کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکوت و ترساندنی خەڵک بە بیانووی "سیخوڕیکردن و پشتیوانیکردن لە مووساد"

17:58 - 18 گەلاوێژ 2725

وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ٢٠ کەسی بە "سیخوڕی و پشتیوانی لە مووساد" تۆمەتبار کردووە کە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل دەسبەسەر کرابوون، و وتی ئەو کەسانە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە تاران و پارێزگاکانی دیکە دەسبەسەر کراون و کار لەسەر دۆسییەکانیان دەکرێت.

ئەسغەر جەهانگیر لە دانیشتنی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ ڕایگەیاند، خێرا ئەو کەسانە دۆسییەیان بۆ دروست کراوە و کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام وردەکارییەکانی وەک ناسنامە و شوێنی ڕاگیرانیانی نەخستووەتە ڕوو.

سەبارەت بە دۆسییەی ئەو کەسانەی کە پێش دەستپێکردنی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون، ئاماژەی بەوەش کرد، هێندێکیان لە دانپێدانانەکانیاندا باسیان لە ڕۆڵ و ئەرکەکانی پەیوەندیداربە شەڕەکە کردووە و بە شێوەیەکی یاسایی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا کراوە، هێندێکی تریش دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتەکانیان گۆڕدراون یان لەسەریان لاچووە.

ناوبراو لە درێژەدا بەشێوەی هەڕەشەئامێز ڕایگەیاند: سیستمی دادوەری لە هەڵسوکەوت لەگەڵ سیخوڕ و دەستوپێوەندییەکانی ئیسرائیل "هیچ ڕەحمێکی نییە" و دەرکردنی سزای توند بۆیان دەبێتە "وانەیەکی مێژوویی".

ئەو قسانەی جەهانگیر جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی دەسبەسەرکراوان و بەکارهێنانی تۆمەتی "سیخوڕی" وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەگران و چالاکانی سیاسی بەرز دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە هەڕەشەی دەرکردنی "حوکمی یەکلاکەرەوە" و "وانەیەکی مێژوویی" دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ دەرکردنی سزای توندی وەک لەسێدارەدان یان سزای توندی دیکە کە مافی تۆمەتباران پشتگوێ دەخات و بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ سەرکوتکردنی نەیاران و چالاکانی سیاسی کەڵک وەردەگیرێت.

لەم جۆرە بارودۆخانەدا هیچ گەرەنتییەک بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە نییە، بەتایبەتی لەو حاڵەتانەی کە تۆمەتباران تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

چیگەی ئاماژەیە کە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ، موحسێنی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە زیاتر لە دوو هەزار کەس لە شارەکانی ئێران لە کاتی ڕووداوەکانی دوای شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەسبەسەر کراون.