کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی نوێی گەل و ئەرکە هەنووکەییەکان!

11:19 - 2 رەزبەر 2722

عەلی بداغی

ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بۆ بەگژداچوونەوەی سیاسەتە داپڵۆسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی حەوتوویەکە دەستی پێ کردوە.

ئەو ڕاپەڕینە کە لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و دواجار بە پشتیوانیی زۆر حیزب و کەسایەتی و لایەنی سیاسی و فەرهەنگی و هونەریی دیکە، بە مانگرتنی گشتی بۆ مەحکومکردنی جینایەتێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی -کوشتنی ژینا ئەمینی- دەستی پێ کرد، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لە مانگرتنەوە گەیشتە ڕاپەڕین. هەروەها دروشمەکانیش زۆر زوو لە "ژن، ژیان، ئازادی"ی تێپەڕین و تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج، واتە ڕاستە کە کوشتنی ژینا و پرسی ژن و ماف و ئازادییەکانی تەوەر و پێکهێنەری جووڵانەکەوە بوون، بەڵام دەمودەست ناڕەزایەتییەکان و ڕاپەڕینەکە شوناسێکی تەواو سیاسی و گشتیی لەدژی کۆماری ئیسلامی وەرگرت.

ئەو ڕاپەڕینە کە ئەمڕۆ پێی نایە شەشەمین ڕۆژی خۆیەوە، زۆر زوو پەلی بۆ زۆر شوێن و ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان لە ئێران هاویشت، لە تەورێزەوە تا تاران، لە ئامولەوە هەتا ڕەفسەنجان، لە ڕەشتەوە هەتا زاهیدان و بە گشتی هەتا ئەمڕۆ گەیوەتە ٨٨ شاری ٣٠ پارێزگای وڵات.

ئەم ڕاپەڕینە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییشدا دەنگدانەوەی زۆری بووە و پشتیوانیی زۆر لایەنی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. لە ناوبردن لە ژینا (مەهسا) ئەمینی و پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئیران لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زمان گابریەل بۆریک، سەرۆکۆماری وڵاتی شیلی‌‌ڕا بگرە، تا دەگاتە هەڵواسینی وێنەی ژینا لە دەروازەی "براندنبێرگ گەیت"ی بەرلینی ئالمان و شەکانەوەی وێنەکەی لە سەر باڵەخانەی شارەوانیی "سۆن ئێ لواغ"ی فەڕانسە. لە وتاری توندی ئانالینا بایربوک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە بەردەم ڕەییسی لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بگرە، تا دەگاتە ماکڕۆن، سەرۆک‌کۆماری فەڕانسە کە دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی پشتیوانیی خۆی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و مافی ڕەوای خەڵکی ئەم وڵاتە دەربڕی. جۆ بایدەن، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا؛ "جاستین ترودو"، سەرۆک‌وەزیرانی کانادا؛ ئۆلاف شولتس"، سەدری‌ئەعزەمی ئاڵمان؛ "مێلانی ژولی"، وەزیری دەرەوەی کانادا، "نێدا ئەلنەشیف"، سەرۆکی کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوام چامسکی فیسلووفی ناوداری ئەمریکا، چەند ناوێکی دیکە لە ڕێبەرانی وڵاتانی خاوەن‌بڕیاری جیهان و کەسایەتییە شوێندانەرەکان لەسەر بیروڕای گشتیی جیهانن کە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کردوە و پشتیوانیی خۆیان لە نارەزایەتییەکان دەربڕیوە.

سەرنجڕاکێش ئەوە کە ڕێک لە کاتێکدا و لە ڕۆژێکدا کە برایم ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیم لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وێنەی قاسم سولەیمانیی بەرز کردبۆوە، لە شاری کرمان، شارەکەی سولەیمانی، وێنە و بنێری ئەو جەللاد و پیاوکوژەی ڕێژیم کە ئێستا یەکێک لە سیمبولەکانی کۆماری ئیسلامییە، لەلایەن خەڵکی شارەکە و بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی کوردستان و بەگژداچوونەوەی هەیمەنەی ڕێژیم ئاگری تێ‌بەردرا.

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان کە ئیدی ئێستا پێناسەی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی وەرگرتوە، بە زۆر پێوەر لە سەرهەڵدانەکانی پێشوو جیا دەکرێتەوە و دەتوانێ ببێتە خاڵگۆڕانێکی مێژوویی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی:

