کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەسێكی ئێرانی بەتاوانی پیلانی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لەئەمریكا، ٢٥ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

15:45 - 10 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: مەنسوور ئەرباب سیر هاووڵاتیی ئێرانی، بەتاوانی داڕشتنی پیلانی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لەئەمریكا، لەلایەن دەزگای قەزایی نیویۆركەوە بە ٢٥ ساڵ زیندان حوكم درا.
ئەرباب سیر مانگی رەزبەری ساڵی پێشوو بەتاوانی هەوڵدان بۆ تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لەلایەن پۆلیسی ئەمریكاوە دەسبەسەر كرا و لەئەنجامدا لەلایەن دەزای قەزایی ئەمریكاوە زیندانی بۆ بڕایەوە.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوە، كاتێك كە ئەو هاووڵاتییە ئێرانیە دەسبەسەر كرا، دادستانی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكان راگەیاندبوو، ئەرباب سیر لەدەست و پێوەندییەكانی سپای قودسی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.
حكوومەتی ئەمریكا هاوكات كەسێكی دیكەی ئێرانیشی بەناوی غولام شەكوری كە دواتر دەركەوت ئەندامی سپای قودسە، بە تاوانبار لەپێوەندیی تێروری باڵوێزی عەرەبستان زانی.

هەر لەو پێوەندییەدا حكوومەتی ئەمریكا و كانادا پێنج كەسی ئێرانی لەپێوەندیی پیلانی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لەئەمریكا خستە لیستەی گەمارۆکانیانەوە.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەپەرچەكردارێكدا رایگەیاندبوو، مەنسوور ئەرباب سیر هیچ پێوەندییەكی بەئێمەوە نیە.
ئەوە لەحاڵێكدایە كە ئەرباب سیر دانی بەتاوانەكەیدا ناوە.