کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەمکی «دوژمنسازی» لە سیاسەتی ئێراندا: ڕۆڵی لە یەکگرتوویی نێوخۆیی و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیدا

10:04 - 16 سەرماوەز 2725

شەهاب کاکەخزری

پێشەکی: بۆچی «دوژمن» کۆڵەکەی سەرەکیی دەروونناسیی سیاسیی حکوومەتی ئێرانە؟

لە دەروونناسیی سیاسیدا، یەکێک لە جێگیرترین ئامرازەکانی ڕێژیمە ئایدیۆلۆژییەکان، چەمکی دوژمنسازییە؛ واتە دروستکردنی دوژمنێکی جێگیر، هەمیشەیی، بەهێز و هەندێکجار خەیاڵی کە بتوانێت هەموو شکستەکان ڕوون بکاتەوە، یەکگرتوویی نێوخۆیی دروست بکات، ترسی گشتی بەڕێوە ببات و شەرعییەتی سیاسی بەرهەم بهێنێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، لەوانەیە یەکێک لە نموونە کلاسیک و شایەنی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دیاردەیە بووبێت؛ بە شێوەیەک کە بەبێ بوونی «دوژمن»، زۆرێک لە کۆڵەکەکانی ناسنامەیی، ئایدیۆلۆژی و کارکردی حکوومەت دادەڕمێن.

دوژمنسازی لە ئێراندا تەنیا «ئامرازێکی سیاسی» نییە؛ پێکهاتەیەکی ناسنامەییە و هەر ئەمەش شیکردنەوەی دەکاتە پێویستییەک.

١- دوژمنسازی؛ کارکردێکی ناسنامەیی نەک تاکتیکی

یەکێک لە هەڵە شیکارییەکان ئەوەیە کە وا بیر بکەینەوە کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ پاراستنی دەسەڵات سوود لە دوژمنسازی وەردەگرێت، لە کاتێکدا وانییە و ئەم چەمکە بەشێکە لە ناسنامەی سیستمەکە. لە دەروونناسیی سیاسیدا ئەم مۆدێلە بە «ناسنامەی دوژمن-تەوەر» (enemy-driven identity) ناو دەبرێت؛ واتە ناسنامەیەک کە تەنیا لە بەرامبەر ئەوی دیدا مانا پەیدا دەکات.

سەرنجی چەند نموونەیەک بدەن:

- «ئێمە» = چەوساوەکان، شۆڕشگێڕان، بەرەی هەق

- «ئەوان» = زلهێزان، ئەمریکا، ئیسرائیل، ڕۆژئاوا، دژەشۆڕش، فیتنە، سیخوڕەکان

ئەم «دووانەسازییە» ڕێک هەمان شتە کە مۆدێلە کلاسیکەکانی ئێرێک ئێريکسۆن و تاجفێڵ سەبارەت بە چۆنیەتیی دروستبوونی ناسنامەی گشتی ڕوونی دەکەنەوە. بۆ پاراستنی یەکگرتوویی نێوخۆیی، گرووپ دەبێت «ئەوی دی»یەکی هەبێت. کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەبوونی کارامەیی، لاوازیی ئابووری، قەیرانی شەرعییەت و بێتوانایی لە بەرهەمهێنانی هاوپشتیی ئەرێنیدا، ناچارە هاوپشتی لە ترسی هاوبەشەوە وەربگرێت نەک لە ئامانجی هاوبەشەوە. بەمە دەگوترێت «یەکگرتوویی نەرێنی»؛ واتە یەکگرتووییەک کە لە ڕق و ترسەوە دروست دەبێت، نەک لە هیوا و خۆشگوزەرانییەوە.

٢- تیۆریی «نیشانەکانی گەمارۆدان» (Siege Mentality) لە حکوومەتی ئێراندا

یەکێک لە سەرەکیترین تیۆرییەکانی دەروونناسیی سیاسی کە ڕێک لەگەڵ ڕەفتاری ئێراندا دێتەوە، «نیشانەکانی گەمارۆدان» (Siege Mentality)ە. ئەم دۆخە کاتێک دروست دەبێت کە سیستمێکی سیاسی هەست بکات:

- جیهانی دەرەوە نیازی لەنێوبردنی هەیە.

- تەنیا بە توندوتیژی و کۆنترۆڵکردن دەتوانێت بمێنێتەوە.

- گفتوگۆ یان ئاشتبوونەوە نیشانەی لاوازییە.

