کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دانووستانەکانی ژنێڤی بەجێ هێشت/ دوو لایەن هەواڵی لێک جیاواز بڵاو دەکەنەوە

16:02 - 23 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: دانووستانەکانی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ لە ڤییەن، بەجێ هێشتنی رێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە و دوو لایەنی وتووێژەکە هەواڵی دژبە یەکیان لەو پێوەندییە بڵاو کردووەتەوە.
دانووستانەکانی کارناسانەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٢ لە نێوان رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ لە ڤییەن، پاش چوار رۆژ دانووستان، بە بەجێ هێشتنی ئەم دانیشتنانە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، کۆتایی پێهات.
هەواڵدەریی \'\'مێهر\'\' لەو پێوەندییەدا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، رێژیمی ئێران بەهۆی داسەپاندنی سزای ئابووریی نوێ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، مێزی دانووستانەکانی بەجێ هێشتووە و هاوکات ئەو گەمارۆیانەی بە پێچەوانەی رێککەوتنی ژنێڤ لەقەڵەم داوە و بەهۆکاری سەرەکیی بەجێهێشتنی دانووستانەکان وەسفی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی کاترین ئاشتۆن بەپێچەوانەی قسەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، هۆکاری راگیرانی ئەو دانووستانانەی بۆ \'\'ئاڵۆزیی تەکنیکی\'\' گەڕاندووەتەوە.
بە جێهێشتنی دانووستانەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە رۆژێک پاش گەمارۆی ١٤ شیرکەت و کەسی سەر بەو رێژیمە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢١ی سەرماوەز هاتە ئاراوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو کەس و شیرکەتانەی بەهۆی دەور لێدانی گەمارۆکان گەڕاندووەتەوە و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە: پێشتر رێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئەو رێژیمە لەو گەمارۆیانە ئاگادار بوون.
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لەو پێوەندییەدا وتی: \'\'بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئەو گەمارۆیانە پێشتر دژی رێژیمی ئێران پەسندکراون و هەروەها رێژیمی ئێرانیش لەو مەسەلەیە ئاگادار بووە، زیاد کردنی ئەو ناو و شیرکەتانە بە گەمارۆکان، لەدژی رێککەوتنی ژنێڤ نییە\'\'.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە ٢١ی سەرماوەز، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، کە گەمارۆکان لەدژی رێژیمی ئێران بەردەوام دەبێت.