کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ گیرۆدەبوونی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ بە ماددە سڕکەرەکان ساڵانە ١٠% زیاد دەبێت

20:23 - 3 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە نێو منداڵانی ژێر ١٨ ساڵی ئێرانی لە ماوەی ١٠ ساڵدا دوو قات زیادی کردووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە گوێرەی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەکە لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٨١ هەتا ٩٠ی هەتاوی ئەنجام دراون، تووشبوون بە ماددەی سڕکەر لە نێو منداڵانی تەمەن‌ ژێر ١٨ ساڵ لە ئێراندا ١٠٠% زیادی کردووە.

بە سەرنجدان بە پەرەسەندنی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا هەنووکە زیاتر لەسەدا ٩٠ی خەڵکی ئەو وڵاتە لە تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان ترس و دڵەڕاوکەیان هەیە.

هەنووکە ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ١٩ ساڵ دایە، لەسەدا ٣ی حەشیمەتی ١میلیۆن و نیویی گیرۆدەبوان بە ماددە سڕکەر پێک دێنێت.

تەمەنی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بۆ ژێر تەمەن ٢٠ ساڵ لە قوتابخانەکان دابەزیوە و لەسەدا ٤ی قوتابیانی ئێرانی پێشینەی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەری جۆری شیشەیان هەیە و هەنووکە لەسەدا ١،١% ئەو قوتابیانە شیشە بەکار دێنن.

هەرلەو پێوەندییەدا لە ماوەی ٧ساڵی رابردوودا رێژەی ژنانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان نیسبەت بە پیاوان دوو قات زیاتر بووە و ئەو رەوتەش بەردەوام رووی لە زیادبوون دایە.

بە پشت‌ بەستن بە ئامارە فەرمییەکانی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی نزیکەی لەسەدا ٥ی گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان ژنان پێکی دێنن، بەڵام هەنووکە ئەو رەقەمە لەسەدا ١٠ زیاتر بووە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا ژمارەی ژنانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێران دوو قات زیادی کردووە.

بەپێی دوایین ئامارەکان ١ میلیۆن و ٣٢٥ هەزار هاووڵاتی لە ئێران ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن کە لەو رێژەیە ٧٠٠ هەزار کەسیان بۆ رابواردن ئەو ماددە بەکار دێنن.

لە ئامارێکی ناتەبا لەگەڵ ئاماری رێژیمدا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بەکارهێنەرانی ماددە سڕکەرەکانی ١ میلیۆن و ٣٥٠ هەزار کەس راگەیاند و وتوویەتی: ٥ میلیۆن ئێرانی تەنیا بۆ رابواردن ئەو ماددەیە بەکار دێنن و بەو ماددەیە گیرۆدە نین.

لە کوردستانی ئێراندا بە شێوەی روون بڵاوکردنەوەی ماددە سڕکەرەکان بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە داڕێژراو لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی رێژیم ئەنجام دەدرێت.