- هەر ڕەخنەیەکی نێوخۆیی، بەشێکە لە پیلانی دەرەکی.

ئەم نیشانانە زۆرجار لەو رێژیمانەدا دەبینرێت کە شەرعییەتی جەماوەرییان کەمە، پێکهاتەی دەسەڵاتیان داخراوە، ئابوورییان ناکارامەیە و ترسێکی زۆریان لە هەڵوەشانەوە هەیە.

لە ئێراندا، ئەم دۆخە بە شێوەی بۆردومانێکی هزری دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە کە بە ناونیشانی لەم شێوەیە دەردەبڕدرێن:

- «گەلی ئێران هەمیشە لە گەمارۆی دوژمندا بووە.»

- «ئەگەر سست بین، دەبینە سووریا.»

- «دوژمن تەنیا لە دەرەوە نییە؛ لە نێوخۆشدا دزەی کردووە.»

ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، نەک هەر هەستی هەڕەشە توندتر دەکاتەوە، بەڵکوو حکوومەتیش لە دۆخی «مانەوە»دا دەهێڵێتەوە. لەم دۆخەدا، هەر هەنگاوێک، تەنانەت سەرکوتی توندیش، پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە؛ چونکە بە ناوی «پاراستنی وڵات»ەوە ئەنجام دەدرێت.

٣- دوژمنسازی وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی

لە مۆدێلەکانی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیدا (Social Control Mechanisms)، سێ ئامرازی سەرەکی بۆ حکوومەتەکان پێناسە کراوە: ترس، لێڵی و دابەشکردنی کۆمەڵگە. دوژمنسازی لە ئێراندا ئەم سێ ئامرازە بە هاوکاتی کارا دەکات.

٣-١- ترس؛ بناغەی گوێڕایەڵی

کاتێک هاووڵاتییان باوەڕیان وا بێت «دوژمن لە بۆسەدایە»، میکانیزمەکانی خوارەوە کارا دەبن: کەمبوونەوەی ئارەزووی خەڵک بۆ ناڕەزایەتی، زیادبوونی قبووڵکردنی توندوتیژیی حکوومی، پاساوهێنانەوە بۆ هەژاری، گەمارۆ، گرانی و متمانەکردن بە گێڕانەوەی فەرمیی حکوومەت.

لە دەروونناسیدا بەم دیاردەیە دەگوترێت «مەرجدارکردنی ترس» (Fear Conditioning)؛ واتە مەرجداربوونی خەڵک بەوەی کە «پاراستنی ئاسایش» گرنگترە لە ئازادی.

کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە ئەم پەیامەی لە هۆشی خەڵکدا مەرجدار کردووە:

- «ئاسایش گرنگترە لە ئازادی.»

- «ئەگەر ئێمە نەبین، خەڵک کۆمەڵکوژ دەکرێت.»

- «ئێران ئەگەر بڕووخێت، داعش دێت.»

ئەمە ڕێک هەمان مامەڵەی ساختەی ئاسایشە لە بەرامبەر ئازادیدا.

٣-٢- لێڵی؛ باشترین سووتەمەنی بۆ ترس

حکوومەت هەرگیز «دوژمن» بە وردی پێناسە ناکات. دوژمن دەکرێت ئەمریکا یان ئیسرائیل بێت، تۆڕی سیخوڕی یان کەسایەتییە ناسراوەکان بێت، ناڕازییان یان ژنانی بێ حیجاب و یان خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران و نووسەران بن. ئەم ستراتیژییەی دوژمنی ناجێگیر، یەکسانە بە کۆنترۆڵکردنی ئاسانتر.

٣-٣- دابەشکردنی کۆمەڵگە

هیچ حکوومەتێکی ستەمکار ناتوانێت تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە یەکگرتوو بێت، جێگیر بمێنێتەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی مامۆستای دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بۆ بردنەپێشەوەی ئامانجەکانی خۆی و کۆنترۆڵکردنی ئاسانتری:

- شۆڕشگێڕ / ناشۆڕشگێڕ

- خۆیی / ناخۆیی

- باوەڕدار / بێباوەڕ

- بەهادار / ڕۆژئاواکاری

- ویلایی / فیتنەگێڕ

ئەم دابەشکارییانە پەیوەندییە ئاسۆییەکانی کۆمەڵگە دەشکێنن تا پەیوەندیی ستوونیی خەڵک لەگەڵ حکوومەتدا بەهێز بکرێت. ئەمە ڕێک هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە رێژیمە کۆمۆنیستییەکان، نازیزم و فاشیزمدا بەکار دەهێنرا.

