کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادگارێکی دیکەی کۆماری کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان کرد

22:59 - 8 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: حاجی سەید شەریف بەرزەنجیی کانی‌دەستار پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری شکۆداری کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، حاجی سەید شەریف بەرزەنجیی کانی دەستار لە تەمەنی ١٠٠ ساڵی له گوندی کانی‌دەستار لە ناوچەی مەرگەوەڕ سەر بەشاری ورمێ، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو له بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ئایینی له ساڵی١٢٩٦ی هەتاوی له گوندی کانی‌دەستاردا چاوی بە دنیا هەڵێنا. ناوبراو کوڕی حاجی سەید عەبدولوەهاب بەرزەنجی ناسراو بە بابە خەلیفە، له بنەماڵەی بەرزەنجی و سەر به تەریقەتی ئایینیی قادریـیە.

تەریقەتی قادری دەگەڕێتەوە بۆ ڕێچکە و ڕێبازی شێخ عەبدولقادر گەیلانی له ساڵی (١٠٧٦ – ١١١٦ زایینی) که له کوردستاندا بە سەر دوو لقی (کەسنەزانی) و (ولیانیی) دابەش دەبن.

حاجی سەید شەریف بەرزەنجی کوڕی گەورەی بنەماڵەی خۆیەتی و هەروەها برا گەورەی حاجی سەید ڕەحیم بەرزەنجیـیە. حاجی سەید ڕەحیم خۆی پیر و مورادی ئەو ئایینەیە و ئێستا له گوندی کانی‌دەستار لەگەڵ بابی گەورە وەک (خەلیفە) دەست نیشان کراون و کاروباری ئایینی و ڕێوڕەسمی سەر بەو تەکییەی ئەنجام دەدەن.

حاجی سەید شەریف بەرزەنجی له باری ئایینی و کاروباری ئایینی و کۆمەڵایەتی، دەورێکی گەورەی هەبووە. هەر چەند حاجی سەید ڕەحیم له جێگای باوکی خۆی خەلیفە حاجی سەید عەبدولوەهاب دیاری کرا، بەڵام هەردەم لە کاروباری ئایینی و خانەقایی وکۆمەڵایەتیدا پرس و ڕاوێژ و بیر و ڕای لەگەڵ حاجی سەید شەریف دەکرد و ناوبراو جێگای ڕێز و حورمەتی تایبەت بوو.

حاجی سەید شەریف بەرزەنجی لە نێو خەڵکدا ئینسانێکی خۆش قسە و جێگای ڕێز و متمانە بوو.

ناوبراو لە بواری نیشتمانی و نەتەوەییدا، له سەردەمی زێڕینی کۆماری شکۆداری کوردستاندا پێشمەرگە بووە و چەند مانگ له خزمەتی کۆماری نەتەوەیی گەلی کورددا بووه.

بنەماڵەی ناوبراو دوو شەهیدیان بە ناوەکانی حاجی سەید تەها بەرزەنجی کادری دەرەجە ٤ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە که ساڵی ١٢٦١ی هەتاوی شەهید بوو. هەروەها برازای ناوبراو سەید محەممەد بەرزەنجی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانی خۆی پێشکەشی ڕێگای خەباتی گەلی کورد کردووە.

لە دەستدانی حاجی سەید شەریف بەرزەنجی خسارێکی گەورە بو بۆ گەلی کورد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.