
خالید حەسەنپوور
لەگەڵ ئەوەی ژنان لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا بەگشتی و ئێران و کوردستاندا بەتایبەتی، نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنن و لە بنەماڵە و کۆمەڵگەدا دەورێکی کاریگەریان لە دابینکردنی بژێویی ژیان و بەرەو پێشبردنی وڵاتدا هەیە، بەڵام لە ڕووی یاسایی و دابونەریتەوە مافی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان نییە. هۆکاری ئەو نابەرابەرییەش لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتی کۆمەڵگەی کوردستاندا زۆرن، بەڵام گرنگترین فاکتەری ئەو نایەکسانییە دەکرێ لە دوو خاڵدا کۆ بکرێتەوە: یەکەم، ئایین و دابونەریت؛ دووەم، پەیوەندی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (ابزار تولید). هەتا ئەو جێیەی بۆ مەزهەب، ئایین و دابونەریت دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی دید و ڕوانگەی زۆربەی ئایینەکان بە نیسبەت پرسی ژن وەک یەک نییە و ئەو پرسە لە ئایین و دینێکەوە بۆ دین و ئایینێکی دیکە جیاوازە، بەڵام دەکرێ بڵێین زۆربەی ئایینەکان بەگشتی سەبارەت بە مافی ژنان جۆرێک سنوور قایلن.
لەنێو ئایینەکانیشدا ئەوەی زۆرترین جیاوازی لەنێوان ژن و پیاودا پێک دێنێت، ئایین و شەریعەتی ئیسلامە.
لەو ئایینەدا بە ئاشکرا ژن وەک نیوەی پیاو حیسابی بۆ دەکرێ و، ئەوەش لەگەڵ ئەوەی لە هەموو بوارێکی ژیانیدا ڕەنگدانەوەی هەیە، بەڵام لە بواری میرات و پشکی ژیاندا بە ئاشکرا و بەپێی شەرعی ئیسلام پیاو بە بەشێک و ژن بە نیوەبەش حیساب بۆ دەکرێ! لەبەر ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و یەک لەوان ئێراندا یاسای وڵات کاریگەریی زۆری شەرعی ئیسلامی بەسەرییەوەیە، دەکرێ بڵێین هەر بەو دلیلەوە ژنان لە وڵاتانی ئیسلامی بەگشتی و ئێران بەتایبەتی بە ڕێژەیەکی زۆر لە وڵاتانی نائیسلامی لە مافەکانیان بێبەشترن! بۆیە پێویستە بە ڕاشکاوی بڵێین کە ئایین بەگشتی و ئایینی ئیسلام بەتایبەتی یەکێک لەو فاکتەرە سەرەکییانەیە کە دەورێکی کاریگەری لە نایەکسانیی نێوان پیاوان و ژناندا پێک هێناوە.
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە بە نۆرەی خۆی دەوری کاریگەری لەسەر نەچوونەپێشی پرسی ژنان و بەرابەریی مافەکانیان لەگەڵ پیاوان هەیە، پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە. ئەو فاکتەرە وەک ژێرخانێکی هاوبەش وایە کە هەم لە وڵاتانی دواکەوتووی ئیسلامیدا و هەم لە وڵاتانی دواکەوتووی نائیسلامیدا کاریگەریی زۆری لەسەر پرسی ژن و یەکسانیی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا هەیە. وەک مارکس دەڵێ؛ پەیوەندی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ژێربینای هەر کۆمەڵگەیەک پێک دەهێنن، بە جۆرێک کە چوونەپێش و پێشکەوتنی ئەو فاکتەرە دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەگشتی لە کۆمەڵگەدا، کە پرسی ژنان یەکێک لەوانە.
