کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتی خوێندكاران لەرێوڕەسمێكدا رێزیان لەرۆژی ١٢ی بانەمەڕ، رۆژی خوێندكاری كورد گرت

23:55 - 12 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: یەكیەتیی خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بەبۆنەی رۆژی خوێندكاری كورد رێوڕەسمێكیان بەبەشداری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات بەڕێوە برد.


بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٢‌ی بانەمەڕ ئەو رێوڕەسمە بەبەشداری ژمارەیەك رێكخراوی خوێندكاریی و میوانانی هێژا بەڕێوە چوو.

رێوڕەسمەكە سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب، و راگرتنی خولێك بێ دەنگی دەستی پێكرد و دواتر بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەو بۆنەیەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.

بەڕێز هیجری لەقسەكانیدا وێڕای ئاماژە بە شەهید بوونی ئیسماعیل شەریف زادە و دیاری كردنی ئەو رۆژە بە ناوی خوێندكاری کوردەوە وتی: رێژیمی پاشایەتی بەشەهید كردنی رۆڵەكانی نەتەوەكەمان دەیهەویست پێش بە سەر هەڵدانی بزووتنەوەكان بگرێ‌و زۆڵم زۆری زیاتر بەسەر خەڵكیدا حاكم بكات، بەڵام كچان و كوڕانی خەباتگێڕی كورد بەو شتانە وەرەیان بەر نەدا و درێژەیان بەخەبات دا.
سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات وتیشی: هەنووكەش رێژیمی ئێران بەبەردەوام لاوان و خوێندكارانی خستۆتە ژێر گوشارەوە و مافەكانی لێ‌زەوت كردوون، بەڵام خوێندكاران و لاوانی چاو نەترسی ئێمە هەتا ئێستا مل كەچی ویست و كردەوەكانی رێژیم نەبوون.
پاشان سروودی هاوڕێ و هاوسەنگەر كە سروودێكی تایبەت بە بزووتنەوەی خوێندكاریی كوردە پێشكەش كرا و دواتر پەیامی یەكیەتیی خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن كەیهان یووسفی، سكرتێری ئەو رێكخراوەیەوە پێشكەش كرا.
یووسفی لە پەیامەكەیدا بە ئاماژە كردن بە كەسایەتی ئیسماعیلی شەریف زادە و رۆڵی لەبووژاندنەوەی خەباتی نەتەوەیی و چالاكییەكانی لە زانكۆ و بزووتنەوەی خوێندكاریدا، شەهید ئیسماعیلی وەكوو رەمزی گرێ دانی ئەمڕۆی بزووتنەوەی خوێندكاری بە رابردووی چالاكڤانانی خوێندكاری كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات زانی.
لەدرێژەی رێوڕەسمەكەدا، فیلمێكی دیكۆمێنتاریی لەسەر رۆژی خوێندكاری كورد و كەسایەتی ئیسماعیلی شەریف زادە بڵاو كرایەوە.
لەناو ئاخنی رێوڕەسمەكەدا سرودێك لەلایەن غولام فاتحی و بەهاوكاری كۆڕی موزیكی حیزبی دێمۆكرات پێشكەش كرا.
هەر لەو پێوەندییەدا چەندین پەیام پێشكەش كران كە بریتی بوون لە:
ـ پەیامی كۆمەڵەی خوێندكارانی رۆژهەڵات لەلایەن كیاڕەش شاهسەوارییەوە خوێندرایەوە
ـ پەیامی یەكیەتیی خوێندكارانی نەتەوەیی كورد لەلایەن رەحمان سەلیمییەوە پێشكەش كرا
ـ پەیامی هاوبەشی یەكیەتییەكانی لاوان و ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، لەلایەن خاتوو مونیر ئەسڵانییەوە خوێندرایەوە