کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

17:00 - 21 بەفرانبار 2723

پەیمان عەبدی، لاوی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانبار، پەیمان عەبدی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی بەشی نەوسود سەر بە شاری پاوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئاگاهییەوە لە کرماشان دەسبەسە کرابوو و بەهۆی ئەشکەنجەوە چووبووە حاڵەتی کۆماوە، لە نەخۆشخانەی ئەرتەشی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەکەیان ڕایگەیاندووە کە بە هۆی گیرکردنی خواردن لە قوڕگیدا گیانی لەدەست داوە و هەڕەشيیان لێ کردوون کە لە بەمیدیایکردنی هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان خۆ ببوێرن.

ئەم ئیدعایە لەکاتێکدایە کە پزیشکەکانی نەخۆشخانەکە بە بنەماڵەی عەبدییان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان بە هۆی بەرکەوتنی شتی قورس و سەخت لە سەری گیانی لەدەست داوە.

پەیمان عەبدی، ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ئەمساڵ لە یەکێک لە شەقامەکانی کرماشاندا، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهییەوە دەسبەسەر و پاش ئەشکەنجەی زۆر، چووبووە حاڵەتی کۆماەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری دەسبەسەرکرانی پەیمان عەبدییان، دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم ڕاگەیاندووە.