پرسی ئازادی، پرسی ئایین، مەزهەب و دابونەریتەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا سەرخانی (روبنا) ئەو کۆمەڵگەیە پێک دێنێت، بە جۆرێک کە بە چوونەپێش و تەرەقیی ژێربینا (پەیوەندی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان) سەرخانی کۆمەڵگە واتە ئازادی، دین و ئایین و دابونەریتیش پێبەپێی ئەوە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
لە ڕاستیدا بە چوونەپێشی چەرخەکانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و لە ئاکامدا پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (وسایل تولید) کۆمەڵگە لەگەڵ دوو ئاڵوگۆڕی گرنگ ڕووبەڕوو دەبێتەوە:
یەکەم، کاری سەخت و تاقەتپڕوکێن جێی خۆی دەدات بە کاری لە ڕووی جەستەییەوە ئاسانتر و، ئەوە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان. چونکە لە قۆناغی پێش پیشەسازییدا کە کار سەخت و تاقەتپڕوکێنە، پیاوان لە ڕووی بایۆلۆژی و پێکهاتەی جەستەییەوە زیاتر خۆی تێیدا دەبینێتەوە. دووەم، بە هۆی چوونەپێشی چەرخەکانی بەرهەمهێنان کە خۆی لە پیشەسازییدا دەبینێتەوە، ئایین و دابونەریتەکان ڕوو لە کزی دەکەن. لە ئاکامی هاتنەکایەی ئەو دوو فاکتەرەدایە کە بەرەبەرە مەودا بۆ ئازادیی کۆمەڵگە بەگشتی و ئازادیی ژنان بەتایبەتی زیاتر دەڕەخسێت.
هەرچی کاری فیزیکیی سەخت کەمتر دەبێتەوە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان پێشکەوتووتر دەبن، بە هەمان ڕادەش ژنان زیاتر دەچنە نێو پڕۆسەی کار و بەرهەمهێنانەوە. و هەرچی زیاتر کۆمەڵگە بەگشتی و ژنان بەتایبەتی لە کاری بەرهەمهێناندا زیاتر بەشدار دەبن، بە هەمان ئەندازەش کاریگەریان لەسەر بەدیهێنانی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو زیاتر دەبێت. بە کورتی ئەوە ئاڵوگۆڕ لە فاکتەری بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەدایە کە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و کرانەوەی بیر و ئەندێشەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە و، سەرەنجام ئەو پڕۆسەیە کۆی کۆمەڵگە دەگۆڕێت. زۆر وڵات لە جیهاندا هەن کە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی یەکێک لەوانن، لەگەڵ ئەوەی سەروەت و سامانێکی زۆریان لە نەوت و گاز و کانگا ژێرزەوییەکانەوە وەگیر دەکەوێت و دەوڵەمەندن، بەڵام چونکە لە ڕووی پیشەسازییەوە نەچوونەتە پێش و بە کردەوە نە گەیشتوونەتە قۆناغی بەرهەمهێنان، پرسی ژن و یەکسانی لەنێویاندا مەسەلەیەکی نامۆیە!
وێنەی بەرچاو لە جیهاندا کە شۆڕشێکی بنەڕەتی لە پرسی یەکسانیی نێوان پیاو و ژندا هێناوەتە کایەوە، وڵاتانی ڕۆژاوایین. بەو گۆڕانکارییەی کە لە سەدەیەک و نیوی ڕابردوودا لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لە پەیوەندییەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان هاتووەتە کایەوە، پرسی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و هەروەها پرسی مافی مرۆڤ بە نیسبەت باقیی دیکەی جیهان قەڵەمبازێکی گەورەی هاویشتووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ڕووی بەرابەریی جینسییەتەوە دەستکەوتێکی زۆریان وەدەست هێناوە، کەچی هێشتاش لە کەم وڵاتی ڕۆژاواییدا ژنان بۆ کاری وەک یەک لەگەڵ پیاوان، حەقدەستیی وەک یەک وەردەگرن، واتە کەمتر وەردەگرن!
