
ئاگری شوناس و خۆڵەمێشی متمانە
ئازاد مستۆفی
دوابەدوای گیانلەدەستدانی سێ چالاکی ژینگەپارێزی خۆبەخش، شەهیدان حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نەژاد و خەبات ئەمینی، وێڕای کووژاندنەوەی ئاگری بەئەنقەست لە چیای ئاویەری شاری سنە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و هاوسۆزی لە نێو خەڵکدا سەری هەڵدا. درووشمەکانی "داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی"، "ژین و ژینگەی کوردستان، سووتاوی دەستی ئێران" و "هەتا کوردێک بمێنێ کوردستانیش دەمێنێ" زیاترن لە ناڕەزایەتییەکی ژینگەیی؛ ئەوانە ڕەنگدانەوەی دابڕانێکی قووڵی شوناس لە نێوان خەڵک و بەتایبەت نەوەی گەنجی کوردن لەگەڵ حکوومەتدا. لە ئێراندا شوناسی نەتەوەیی لە مێژە بە ناکۆکی لەگەڵ ناسنامەی نەتەوە غەیرە فارسەکان پێناسە کراوە بەڵام لە نێو ئەم نەتەوانەدا شوناسی کورد جێگەی تایبەتی خۆی هەیە. مێژووی خۆڕاگری، زمان و کولتووری سەربەخۆ، هەڵاواردنی پێکهاتەیی، پەیوەندییە هاوسنوورییەکان، هەموویان بەشداربوون لە بەهێزکردنی ئەم شوناسە قووڵ و خۆڕاگرانەی نێو کورد. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن ئەکادیمیستەکانەوە ئەنجام دراون، گەنجانی کورد لە هەموو بەشەکانی شارەکانی کوردستان، تەنانەت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانیبوون و میدیای نێودەوڵەتی و خوێندن لە زانکۆشدا، شوناسی کوردستانی وەپێش شوناسی ئێرانی دەزانن. ئێستە لە ژێر ڕۆشنایی ڕووداوەکانی ئەم دواییە و بە تایبەتیش گیانلەدەستدانی خۆبەخشەکان لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگرێک لە ئاویەری سنە، ئەم بۆشاییە شوناسە فۆرمێکی بابەتیتری وەرگرتووە.
ناسنامەی کورد و بێمتمانەیی مێژوویی بە حکوومەتی ناوەندی
شوناسی کورد بۆ خەڵکی کوردستان، تەنیا پەیوەندییەکی ڕەگەزی نیە بەڵکوو بنیاتێکی مێژوویی-سیاسییە کە بە چەندین سەدەی چەوساندنەوە و خۆڕاگری و ئایدیالیزم خۆی دیتووەتەوە و لە قاڵب دراوە. گەنجانی کورد بە لەبەرکردنی جلوبەرگی جۆراوجۆری کوردی و پاراستنی زمانی دایکی و گۆڕینی مەراسیمی وەکو نەورۆز بۆ شوناسخوازیی قەڵەمڕەوی کوردستان، ئەم شوناسە بەرهەم دەهێننەوە. بەڵام ئەم وەچەخستنەوەیە تەنیا کولتووری نییە بەڵکو بارگرانییەکی گەورەی سیاسی و بەرخۆدان لە بەرامبەر داگیرکاریدا هەڵدەگرێت. بەتایبەت لەو درووشمانەی کە ئاماژەن بۆ دابڕانێکی تەواو لە چەمکی "ئێران" وەک دەوڵەت- نەتەوەی باڵادەست: "هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ".
