کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراو لەبارەی تێرۆری ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر

22:08 - 25 خەزەڵوەر 2723

بۆ بیر و ڕای گشتی!

بە ئاگاداریی هەموو لایەک ڕادەگەیەنین سەر لە ئێوارەێ ئەمرۆ پێنج شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی (١٦ی نوامبری ٢٠٢٣ی زایینی) سۆهراب ڕەحمەتی، ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارێزەر و نیشتەجێی شاری هەولێر و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە شوێنی ژیانی لە بەردەم "هانا سیتی" تەقەی لێ کراوە و بەتوندی بریندارە.

سۆهراب ڕەحمەتی کادری پێشووی حیزبی دێموکرات کە پارێزەری چەند پەروەندەی وەک تێرۆری شەوی یەلدای بەردەم دەفتەری سیاسیی حیزب (١٣٩٥- ٢٠١٦)، پەروەندەی تێرۆری شەهید قادر قادری (١٣٩٦-٢٠١٨) و پەروەندەی تێرۆری مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات (١٣٩٧-٢٠١٨) بووە، پێشتریش بە بەردەوامی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە،

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێ کە هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر سۆهراب ڕەحمەتی دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتە و، چاوەڕوانیی لە دەزگای داد و  ناوەندە ئەمنیەتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەدواداچوون بۆ ئەو کردەوە تێرۆریستیە بکا، بکەرانی ئەم جینایەتە بدۆزێتەوە و لەگەڵ لە قاودانی ئەم جینایەتە تاوانبارانی سەرەکی بە سزای تاوانەکانی بگەیەنێ.

زانیاری و ورەکاریی زیاتر لە ڕاگەیەندراوەکانی داهاتوودا بڵاو دەکەینەوە.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوندی تەشکیلات

٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