کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەمی ئارد لەكوردستانی رۆژهەڵات / رەوانە كردنی ١٠٠ هەزار تۆن ئارد بۆ رێژیمی سووریە

16:19 - 17 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەحاڵێكدا كە ژمارەیەك لەشارەكانی ئێران و پارێزگای كوردستان بەتایبەت بەدەست كەمی و نەبوونی ئاردەوە دەناڵێنن، رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەد هەزار تۆن ئاردی بۆ رێژیمی بەشار ئەسەد ناردووە.
هەنووكە هاووڵاتیانی شاری دێگولان لەپارێزگای كوردستان بەدەست بێ‌ئاردێیەوە دەناڵێنن و ئەو مەسەڵەیە كێشەیەكی زۆر جیدی بۆ دانیشتوانی ئەو شارە دروست كردووە.
هاووڵاتییانی ئەو شارە بۆ وەرگرتنی چەند دانە نان پێویستە بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لەسەفە دوور و درێژەكانی نانەواخانەكاندا رابوەستن و ئەو كەمی ئاردە دڵەڕاوكێی لای هاووڵاتیان دروست كردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا شارەكانی ئەراك، شاهروود، گەرمی و بەهارستانیش لە ئێران لەكەمی ئارد و ئەو كێشەیە بێبەری نەبوونە.

كەمی ئارد لەپارێزگای كوردستان و شوێنەكانی دیكەی ئێران لەحاڵێكدایە كە هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردۆتەوە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی دابین كردنی نانی چەكدارەكانی رێژیمی سووریە سەد هەزار تۆن ئاردی رەوانەی ئەو وڵاتە كردووە.

وائێل ئەلحەقی سەرۆك وەزیری سووریەش ئەو هەواڵەی پشت راست كردۆتەوە.