لەم درووشمەدا کوردستان نەک وەک پارێزگا یان هەرێمێک بەڵکوو وەک یەکەیەکی سیاسی و شوناسێکی سەربەخۆ لەپاڵ تاکی کورد پێناسە دەکرێت. شوناسی کورد بووەتە کیانێکی خۆڕاگر و ڕێگری لە بەرامبەر گۆڕانی کولتووری. ڕووداوەکەی ئەم دواییەی ئاگرکووژێنەوە لە ئاویەر لە کاتێکدا بوو کە بەپێی لێدوان و تێبینییە گشتییەکان، حکوومەتی ناوەندی ماوەی ١٨ ساڵە هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەمجۆرە ڕووداوە نەخوازروانە، نەناوە و وەڵامی سکاڵاکانی ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان بۆ دامودەزگەی حکوومی ناداتەوە. لەو چوارچێوەیەدا خەڵک نەک هەر وەک بێباکانە، بەڵکو وەک فاکتەری وێرانکەر وێنایان دەکرد: "ژین و ژینگەی کوردستان سووتاوی دەستی ئێران".
شیکاری گوتاری بۆ ئەم درووشمە، ئێران نەک وەک وڵاتێک بەڵکو وەک ئەکتەرێکی دوژمنکارانە دژی بوونی کورد دەناسێنێت. ئەم بێمتمانەییە مێژووییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە چەندین ڕووداوی وەک تیرۆر و کوشتن و دەربەدەری و زیندانیکردنی سەرکردە سیاسی و مەدەنی و ئایینییەکان و هەروەها کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ناوەندی تاران و سیاسەتە سەپێنراوە پەروەردەییەکاندا هەیە، لەم جۆرە ساتانەدا دەگاتە خاڵی کوڵان و لە شێوەی درووشمی بەکۆمەڵدا دەتەقێتەوە. لە سەرانسەری جیهاندا زۆرجار بزووتنەوە ژینگەییەکان وەک باننەتەوەیی "فراملی" و بێلایەن پێشکەش دەکرێن. بەڵام لەکوردستان کە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەکەی بۆ کێڵگەی کشتوکاڵیی دەرەوەی کوردستان بەفیڕۆ دەدرێ و بەرهەمی کانگاکانی زێڕیش کۆڵبەریی لاوانی دەرچووی زانکۆکانە؛ بەرگریکردن لە سرووشت و شاخ و دارستان و ئاو تەنها بەشێک نییە لە بەرگریکردن لە ژیانی ڕۆژانە بەڵکو بە قووڵی پەیوەستە بە شوناسی کوردایەتی و مێژووی کوردستانەوە. بۆ خەڵکی سنە چیای ئاویەر تەنیا ژینگەیەکی سرووشتی نییە، هێمای ئیکۆلۆژیای نێوخۆیی و کولتوور و یادەوەری گشتییە، نۆستالۆژییەکە لە بیروزەینی خەڵکدا.
کاتێک وەها ژینگەیەک بەئەنقەست دەسووتێ و دەکرێتە ئامانج و هێزە فەرمییەکانی حکوومەت هیچ هەنگاوێک نانێن یاخود تۆمەتبارن بە کەمتەرخەمی ئیتر لەناوبردنی سرووشت وەک هێرشکردنە سەر شوناس لێکدەدرێتەوە. لێرەدایە کە درووشمی "داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی" دوو مانا وەردەگرێت؛ داگیرکاریی تەنها پەیوەندی بە خاکەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە لەناوبردنی ڕۆح و بوون و یادەوەرییەکانیشمانەوە هەیە.
شیکارییەکی ورد بۆ درووشمەکانی ئەم دواییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نەتەوەی کورد نەک هەر خۆی لە "ئێران" دوور خستووەتەوە بەڵکو وەک دەستدرێژکار و بکوژ و هۆکاری وێرانیش دەیخاتەڕوو. زمانی ئەم درووشمانە ڕادیکاڵە بەڵام لە ئەزموونێکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت: "داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی"، "ژیانی ژێردەستیم ناوێ، دەوڵەتی کوردیم دەوێ". ئەم قسانە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی چۆنایەتییە لە زمانی سیاسی خەڵکدا. پێشتر بەشێک لە پێکهاتەی کوردی داوای چاکسازی یان بەشداریکردن لە پێکهاتەی نەتەوەیی دەکرد بەڵام ئێستە درووشمەکان جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی تەواو و جیایی شوناس و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکەن. ئەم زمانە هێمای نەبوونی متمانەی تەواوەتییە بە پڕۆژەی "نەتەوەیی- ئێرانی".