کاتێک دێینە سەر بارودۆخی ژنانی کورد و وەزعی ژنانی کورد لەگەڵ ژنانی نەتەوەی سەردەست بەراورد دەکەین، جیاوازییەکی زۆر دەبینین! لە ڕاستیدا بارودۆخی ژنانی کورد دەکرێ بڵێین لەژێر کاریگەریی ئەو بارودۆخە دواکەوتووانەیە کە نەتەوەی سەردەست لە ڕووی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگییەوە بەسەر گەلی کورد لە ئێراندا سەپاندوویەتی. ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لەو نووسراوەیەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام ئەو بارودۆخە بۆ هەموو بەشەکانی کوردستانیش بە جیاوازییەکی کەمەوە وەکوو یەک وایە. لە هیچ کەس شاراوە نییە کە هەموو بەشەکانی کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بە هۆی ستەمی نەتەوایەتی، ئابووری و فەرهەنگی لەو بڕە پێشکەوتن و چوونەپێشەش کە نەتەوەی سەردەستی گرتووەتەوە، بێبەشن. بە چاوخشاندنێک بە نەخشەی ئابووری و پیشەسازیی ئێراندا بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی ناوەندە ئابووری و پیشەسازییەکانی ئێران کەوتوونەتە سێگۆشەی فارسنشینی ئێرانەوە. ئەو بارودۆخەش نەک هەر مەودای ئەوەی نەڕەخساندووە ئابووریی کوردستان بە ڕادەی ئابووری و پیشەسازیی ئێران پەرە بگرێت و ببووژێتەوە، بەڵکوو بە هۆی ئەوەی شێوەی سەرەکیی ئابووری و پیشەسازی لە کوردستاندا لە پاشکەوتووییدا ڕاگیراوە، هەروەها ئامرازەکانی بەرهەمهێنان پێشنەکەوتوون، کار لە هەموو کەرتە ئابوورییەکاندا سەخت و تاقەتپڕوکێنە. هەر ئەوەش دەرفەتی بۆ ژنانی کورد وەک ژنانی نەتەوەی سەردەست پێک نەهێناوە کە بچنە نێو بازاڕی کارەوە. بۆ وێنە، شێوەی سەرەکیی ئابووری لە کوردستان کشتوکاڵ و مەڕدارییە، کە ئەویش بە هۆی بێئیمکاناتییەوە پێشنەکەوتووە و کار لەو کەرتانەدا بە جۆرێک سەخت و تاقەتپڕوکێنە کە ژنان بە شێوەیەکی سنووردار تێیدا بەشدارن. جگە لەوەش کار لەو بوارەدا بە پێچەوانەی کار لە بواری پیشەسازی و تەکنیکدا، پێشکەوتنێکی فیکریی ئەوتۆ دروست ناکات کە هیچ، تەنانەت ئەوە چوونەپێش و پەرەگرتن لە بواری پیشەسازییدایە کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵیش.
کەوابوو کاتێک ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاشکەوتووییدا ڕاگیراوە و ستەمی چەندقاتی لەسەرە، ژنانی کوردستان وەک نیوەی کۆمەڵی کوردەواری لەو زوڵم و ستەمەدا کە چەندقاتە و لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بەسەر نەتەوەکەیاندا سەپاوە، هاوبەش و بەشدارن. ژنی کورد لە هەمان کاتدا وەک تاکێکی کورد ستەمی نەتەوایەتی دەچێژێت، لە هەمان کاتیشدا بە هۆی زاڵبوونی دابونەریتە کۆنەکان تووشی هەڵاواردنی ڕەگەزیش لەنێو ماڵ و کۆمەڵگەی کوردیش دەبێتەوە! ئەو دۆخە ژنی کورد ڕووبەڕووی دوو ئەرکی گرنگ دەکاتەوە؛ ئەرکی یەکەم ئەوەیە کە شانبەشانی پیاوانی کورد بۆ لابردنی ستەمی چەندقاتی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی کە بەسەر نەتەوەکەیدا سەپاوە تێبکۆشێت و کۆتایی بە ژێردەستەیی وڵاتەکەی بهێنێت. ئەرکی دووەمیشی ئەوەیە کە لەنێو ماڵی خۆیدا، واتە کوردستان، هەوڵ بدات هەنگاو بە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی مافی بەرابەر لەگەڵ پیاوانی کورد تێبکۆشێت. لێرەدایە جیاوازیی ژنی کورد لەگەڵ ژنانی نەتەوەی حاکم (فارس) بە ڕوونی دەردەکەوێت؛ لە حاڵێکدا ژنی کورد ڕووبەڕووی دوو ستەمی نەتەوایەتی و جینسییەتی لە ئێران دەبێتەوە، ژنانی فارس بێجگە لە هەڵاواردنی ڕەگەزی کێشەی ژێردەستەیی نەتەوایەتییان نییە. بۆ سەلماندنی ئەو ئیدیعایەش دەکرێ چاوێک بەو ژنە کوردانەدا بخشێنین کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی وتنەوەی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد و هەروەها کاری فەرهەنگی کەوتوونەتە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامییەوە. بۆیە ژنی کورد ئەگەر بە سەرێک بە هۆی هەڵاواردنی ڕەگەزی خەباتەکەی بە ژنانی نەتەوەی حاکم پەیوەندیدارە، بەڵام بە سەرەکەی دیکەیدا کە خەباتە بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد، لە ژنی نەتەوەی حاکم دوور دەکەوێتەوە. چونکە بە داخەوە ڕادەی ئەو ژنانەی نەتەوەی حاکم (فارس) کە بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد پشتیوانی لە مافە نەتەوایەتییەکانی ژنانی کورد دەکەن، زۆر کەمن!
