
پێویستیی یەکویستیی کوردستان بەرامبەر بە ناوەند
هەردی سەلیمی
ئەوەی لە کۆتایییەکانی دەیەی نەوەدی هەتاوییەوە هەتا ئێستا بەسەر کۆماری ئیسلامیدا لە ڕووی سیاسی و ئابووری و زۆربەی جومگەکانەوە هاتووە، ڕووداوگەلێکی کەموێنەن و بۆ دوژمنانی ئەو دەسەڵاتە هەم مایەی دڵخۆشین و هەمیش دەرفەتە زێڕینەیەکن. ئەو ڕێژیمە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە پێناسەی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو یا هەمان "فەیل ستەیت" نزیک دەبێتەوە. ئەوەی کە لە دەیەی نەوەدی هەتاویدا لە چەند وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەراتێنی دەکرد و هەڕەشە و گوڕەشەی دەکرد، لەمێژە کۆتاییی پێ هاتووە، بەرنامەی ناوکییەکەی کردبووە کارتی گوشارێک لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەو بۆنەوە ئیمتیازی لێ وەردەگرتن، ئێستا وا نەماوە و پێچەوانە بووەتەوە، لە نێوخۆی وڵاتیشدا سەرەڕای ئەوەی توانیویەتی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات، بەڵام نەیتوانیوە دۆخەکە بەتەواوی کونترۆڵ بکا و لە ڕووی بەڕێوەبەریی وڵاتەوە زۆر ناکارامە دەرکەوتووە و بزوێنەرەکانی ناڕەزایەتی نەک تەنیا لە جێی خۆیاندا ماون، بەڵکوو پتریش بوون.
لە ئێستادا قەیرانی وزە و ئاو بووەتە قەیرانێکی زۆر جددی و هیچ بەرنامەیەکیش بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە نابینرێ و تەنیا ڕێکار تا ئێستاش داخستنی ناوەندە ئیدارییەکان بووە، هەواڵدەریی سیئێنئێن دەڵێ: "تاران چەند حەوتوویەکی ماوە بگاتە بێئاویی ڕەها، واتە شێری ئاوی ماڵەکانیش وشک بن." ئەم کێشە و قەیران و ناڕەزایەتیی خەڵک و هەروەها گوشارانە لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە مەترسیی گەڕاندنەوەی مکانیزمی سنەپبەک و ئابلۆقە ئابوورییەکان، نابێ لەبیرمان بچێ لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە نەوت هەناردە دەکات، جا گەر ئەو مکانیزمە و ئابلۆقەکان بهێنرێنەوە دوورەدیمەنی دۆخی کۆماری ئیسلامی هێندەی دیکە شپڕێو دەکات. لەگەڵ ئەمانەدا دۆخی ئەمنیەتیی ئەو ڕێژیمە و تۆڕی بەربڵاوی سیخوڕیی ئیسرائیل لە ئێراندا و بەتایبەت لەنێو کاربەدەستانی پلەباڵای ئەو دەسەڵاتەدا، هەروەها چەندبەرەکیی دەروونیی کۆماری ئیسلامی و چەندین نیشانە و هۆکاری دیکەش، ئەو گریمانەیەمان لەلا بەهێز دەکەن، کەوا جیهان دەبێ خۆی بۆ دوای کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.
