییەكان لە گەڕەكەكانیتەرخان ئاوا و كورەی موسەوی شاری مەریوان چوونەتە سەر بانی ماڵەكان و دیشی ماهوارەكانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئەو هێزانە زۆر جار بێ‌ئیزنی خاوەن ماڵەكان و بێ‌بوونی مۆڵەت دەچنە سەر بانی ماڵەكان و وێڕای بێ‌رێزی كردن دیشی ماهوارەكان زەوت دەكەن.
گەڵاڵەی كۆ كردنەوەی ماهوارە لە ئێران لەحاڵێكدا بەڕێوە دەچێت كە لە وڵاتانی دیكە ماهوارە بەبەشێك لە خزمەتگوزاری حكوومەتەكان بە هاووڵاتیان دێتە ئەژمار.
لەو پێوەندییەدا ماوەیەك لەمەوبەر ئەحمەد رەزا رادان جێگری هێزی ئینتزامیی رێژیمی ئێران، كاناڵە ماهوارییەكانی بە بەلاڕێدا بردنی بیروڕای خەڵكی وەسف كردبوو.
هەنووكە لە ئێران خەڵكانێكی زۆر كەڵك لە ماهوارە وەردەگرن وبەپێی ئامارە نافەرمییەكان، لەسەدا ٧٤ی خەڵكی تەنیا لەتاران خاوەنی ماهوارەن.