کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی مامۆستایانی زانکۆ و لێکۆڵەران لەمەڕ کەمکردنەوەی بوودجەی ناوەندەکانی سەر بە عەلی خامنەیی

12:36 - 17 سەرماوەز 2725

زیاتر لە ١٨٠ مامۆستای زانکۆ، لێکۆڵەر و توێژەر و پسپۆڕانی بواری زانستی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نامەیەکدا ڕوو لە مەسعوود پزشکییان خوازیاری ئەوە بوون کە بە ڕەچاوکردنی دادپەروەری لە چاکسازیی نرخی بەنزیندا، بوودجەی هەندێک لەو ناوەندانەی کە عەلی خامنەیی ڕاستەوخۆ سەرپەرەسییان دەکات، ببڕێت.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا واژۆکەرانی ئەو نامەیە ڕوو لە سەرۆککۆماری ڕێژیم نووسیویانە: "وێڕای چاکسازیی نرخی بەنزین و وزەکانی دیکە بە شێوەی دادپەروەرانە، دەبێت پێداچوونەوە بە بوودجەی هەندێک لە ناوەندەکانی دیکەشدا بکرێت".

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "سەرۆککۆمار دەبێت بوودجەی ئەو ناوەندانە کە هیچ ڕۆڵ و شوێندانەرییەکیان لەسەر خزمەتگوزاریی گشتیدا نییە و قازانجێکی ئەتۆیان نییە، ببڕدرێت".

واژۆکەرانی ئەو نامەیە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە "لەکاتێکدا کە دۆخی ژیانی خەڵک زۆر دژوارە و دوورەدیمەنێکی ڕوون و دڵخۆشکەر بەدی ناکرێت، تەرخانکردنی پارە و بوودجەیەکی زۆر بۆ ئەو ناوەندانەی کە پێوەندییان بە قازانجی گشتییەوە نییە، چ پێویستێک دەکات؟".

لەو نامەیەدا بە ئاشکرا ئاماژە بە ناوەندە عەقیدەتی، ئایینی و پڕوپاگەندەکانی وەک وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی و هەموو لق و پۆیەکانی کراوە و نووسراوە: "بوودجەیەکی زۆر بۆ ئەو ناوەندانە لەبەرچاو گیراوە و تەنیا ئەرکیان لە ڕاستای پەرەپێدانی بەهاکانی حکوومەت و شۆڕشی ئیسلامیدایە و هیچ قازانجێکیان بۆ کۆمەڵگە بەگشتی نییە".

هەروەها لەو نامەیەدا ئاماژە بە بڕینی بوودجەی ناوەندگەلێک وەک "ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی، ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکان، شۆرای هاواهەنگیی تەبلیغاتی ئیسلامی، نووسینگەی تەبلیغاتی حەوزەی عیلمییەی قوم، نوێنەرایەتی وەلی فەقیە، بنکەی ناردنی ئاخوند بۆ ناوچە جیاوازەکان، ناوەندی سیاسی و سەربازییەکان لە زانکۆکان" لە نێوخۆ کە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمدان، کراوە.

شایانی باسە لەو نامەیەدا بێجگە لەو ناوەندانەی نێوخۆ ئاماژە بە ناوەندەکانی دەرەوەی ئێرانیش وەک "سینەمای ئایینی، ناوەندی جامیعەی ئەلموستەفائۆلعالەمییە، مەجمەعی تەقریبی مەزاهیبی ئیسلامی، ناوەندی تەبلیغیی فەرهەنگی ئیسلامی" کراوە و نووسەرانی ئەو نامەیە خوازیاری بڕینی بوودجەی هەموو ئەو ناوەند و بنکانە بوون.

شایانی باسە هەموو ئەو ناوەند و بنکانەی کە لە نامەی مامۆستایانی زانکۆ، لێکۆڵەران، تویژەران و کارناسانی بواری زانستی ئابووری و کۆمەڵایەتدا ئاماژەیان پێ کراوە، ساڵانە بە بڕیاری عەلی خامەنی سەدان میلیارد دۆلار لە سامانی خەڵکی ئێران و بوودجەی ساڵانەیان بۆ تەرخان دەکریت و تەنیا کارایی و بوونیان لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی ڕێژیم، مانەوەی عەلی خامنەیی لەسەر هێرەمی دەسەڵات و پەرەپێدانی ئیدۆلۆژیی کۆنەپەرەستانەی بەرپرسانی ڕێژیمدایە و هیچ خێر و بەرژەوەندییەکی گشتییان بۆ خەڵکی ئێران تێیدا نییە.