لە وەها هەلومەرجێکدایە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و هەموو ئەوانەی وا چاوەڕوانی گۆڕانێکن لە ئێراندا وەخۆ کەوتوون. تا ئێرە هەم ئاسایییە و هەم دەبێ واش بێت، بەڵام جۆری وەخۆکەوتن و بەرنامەکانیان جێی لێوردبوونەوەیە. وەک پێشتریش باسمان کردووە ڕەوتی شاخوازەکان، ڕەوتێکی ناشۆڕشگێڕی بێتۆلەرەنسی سیاسین و هێزیشیان نییە و ئەوەی نیشانیشی دەدەن زۆرتر لە بەرنامەی کۆمپانیایەک دەچێ هەتا بەرنامەی هێزێکی سیاسیی تۆکمە و خاوەن خوێندنەوە و خاوەن پلان. بەدوای نمایشی ئەم جارەی شاخوازەکان لە ئاڵمان، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقیش لە ڕۆم دەرکەوت و بەرنامەکانی خۆی خستنە ڕوو. لەوێدا ئاماژە بە مافی نەتەوەکانی نێو ئێران کرا و وێرای ئەوەی باس لە "خودموختاریی کوردستان" کرا، بابەتی خودموختاری بۆ هەموو نەتەوەکانی تری ئێرانیش هاتە بەر باس. ئەم هەوڵە لە جێی خۆیدا و بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ ڕەوت و لایەن و هێزەکانی دیکەدا، هەوڵێکی ئەرێنییە، بەڵام با بزانین خۆمان وەک نەتەوەی کورد چیمان هەیە و چیمان لەبەردەستدایە.
ویستی ئازادی و ڕزگاری لە کوردستان تەنیا ویستێکی سیاسی نییە و ئەم ویستە ئاوێتەی مێژوو و کولتوور و شوناس و ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بووە، بۆیە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرگیز بە کەمتر لە سەروەریی نەتەوەیی ڕازی نابێت. لە ڕاستیدا ئەو ڕووداوەی وا کۆماری ئیسلامیی هێنایە لەرزە و گەورەترین ناڕەزایەتیی جەماوەری بوو لەدژی بەڕێوە چوو، هەمان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا. بە واتایەکی تر کوردستان داینامۆی شۆڕشە لە هەموو ئێراندا، هەر ئەم بزووتنەوەیە بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک لایەن و کەسی فەرامۆشکراو لە تاراوگەوە ببووژێنەوە، ئێستا ڕەوا نییە ئەوان ببنە سیمای دیاری بەناو ڕووخێنەری کۆماری ئیسلامی، لە کاتێکدا تێیاندایە کەمترین تێچووی لەم چلوچەند ساڵەدا نەداوە.
لێرەدا ئەرکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی قورستر دەبێ. ئەحزابی کورد کە خاوەنی پێشینەیەکی زێڕین لە خەبات و بەربەرەکانین، کە نەتەوەیەکی وا مافویست و لەسەرهەستیان لەگەڵە، نابێ تا ئەم ڕادەیە بێجووڵەیی لە خۆ نیشان بدەن، کە لە هاوکێشەکاندا لەبەرچاو نەگیرێن و ئەوەی دیار بێ و دەرکەوێ لە دژبەرانی مافەکانی نەتەوەی کورد بێ، ئەم مەیدانە نابێ بۆ ئەوان چۆڵ و ئاوەڵا بکرێت. پێویستە ئەم حیزبانە لە دەوری چەند خاڵی هاوبەش کۆ ببنەوە و بیکەنە هێڵی سووری ویستەکانیان، دەبێ کوردستان یەکدەنگ و یەکویست بێ بەرامبەر بە ئەوانەی وا دەیانهەوێ بەڕێوەبەریی داهاتووی ئێران بەدەستەوە بگرن؛ ئەم ئەرکە دەبێ لە چوارچێوەی ڕاگەیەنراودەرکردن بچێتە دەرەوە و ویستەکانی کوردستان بە پاڵپشتیی هێزە سیاسییەکان و بە وەلانانی ناکۆکییەکانیان، ببێتە بانگەوازی زۆرینەی کوردستان و بە گوێی هەموو هێزە و کەسە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆندا بدرێ. پێویستە ناوەندێکی بەهێزی هاواهەنگی دروست بکرێ و ویستەکان لەو کاناڵەوە فۆرموولە بکرێن، ناونیشانێکی دیاریکراو بدرێ بە دەرەوەی کوردستان. وەک لە سەرەتادا باس کرا کۆماری ئیسلامی لە ئاویلکەدایە، دەبێ وەخۆ کەوین و لە ئێستاوە لە دیارترین ئەکتەرەکان بین.