ئەو ڕاستییەی سەرەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنانی کورد لەنێوان خەبات بۆ لابردنی چەوسانەوەی نەتەوایەتی و هەروەها خەبات لە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، هاوسەنگییەکی دروست پێک بهێنن. بە جۆرێک کە نە خەباتی نەتەوایەتی بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی فیدای خەباتی لابردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی بکات و، نە بە پێچەوانەشەوە خەباتی یەکسانی و هەڵاواردنی ڕەگەزی فیدای خەباتی نەتەوایەتی بکات. مانای ئەوەش ئەوەیە ژنانی کوردستان پێویستە خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەیان و خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی جینسییەتی شانبەشانی یەکتر ببەنە پێشەوە، بە جۆرێک کە هیچ کام لەو دوو بەستێنە نەکەونە ژێر سێبەری ئەوەی دیکەیانەوە.
لەگەڵ ئەوەی فاکتەری پەیوەندی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (ابزار تولید) لە وڵاتانی ڕۆژاواییدا دەوری یەکلاکەرەوەیان بۆ پرسی یەکسانی و مافی ژنان هەبووە، بەڵام کاتێک ڕۆژاوا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی جیهان بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی بەراورد دەکەین، وڵاتانی ڕۆژاوا لە هیچ سەردەمێکدا، چ ئەو کاتەی هێشتا لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە پێشنەکەوتبوون و چ ئەو سەردەمەی بە ئاستێکی کەموێنە لە پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنیکی گەیشتبوون، بارودۆخی ژنان لەو وڵاتانەدا لەگەڵ وەزعی ژنانی جیهانی سێیەم بەگشتی و ئێران و کوردستان بەتایبەتی بەراورد ناکرێت. ئەوەش بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیی هەیە بە جیاوازیی بیروبۆچوون، دابونەریت و ئایدۆلۆژیای مەسیحییەت لەگەڵ ئایینی ئیسلام سەبارەت بە پرسی ژنان. بۆیە لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنی ئابووری-پیشەسازی لە هەموو جیهاندا، جا چ لە ڕۆژاوا بێت یان ڕۆژهەڵات، کاریگەری لەسەر چوونەپێشی ڕەوتی ژیان و پرسی یەکسانیی ژنان هەیە، بەڵام دەوری دابونەریت و ئایین و بەتایبەتی ئایینی ئیسلام وەک بەربەستێک لەسەر ڕێی یەکسانیی ژنان و پیاواندا نابێت بە کەم بگرین!
لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش لە کۆمەڵگەی جیهانی جیا نییە و ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگەکانی دیکە هەیە وەک پەیوەندی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کاریگەری لەسەر کوردستانیش هەیە و، دەکرێ ئەو فاکتەرە وەک ژێرخانێکی هاوبەش چاوی لێ بکەین، بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە ئێران و کوردستان تایبەتمەندیی خۆیشی هەیە. ئێمەی کوردیش لەگەڵ ئەوەی لە تاقیکردنەوە و ئەزموون و دەستکەوتەکانی گەلانی دیکە بۆ بەرەو پێشبردنی پرسی ژنان کەڵک وەردەگرین، بەڵام پێویستە تایبەتمەندییەکانی خۆشمان ڕەچاو بکەین. لەو گۆشەنیگایەوە، هەرچی بە ڕەگ و ڕیشەی مێژووی کوردا بچینە خوارەوە، ئەوەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت کە دابونەریت و کەلتووری کورد حیساب بۆ پێگەی ژن لە نەتەوەکانی دەوروبەرمان زیاتر دەکات و، بەشێک لەو dابونەریتە نالەبارانەی ئەمڕۆی دژی ژن لە کوردستان ڕەچاو دەکرێن، بەرهەمی ئایین و ئایدۆلۆژیا و هەروەها کەلتووری نەتەوەکانی سەردەستی کوردن کە بۆ ئێمە بە دیاری هاتوون! بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی کوردیش لەو بارەوە سەبارەت بە دابونەریتە دواکەوتووەکان تەبرئە بکەین. لە خۆڕا نییە مێژوونووس و کوردناسی بەناوبانگ مینۆرسکی دەڵێ؛ کوردەکان سەبارەت بە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژن، لەوانەیە ئازادئەندێشترین و ڕۆشنبیرترین نەتەوەی موسڵمان بن.