یەکەم، کوردستان لە هەموو ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زۆرترین قوربانیی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم، خەبات لەپێناو ئازادی و دێموکراسی بۆ ئێران و مافە نەتەوایەتییەکانی خۆی داوە. زۆرترین سەرکوت و کوشتوبڕ، تێرۆری ڕێبەران و تێکۆشەرانی حیزب و ئێعدامی بەندکراوە سیاسییەکان، سیاسەتی پەراوێزخستنی ئابووری و شەڕی نەرم بۆ تواندنەوەی زمان و شوناسی نەتەوەیی، بەشێکی کەم لە پشکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان بووە. بەڵام ئەمە یەکەم‌جارە کە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی کورد خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران دێنێتە سەر خەت و پشتیوانیی ئەوان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. ئەو هاوپەیوەندییە کە لە هاوخەمی، تێگەیشتنی قووڵ و نوێ لە هاوچارەنووسی و، پێویستیی هاوخەباتییەوە سەرچاوە دەگرێ؛ دەبێ بەرز بنرخێندرێ و ببێتە هەوێنی زۆر پلان و بەرنامەی سیاسی بۆ بەردەوامیی هاوخەباتی لە داهاتووشدا. کوردستان ئیدی بەتەنیا نییە و ئەو تێگەیشتنە زۆر بەهێز بووە کە بۆ کۆتایی‌هێنان بە تەمەنی ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی و چێ‌کردنی وڵاتێکی دێموکراتیک کە دەستەبەری مافی نەتەوەیی هەموو جۆراوجۆرییەکان بکا؛ ئەشێ هەمووان دەست بدەنە دەستی یەکتری و دەرفەتەکان لەکیس نەدەن.

دووهەم، پێچەوانەی سێ سەرهەڵدانی گەورەی پێنج ساڵی ڕابردوو، واتە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و هاوینی ١٤٠٠ کە بزوێنەرەکەی "پرسی ئابووری" و "خەمی نان" و "بێ‌ئاوی" بوون، ئەمجارەیان ئەوە "ماف" و "کەرامەت"ی مرۆییە کە پێشێلکردنەکەی خەڵکی هێناوەتە سەر شەقام. سەرەتاییترین ئاکامگیری لەو فاکتەرە ئەمەیە کە کێشەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی بەولاوەتر لە قەیرانی ئابوورییە و تەنانەت چارەسەری قەیران‌گەلی ئابووریش دادی ڕێژیم نادا، چونکی خەڵک ئیدی ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەناسن و دەیانەوێ و بۆ دەستەبەری ئەو مافانەش هاتوونەتە مەیدان و ئامادەن هەموو تێچوویەکیشی بۆ بدەن.

سێهەم، هێزی سەرەکیی ئەو ڕاپەڕینە لاوانن. لاوانی لەدایکبووی دەیەی ٧٠ و ٨٠ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک و تەرخانکردنی هەموو ئیمکاناتی ڕەق‌ئامێری و نەرم‌ئامێریی خۆیەوە هەوڵی داوە بەقەولی خۆی "ئەرزیشی" و "مەکتەبی"یان بار بێنی هەتا پارێزەری ئەو نیزامە سیاسییە بن. بەڵام هەر ئەو نەوە لاوە مافخوازە هەڵگری توخم و شوناسێکی تەواو جیاوازە و ئێستا بە بوێریی کەم‌وێنەوە خوازیاری "ڕووخاندن"ی ئەو ڕێژیمەن و بەکردەوەش هاتوونەتە مەیدان. لەو نێوەشدا ژنان کە چەوساندنەوە و بێ‌مافکردنیان چەقی سیاسەتە ئیدئۆلۆژیکییەکانی ڕێژیم بووە، نەک هەر ڕۆڵی دیار و دیاریکەریان هەیە، بەڵکوو پێشەنگ و ڕچەشکێنیشن.

ئێستا ئەرکە هەنووکەییەکان چین؟

پێش هەموو شتێک بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان. لە ئێستادا هەموو پێوەرەکان بۆ وەڕێخستنی شۆڕشێکی سەرانسەری بۆ ڕووخانی رێژیم ئامادەن، بۆیە لە کوردستان پێویستە ناوەندی هاوکاری و هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان هەم یەکگر و یەک‌گوتار بن، هەم لە دوو بەرەدا هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە: یەکەم، گەیاندنی دەنگ و پەیامی ڕاپەڕین بە ناوەندەکانی بڕیار لە جیهان و؛ دووهەم، بەپڕۆژەکردنی پێوەندی و هاوخەباتیی کورد لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی هاوخەبات و هاوچارەنووس لە ئێراندا. ئەو ڕاپەڕینە ئەگەرچی هەتا ئێستا زۆر باش ڕێگا و ئامانجەکانی خۆی بڕیوە، بەڵام سەرکەوتنی کۆتایی لەگرەوی دروست‌بوونی ڕێبەری و گرتنەدەستی جڵەوی ڕاپەڕین بەهۆی ئەم ڕێبەرییەوەیە.

شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ "هەر گەلێک ئازادیی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات"، ئەمڕۆ هەموو کوردستان ئامادەیە بۆ خەبات لەپێناو ئازادی و دانی ئەو نرخە، تەنانەت ئەگەر بەخشینی ڕوح و گیانیشیان بێت.