کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ بەهای دەوا و دەرمان لە ماوەی ٨ ساڵدا سێ هێندە زیادی کردووە

20:16 - 26 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: دوو ناوەندی بڵاوکەرەوەی ئامار لە دوو راپۆرتی دژوازە و ناتەبادا، رەوتی زیادبوونی بەهای دەوا و دەرمانیان لە ئێراندا لە ماوەی ٦ ساڵ، دوو هێندە راگەیاندووە.
ناوەندی ئاماری ئێران و بانکی ناوەندیی ئەو رێژیمە کە دوو ناوەندی بڵاوکەرەوەی ئامارن، سەبارەت بە رێژەی زیادبوونی بەهای دەوا و دەرمان، رایانگەیاندووە: بەهای دەوا و دەرمان لە دۆخێکی نالەبار دایە و تێچووی زۆری دەرمانی نەخۆشەکان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیاد بوونە.
بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی رێژیم، لە ماوەی ساڵانی ١٣٨٤ هەتا ١٣٩٠ی هەتاویدا، نرخی دەوا و دەرمان لە ئێران دوو قات زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری رێژیم لەگەڵ ئامار و رەقەمەکانی بانکی ناەوەندی ناتەبایە و بەپێی ئەو ناوەندە نرخی دەوا و دەرمان لەو ماوەیەدا لەسەدا ٩٧ زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە هۆی داسەپاندنی سزای ئابووریی توند بەسەر ئێراندا، نرخی دەوا و دەرمان لەسەدا ٨٠ زیادی کردووە.
رەوتی زیادبوونی نرخی دەوا و دەرمان لە ئێران لە بەرزبوونەوە دایە و بەپێی نوێترین ئامارەکان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو نرخی دەوا و دەرمان ٤٠% هەتا ٩٠% بەرز بۆتەوە کە ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە هاووڵاتیان بۆ کڕینی دەوا و دەرمانەکانیان پارەیەکی زۆر خەرج بکەن.
ئامار و داتا تۆمارکراوەکان لە بواری نەخۆشییە تایبەتییەکان و ئەو نەخۆشییانەی کە بە دژواری چارەسەر دەکرێن، زیاتر لە داتا بڵاوکراوەکانە.