٤- دوژمنسازی و ئەندازیاریی شکستەکان

یەکێک لە کارکردە سەرەکییەکانی دوژمنسازی، ڕوونکردنەوەی شکستەکانە؛ واتە لە هەر شوێنێک قەیران و ناکارامەیی هەبێت، دوژمن ڕۆڵێکی ئامادەی هەیە:

- هەڵاوسان ← «شەڕی ئابووریی دوژمن»

- ناڕەزایەتییەکان ← «فیتنەی دوژمن»

- مردنی ناڕازییەک ← «سیخوڕی دوژمن»

- کێشە ژینگەییەکان ← «تێکدەریی دوژمن»

ئەم مۆدێلە لە دەروونناسیی سیاسیدا ناوی «دەستکاریکردنی هۆکارە دەرەکییەکان» (External Attribution Manipulation)ە؛ واتە خستنە ئەستۆی ناکارامەیییەکان بۆ هۆکاری دەرەکی. بە زمانێکی سادەتر، حکوومەت ناڵێت «ئێمە خراپمان کرد»، بەڵکوو دەڵێت «دوژمن نەیهێشت ئێمە بە باشی کار بکەین». ئەم تەکنیکە لەو حکوومەتانەدا زیاتر دەبینرێت کە لە ڕووی تەکنیکییەوە ناکارامەن و لە ڕووی هزرییەوە ئایدیۆلۆژین.

٥- دوژمنسازی و شەرعییەتدان بە توندوتیژی

بەبێ دوژمن، حکوومەتە ستەمکارەکان هیچ پاساوێکیان بۆ توندوتیژی نییە؛ بەڵام کاتێک دوژمنی دەستکرد ئامادە بێت، هەر توندوتیژییەک دەکرێت وەک «ئەرک» پیشان بدرێت. لە ئێراندا، سێ جۆر شەرعییەت بۆ توندوتیژی دروست دەکرێت:

٥-١- شەرعییەتی ئەمنی

«بۆ پاراستنی وڵات ناچارین ڕووبەڕوو ببینەوە.»

٥-٢- شەرعییەتی ئەخلاقی

«ئێمە هەقین و دوژمن باتڵە.»

٥-٣- شەرعییەتی ئایینی

«شەڕکردن لەگەڵ دوژمن ئەرکێکی خوداییە.»

کاتێک توندوتیژی لەگەڵ ئەخلاق، ئاسایش و ئاییندا تێکەڵ دەبێت، دەگۆڕێت بۆ «توندوتیژیی پیرۆز» و ئەمەش مەترسیدارترین جۆری توندوتیژیی سیاسییە، چونکە هیچ سنوورێک ناناسێت.

٦- دوژمنسازی و سەرکوتی هزریی خەڵک

دوژمنسازی تەنیا کاریگەریی لەسەر هەستی خەڵک نییە؛ بەڵکوو لەسەر ناسین و تێگەیشتنیشیان کاریگەری هەیە؛ واتە لەسەر شێوازی بیرکردنەوەیان. بەپێی تیۆریی «دەستکاریکردنی باری هزری» (Cognitive Load Manipulation)، کاتێک کۆمەڵگە دەکەوێتە دۆخی دڵەڕاوکێوە:

- توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کەم دەکات.

- تاکەکان ئاسانتر باوەڕ دەکەن.

- سەرچاوە هزرییەکان بۆ ترس تەرخان دەکرێن.

- خەڵک گێڕانەوەی ئاڵۆز قبووڵ ناکەن و دەست بە گێڕانەوە سادەکەی «دوژمن تاوانبارە»وە دەگرن.

ئەمە واتە حکوومەت بە کردەوە لە ڕێگەی دوژمنسازییەوە، ئاستی شیکردنەوەی خەڵک نزم ڕادەگرێت.

٧- دوژمنسازی و کێشەی ڕاستەقینەی حکوومەت: قەیرانی شەرعییەت

ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەم هۆکارانەی خوارەوە، چیتر سەرچاوەی شەرعییەتی ئەرێنیی نییە:

- ناکارامەیی ئابووری

- گەندەڵیی بەربڵاو

- بێتوانایی لە بەڕێوەبردندا

- سەرکوتکردن

- هەڵهاتنی نوخبەکان

- سەپاندنی شێوازی ژیان

- پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک

- تووڕەیی نەوەی نوێ

کاتێک حکوومەتێک نەتوانێت جەماوەرییەت بەرهەم بهێنێت، ڕوو لە بەرهەمهێنانی ترس دەکات و دوژمنسازیش باشترین سەرچاوەی ترسە.

