کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هانا نیومەن: ڕێژیمی ئێران وڵامی ئازایەتی بە بەندیخانە، فیشەک و سێدارە دەداتەوە

16:14 - 25 خەرمانان 2726

هانا نیومەن، نوێنەری ئاڵمان لە پارلمانی ئورووپا، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە وتارێکدا لە پارلەمانی ئورووپا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ٤ ساڵ لە کوشتنی ژینا ئەمینی، هێشتا وڵامی ئازایەتیی خەڵک بە بەندیخانە، فیشەک و سێدارە دەداتەوە.

نیومەن بە ئاماژەدان بە سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٤٠١ـەوە تا ئێستا دەیان هەزار لاوی کوشتووە، زیندانی کردووە یان ناچاری بەجێهێشتنی نیشتمانی کردوون.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم نەوەیە ئێرانی گۆڕیوە، ئەگەرچی دەسەڵات هێشتا نەگۆڕدراوە."

ئەم نوێنەرەی پارلەمانی ئورووپا ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژاوا بەرانبەر کۆماری ئیسلامی گرت و وتی: "ئێرانییەکان مافی خۆیانە بپرسن: ئەرێ ئەو هەموو بەڵێنەی ڕۆژاوا چییان بەسەر هات؟"

نیومەن داوای گرتنەبەری هەڵوێستی توند و کردەیی دژ بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد و وتی: "دەبێت دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم لە ئورووپا دەربکەین، بەرەنگاری سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکان ببینەوە، سزاکان بە تەواوی جێبەجێ بکەین و هەرگیز ئەوانەی لە پشت میلەکانی بەندیخانە و لە ڕیزی لەسێدارەدانن لەبیر نەکەین."