شەماڵ تەرغیبی
نرخی هەر دۆلاری ئامریکایی لە ڕۆژانی ڕابردوودا سنووری ٥٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند. هەندێ لە ئابووریناسان باوەڕیان وایە کە ئەمە دەرەنجامی ڕێژەی بەرزی نەختینەیی و هەڵاوسانی نێوخۆییە و لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم بەرزبوونەوەیە بەردەوام بێت و لە هەمان کاتیشدا نرخی تمەن ڕەوتی پێچەوانە بپێوێ و لەگەڵ دابەزینی بایەخی زیاتر بەرەوڕوو ببێتەوە.
ئەم دۆخە بەچەشنێکە کە بەدڵنیاییەوە دەکرێ بڵێین ئابووریی ئێران لە ئێستەدا هەڵاوساوترین ئابووریی جیهانی هەیە. وەک کارناسانی ئەم بوارەش دەڵێن ئەگەرچی پێشبینیکردنی داهاتووی ئابووریی ئێران ئەستەمە بەڵام خوێندنەوەیەکی سەرەپێیی بۆ ئابووریی ئەزموونکراوی وڵاتانی دیکە دەری دەخات کە مەزنەهەڵاوسانێکی کوشندە یەخەی ئێران دادەدڕێ؛ لەم بارودۆخەدا بگۆڕ و فاکتێکی گرینگ کە دەبێ تەکووزی لەسەر بکرێت لەڕاستیدا "گەشەی دەفرایەتیی دراو"ە!
زۆر ڕوونە کە لە هەڵاوسانە مەزنەکاندا ڕێژەی ئەمنییەتی دراوی و بانکی دادەبەزێ؛ بەو واتەیە کە خەڵک ئامادە نابن پارەی خۆیان لە بانکەکاندا بهێڵنەوە و بەپێچەوانەوە هەوڵ دەدەن کە پارەکانیان لە بانک بهێننە دەر و لە کەرتی خانوبەرە یان بۆ کڕینی زێڕ کە دەبێتە سەرمایەی بەردەست و "منقول" یان گوێزراو تەرخانی بکەن. ئەم سیکلە لە کەمکردنەوەی پارەی بەردەست سیستمی بانکی، بەرەبەرە دەبێتە هۆکارێکی ڕیشەیی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان.
لەم چوارچێوەیەدا و بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان گەشەی دەفرایەتیی دراو لە ساڵی ٩٧ تاکوو ساڵی ١٤٠٠ قەڵەمبازێکی ٥٠ لەسەدی لێ دا و لە ماوەی ٧ مانگی سەرەتای ئەمساڵیش گەیشتە ٥٦.٣ لەسەد؛ واتە ئابووریی ئێران لە ئێستەدا هێڵە سوورەکانی بڕیوە.
بەم بەرچاوڕوونییەوە لەسەر پرسی ئابووریی ئێران دەپڕژێینە سەر ئەو ڕاستییە کەتمانکراوەی کە ڕێژیم لەحاڵی ڕووخاندایە! هەڵبەت کەتمانکراو لەلای گەورەبەرپرسانی حکوومەتی کە هیچکات ئامادە نەبوون ڕاستییە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان وەک خۆی ببینن و بە خوێندنەوەی ناڕاست و دوور لە ڕاستی، هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان داوە.
لە ئێستەدا و پاش پێنج مانگ لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، ئەو باسە گشتییە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە خۆی دەرخستووە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێڕەوی ڕووخان و سەرەونخوونیی یەکجاری هەنگاو دەنێ. کۆماری ئیسلامی، وەک ئاماژەی بۆ کرا لە ماوەی تەمەنی ٤٤ ساڵەی خۆیدا کۆمەڵێک هەڵەی سیستماتیکی کوشندەی ئەنجام دا؛ لەوانەش نەخوێندنەوە و بەئەژمارنەهێنانی جیاوازییە سیاسی و فەرهەنگی و نەتەوەییەکان، هەڵاواردنی سیستماتیک لە بازنەی کاروباری سیاسی و ئابووری، تەریکخستنی چینی پسپۆڕی کۆمەڵگە، هەوڵدان بۆ زەبەلاحکردنی زیاتری ئابووریی ڕانتی، هەژارهێشتنەوەی زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران لەپێناو پێکانی ئامانجە ئایدیۆلۆژیکەکان و ....
کۆی ئەم جووڵە نالۆژیکییانەش وێڕای هەندێ هەنگاوی نابەجێی دیکە کە لە ئێستەدا لە دەرەتانی ئەم وتارەدا نییە، بوونە هۆی ئەوەیکە سیکلی ڕووخانی ڕێژیم لە لایەنێکی زەینییەوە بەرەو لایەنێکی ئیجابی و کرداری هەنگاو بنێت؛ بە واتایەکی تر خەڵک لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە باری زەینی و عەقڵانییەوە لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕیون و بەو ڕاستییانەیان زانیوە کە هەم لە باری کارامەیی و هەمیش لەباری شیاوی و لێوەشاوەییەوە، سیستمی سیاسی – ئیداریی زاڵ ئەو سیستمە نییە کە بتوانێ خەڵکانی ئێران بگەیەنێتە سەرمەنزڵگەی خۆشبژێوی؛ کەواتە لە ئێستەدا نماد و سیمبۆلەکانی ئەم حکوومەتە و پێکهاتە داتاشراوەکانی ئەوان دەخەنە ژێر پێ و بە زمانی ئاشکرا و بێ پێچوپەنا پێیان دەڵێن ئەم دەسەڵاتەیان ناوێ.
ئەم کەتوار و ڕاستییانە واتە هەم دۆخی شپرزی ئابووریی ئێران و هەم نەمانی ڕەوایی زەینی و عەینیی حکوومەت لەلای خەڵک دوورەدیمەن و بەرجەوەنی کۆماری ئیسلامیمان پێ نیشان دەدات؛ دوورەدیمەنێک کە بریتییە لە نەمان و ڕووخانی ئەم ڕێژیمە! جا کەی و چۆن ئەم ڕووداوە ڕوو دەدات؟ ئەوە پێوەندیدارە بە کۆمەڵێک فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی کە هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا زیاتر بپڕژێینە سەری.