بە ڕواڵەت، دوژمنی بەهێز = پێویستی بە حکوومەتی بەهێز.

٨- بۆچی دوژمنسازی لە ساڵانی دواییدا توندتر بووەتەوە؟

چونکە سیستم ڕووبەڕووی چوار قەیرانی هاوکات بووەتەوە کە بریتین لە: قەیرانی شەرعییەت، قەیرانی کارامەیی، قەیرانی جێنشینیی ڕێبەر و قەیرانی کەلێنی نەوەکان کە لە بەرزترین ئاستدا بەدی دەکرێت. هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە توندیی سەرکوت زیاد بکات، پڕوپاگەندەی سیاسی-کۆمەڵایەتی پەرە بسێنێت و دوژمنسازیش توندتر بکرێتەوە. لەم قۆناغەدا، سیستم چووەتە قۆناغی «بەرگریی بوون»ەوە. زیادبوونی هێرشە میدیاییەکان، زیادبوونی تۆمەتی سیخوڕی و ئەمنیکردنی بەردەوامی کۆمەڵگە، هەموویان نیشانەکانی ئەم دۆخەن. لەم قۆناغەدا، دوژمنسازی لە ئامرازێکی سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ مانەوە.

٩- بۆچی دوژمنسازی چیتر کاریگەر نییە؟

سەرەڕای هەوڵی حکوومەت، چەمکی دوژمنسازی لە ئێراندا بە سێ هۆکاری سەرەکی تووشی داخورانی هزری بووە:

- دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە زانیاریی جێگرەوە: ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گێڕانەوەی فەرمییان لاواز کردووە.

- جیاوازیی نێوان گوتار و ئەزموونی خەڵک: حکوومەت دەیان ساڵە دەڵێت «دوژمن ناهێڵێت خەڵک خۆشگوزەرانیی هەبێت»، بەڵام خەڵک دەبینێت کە گەندەڵیی نێوخۆیی، ڕانت، بەڕێوەبردنی خراپ و بەفیڕۆدانی سەرمایەکان کێشەکان ڕوون دەکەنەوە، نەک دوژمنی دەرەکی.

- گۆڕانی نەوە: نەوەی Z و نەوەکانی دوای ئەو بە دوو تایبەتمەندیی دیاریکراو دەناسرێنەوە:

    ١. پارێزراوی بەرامبەر پڕوپاگەندە

    ٢. بێمتمانەیی تەواو بە گێڕانەوەی فەرمی

دوژمنسازی لە بەرامبەر ئەم نەوەیەدا، وەک تەقەکردنە بە تفەنگێکی دارین. ئەمە واتە بێسوودە و بەو مانایەیە کە ئەم نەوەیە بە تەواوی بێمتمانەن بە گێڕانەوە فەرمییەکە، هیچ پەیوەندییەکی سۆزدارییان بە ئایدیۆلۆژیای حکوومەتەوە نییە و تەنیا ئەو کارە دەکەن کە لە ئێستادا بەلایانەوە ڕاستە و دوای ناخەن بۆ داهاتوو.

١٠- دەرەنجام

دوژمنسازی ناوکی سەرەکیی مانەوەی کۆماری ئیسلامییە. ئەم دیاردەیە نە تاکتیکە، نە هەڵبژاردن، بەڵکوو ناسنامەی ئەم حکوومەتە ئایدیۆلۆژییەیە. تا ئەو کاتەی حکوومەت توانای دابینکردنی خۆشگوزەرانیی نییە و بێ شەرعییەتی کۆمەڵایەتییە، ناتوانێت خەڵک یەک بخات. بۆیە، ترس وەک ئامرازی سەرەکیی مانەوەی دەمێنێتەوە و دوژمنسازیش بەردەوام دەبێت.

بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جیاوازیی دروست کردووە ئەوەیە کە دوژمنسازی چیتر باوەڕپێکراو نییە و هەر سیستمێک چەمکی دوژمنسازییەکەی بڕووخێت، پێکهاتە سیاسییەکەشی تووشی داڕمانی هزری دەبێت. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ناکارامەی کۆماری ئیسلامیدا دەبینرێت: داڕمانی «گێڕانەوە»، نەک هێشتا داڕمانی «پێکهاتە». کاتێکیش گێڕانەوە بڕووخێت، پێکهاتەش زوو یان درەنگ بەدوایدا دێت.