کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئێران مێزی وتووێژەکەی لە ژنێڤ بەجێ هێشت

20:47 - 20 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئێران بەرپرسیارە لە رێککنەکەوتنی ژنێڤ بەو هۆیە کە نوێنەرانی ئەو وڵاتە مێزی دانووستانەکانیان بەجێ هێشت.
رادیۆ فەڕانسە لە زاری \'\'جان کێری\'\'یـەوە بڵاوی کردووەتەوە: هیوادارین لە مانگی داهاتوودا بگەینە رێککەوتنێک کە پەسندی هەموو لایەک بێت.
ناوبراو لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا کەلە ئەبووزەبی پایتەختی ئیماراتی عەرەبی بەڕێوەچووە، وتوویەتی: رۆژی شەممە گرووپی پێنج زێدە یەک بە شێوەیەکی یەکگرتوو پێشنیاری خۆی خستە بەردەم ئێران، بەڵام ئێران ئەو پێشنیارانەی قەبووڵ نەکرد و هەتا ئیستاش بەرپرسانی ئێران ئامادەی پەژراندنی ئەو پێشنیارانە نین.
لەلایەکی دیکەوە حەسەن رووحانی سەرکۆماری ئێران پیتاندنی ئورانیۆمی لەو وڵاتەدا بە هێڵی سوور ناوبردووە و لەو پێوەندییەشدا جان کێری وتوویەتی: هیچ وڵاتێک مافی لەپێشدا دیاریکراوی بۆ پیتاندنی ئورانیۆم نییە.
هەروەها وەزیری کاروباری ئەمریکا بە نیسبەتی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران وێڕای ئاماژە بە فامکردنی نیگەرانییەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل وتوویەتی: لە ئەگەری وەها رێککەوتنێکی کە دوورە لە چاوەڕوانیی ئیسراییل، ئەو وڵاتە لە هەڕەشەی ئێران پارێزراو دەبێت.
ناوبراو وتی: ئەوەی ئێمە دەیکەین بە شێوەیەکی کاریگەرتر ئیسراییل لە هەرەشەی ئێران دەپارێزێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: گەمارۆکانی لە دژی ئێران بە مەبەستی راکێشانی ئیران بۆسەر مێزی دانووستان سەربارەت بە بەرنامە ناوکییەکەیەتی.
هاوکات دان شاپیرۆ باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسراییل لەهەمبەر نیگەرانیی بیروڕای گشتی بە نیسبەت رێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران رایگەیاند: واشینگتۆن هەرگیز ئیزنی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی نییە.