کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕی ئۆیل پڕایس: گوشارەکانی ترامپ ٣٣ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی لەسەر ئاوەکان ڕاگرتووە

18:00 - 18 گەلاوێژ 2725

ماڵپەڕی "ئۆیل پڕایس"، باسی لە نەبوونی مەیلی چینییەکان بە کڕینی نەوتی ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە کە بەم هۆیەوە زیاتر لە ٣٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەسەر ئاوەکانی نزیک وڵاتی مالێزی بمێنێتەوە.
ئۆیل پڕایس ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کەمبوونەوەی حەزی پاڵاوگە چینییەکان بۆ کڕینی نەوتی ئێران پاش گەمارۆکانی دەوڵەتی ترامپ کردووە و نووسیوویەتی: "سەرەڕای ئەوەی کە نەوتی ئێران بە داشکاندنێکی بەرچاو مامەڵەی پی دەکرێت، بەڵام بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە چیدیکە چینییەکان ناخاتە تەماعەوە".
ئەم ماڵپەڕە گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکای بۆ کۆشکی سپی و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ کردنەئامانجی داهاتە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە هۆکاری نەکڕینی نەوتی ئێران لەلایەن پاڵاوگە چینییەکانەوە ڕاگەیاندووە و جەختیشی کردووەتەوە کە، ترامپ سەرەتا سزاکانی بەرەوڕووی پاڵاوگە بچووکەکانی ناسراو بە "تیپات" یان "قۆری"ـیەکان کردووەتەوە و پاشان بۆ ئۆپێراتۆرە بەندەرییەکان و کۆمپانییە مامناوەندەکانی چین کە لەگەڵ نەوتی ئێران گرێدراوییان هەبووە، بەربڵاوی کردووەتەوە.
ئەم سەرچاوە زیادیشی کردووە کە ترامپ بە گەمارۆ خستنەسەر زیاتر لە ٤٠٠ نەوتهەڵگر، ٥٠ کەس و ٢٠ کۆمپانی کە پێوەندییان بە فرۆشی نەوتی ئێرانەوە هەبووە، گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە شێویەکی بێوێنە چڕتر کردووەتەوە و تەنانەت گوشاری زۆر زیاتریش لە ڕێگەدایە.
نووسەری ڕاپۆرتەکەی ئۆیل پڕایس بە پشتبەستن بە داتاکانی "کێپلێر"، نووسیویەتی: "ئەو نەوتە خاوەی ئێران کە لە نەوتهەڵگرەکاندا پاشەکەوت دەکرا، لە ٩ میلیۆن بەرمیل لە مانگی ژانویە، بۆ ٣٣ میلیۆن بەرمیل لە مانگی ئاگۆستدا بەرز بووەتەوە کە زیاترین ئاستە لە پاش سالی ٢٠٢٠ی زایینییەوە".
لە ڕاپۆرتەکەدا چڕبوونەوەی گوشارە جیۆپۆلەتیکەکان وەک هۆکاری پێداچوونەوەی چین بە ستراتێژییەکانی بۆ دابینکردنی نەوتی خاو، ناوی لی براوە.
هەروەها ئۆیل پڕایس بڕیاڕی کۆماری ئیسلامیی بۆ لەنگەرگرتنی ئەو بڕە نەوتە لە ئاوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای بە دەرخەری هەڵسەنگاندنە ئەمنییەتییەکانی تاران لە قەڵەم داوە کە هۆکارەکەی شەڕی ١٢ ڕۆژە بووە و ئەم نەوتە لە کەناراوەکانی ئێران دوور خراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕاگرتنی ئەم بڕە نەوتە لەسەر ئاوەکانی نزیک بە مالێزی دەتوانێت سزاکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.