میدیا و نوێنەرایەتیی بەرخۆدان
لە پشکنینی شوناسی کورددا، تەلەفزیۆنی ئاسمانی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لاپەڕە ئینتەرنێتییەکانی شار و ناوچەکانی کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەرەپێدان و تۆمارکردن و دووبارە بووژاننەوەی درووشمی ناڕەزایەتی. نەوەی گەنجی کورد زیاتر لە جاران پەیوەندی بە میدیا نێوخۆییەکانەوە پچڕاندوە. گێڕانەوەی ناڕەزایەتی و لەدەستدانی ژیان و سووتاندنی بە ئەنقەست، نەک لە ڕێگەی میدیای فەرمییەوە بەڵکو لە ڕێگەی کەناڵە جەماوەرییەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. هەروەها ئەم دیاردەیە بۆشایی گێڕانەوەی گەورەتر کردووە و بووەتە هۆی بنیاتنانەوەی شوناسێکی بەرخۆدانئاڕاستە.
لە ماوەی ڕابردوودا و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لە کوردستان ڕوویانداوە، سەلمێنراوە کە گەنجانی کورد شانازیی بە شوناسی کوردایەتی خۆیانەوە دەکەن و ئەوەی ئێستە لە درووشمەکانی سەر شەقامەکاندا دەبینرێت، بەزاندنی هێڵ لە سەربەرزییەوەیە بۆ داواکاری سیاسی. نەوەی نوێ نەک هەر ناسنامەی کولتووری خۆی پاراستووە بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ داواکردنی چارەنووسی خۆنووسین و دادپەروەری کەشوهەوا و مافە سیاسییەکانیش دەیبینێت. لە کاتی ئاهەنگی نەورۆزدا گەنجان بە جلوبەرگی پێشمەرگە و بە"جەمانە"وە نەک هەر هێمای نەریتی کوردەواری بەڵکو هەڵگری پەیامێکی ڕوونیش بوون: ئێمە چیتر لە چوارچێوەی ئێراندا پێناسە ناکرێین.
ڕووداوی ئەم دواییەی شاری سنە و گیانلەدەستدانی خۆبەخشانی ژینگەپارێز، بۆ نموونە "چیاکۆ" کە ناوەکەی هەر لەو باڵاکوردانەکەی دەکاڵایەوە و ئەو جلە پێشمەرگانەی لەبەری کردبوو، وەرزشوانێکی خاوەن میدالیا کە ملوانکەیەکی گەورەی نەخشەی کوردستانی لەملدا بوو؛ نەک هەر ڕووداوێکی ژینگەیی بەڵکوو ناسنامە و پچڕانێکی سیاسی لە کایەی گشتی کوردستاندا ئاشکرا کرد. ئەو درووشمانەی کە دەدرا تەنیا لاواننەوەی گیانبەختکردووان نەبوو بەڵکو بەیاننامەیەکی شوناسی-سیاسیش لە دژی باڵادەستی و ستەم و ستەمکاری بوون. بەدواداچوونێک بۆ ئەم پێشهاتانە دەریدەخات کەلێنی نێوان شوناسی کورد و شوناسی ئێرانی، بەتایبەتی لە نێو گەنجاندا، هەتا دێت و بە ڕوونی دەبێتە گوتارێکی سەربەخۆ. گوتارێک کە قەڵەمڕەوی نیشتمان و خاکەکەی بە هۆشیاری سیاسی نۆژەن و ئاوەدان دەکاتەوە. شوناسی کوردبوون و کوردستانی، ئیتر تەنیا شوناسێکی "هاووڵاتی-کولتووری"، یان وەک تۆتالیتارەکانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن، شوناسێکی "قەومی" نییە؛ خۆڕاگرییە بەرامبەر بە سەرکوتکردن و زەلیلکردن و نەهێشتنی نەتەوەیەک کە خۆی بە خاوەنی دەسەڵاتدارێتیی داهاتووی سیاسەت لە ناوچەکەدا دەزانێت.