ئەلبورز ڕۆئینتەن
لە یەکەم چرکەوە کە هەواڵی شەهیدبوونی ژینا هات هەتا ئەوکاتەی کە سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری لە کوردستان و دواتر لە هەموو ئێران وەڕێ کەوت، کاتێکی زۆر کەمی برد.
کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە سەرەتا بە بێدەنگیکردن و سەرکوت و دەیان کردەوەی ناڕەوای دیکە دەیهەویست ئەو سەرهەڵدانەش بێدەنگ بکات، بەڵام جیاوازتر لە پێشوو ئەو جار خەڵک هێرشبەر بوو، ئەو هێرشانە تا ئاستێک ڕۆیشت کە شەوانە شار دەکەوتە دەست خەڵک و ئیتر ڕێژیم بە تەواوی بەچۆک داهات و تەنانەت لە هەموو کات زیاتر ئەگەری نزیکبوونی ڕووخانی ڕێژیم کردەنیتر دەهاتە بەرچاو.
لە کاتێکدا ڕێژیم ئیتر بە ڕەشبگیری و سەرکوتی جۆراوجۆر و دڕەندانە نەیتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات تەنانەت، ئەگەر ناڕەزایەتیی توێژێک لاواز دەبوو توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە سەری هەڵدەداوە، وەک سەرهەڵدانی زانکۆکان. هەربۆیە بۆ ئەوەی ورەی تێکشکاوی خۆی بەرز بکاتەوە، دەستی بۆ هێرش و جینایەتێکی سامناک برد.
ئەو هێرشە کە ئاکامی دەستەوەستانیی ڕێژیم بوو، بە هێرشی دڕۆنی خۆتەقێنەر و مووشەک و بۆمبارانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم لە باشور دەستی پێ کرد.
لەو هێرشە ترسنۆکانەدا کە منداڵان بەرکەوتە و ئامانج بوون هەر زوو جارێکی دیکە بۆ هەمووانی ئاشکرا کرد کە ڕێژیم چ دڕەندەیەکە کە بریندارە و دەیهەوێ برینی خۆی بە هێرش بۆ سەر منداڵان تیمار بکات، ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ڕێژیمی لە لێواری مەرگ نەک ناتوانێ برینی خۆی تیمار بکات، بەڵکوو توڕەییەکی وای لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا دروست کردوە کە بەو هێرشە زیادتر لە هەر کاتێکی دیکە خەڵک بەرەو یەکگرتوویی و دژایەتیی ڕێژیم هان دەدات.
ڕاستیی یەکەم کە لەو هێرشەدا دەرکەوت، ئەوەبوو کە ڕێژیم لە بەر ئەوەی کە ئەو حیزبانە هۆکاری ناڕەزایەتیی ئەم دواییەی خەڵکن، ئەو هێرشە بەرفراوانەی ئەنجام داوە، ئەو ڕاستیە تەنانەت بە گوتەی خودی ڕێژیم دەڵێ حیزب خەڵکە و خەڵکیش حیزب، ئەم دووانە لێک جیا نین، تەنانەت پێکەوە بۆ نەمانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن. ئەو پێکەوەبوونە ئەوەندە بەهێزە کە ڕێژیم بۆ زەربەلێدان لە ئەوی دیکە هێرش دەکاتە سەر ئەم و بە پێچەوانە؛ واتە سەنگەری حیزب لە شەقامە و هێزی خەڵکیش لە قەڵای دێموکرات.
ڕاستیی دووەم، ڕێژیم نەک ناتوانێ ورەی هێزەکانی خۆی بۆ بەرەنگاریی خەڵک بباتە سەر، نەک ناتوانێ بە چۆکداکەوتنی بشارێتەوە، بەڵکوو هەر زوو لەلایەن هەمووانەوە دەرکەوت کە ئەو هێرشانە هێرشی شاردنەوەی ڕاستییەکانی سەر شەقامن، ئێستا خەڵک زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەزانن ڕێژیم لە لێواری مەرگە و هێرشی مووشەکییش ناتوانێ لە مەرگ ڕزگاری بکات. هەروەها لە یەکەم ساتەکانی ئەو هێرشەدا کاتێک ڕێبەرایەتیی حیزب هاواری بەردەوامی شۆڕشی لە شەقامەکانی دا، دەرکەوت کە ڕێژیم سەری لە تاشە بەردی توڕەیی خەڵک دا.
ڕاستیی سێیەم کە زۆر لە مێژە بۆ ئێمەمانان دەرکەوتوە، بەڵام بۆ دونیایی ڕۆژئاوا و هێزەکانی دیکە جارێکی دیکە سەلما، ئەویش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ یەک چرکە درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی ئامادەیە نامرۆڤانەترین کردەوە ئەنجام بدات کە لە مێژووی چەند هەزار ساڵەی مرۆڤایەتی نموونەی نەبێت. تێکدانی سەقامگیریی ناوچە و پێشێلکردنی هەموو یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و جیهانی لە سەرەتاییترینی ئەو نموونانەن.
ڕاستی سەرەکیی ئەو هێرشانەش نیشانەکانی داماویی ڕێژیم بوون کە لە لێواری مەرگە و لە بەرانبەر هێرشی خەڵکدا بێدەسەڵات ماوەتەوە، هەربۆیە وەڵامی سەرەکیی شەقام دەداتەوە، ئەو شەقامەی کە دروشمی "ژین، ژیان، ئازادی" دەڵێتەوە. ئەو شەقامەی "شەهید نامرن"، "کوردستان ناوی بەرزە، دوژمن دەخاتە لەرزە" و "قاسملوو ڕێگەت درێژەی هەیە" دەڵێتەوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.