کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرادە و ویستی بەکۆمەڵ، پێناسەی نەتەوەیەک

17:31 - 30 خەرمانان 2726

ڕەزا دانشجوو

فەیلەسووف و مێژوونووسی فەڕەنسی ئێرنست ڕێنان (Ernest Renan) لە وتارە بەناوبانگەکەیدا بە ناونیشانی «نەتەوە چییە»، نەتەوە بە «ئیرادە و ویستی بەکۆمەڵ» بۆ پێکەوەژیان و پێکەوەبوون پێناسە دەکات.

بەپێچەوانەی زۆرێک لە تیۆرییەکانی دیکە، «ڕێنان» پێی وایە کە ڕەگەز، زمان، ئایین و جوگرافیا بنیاتنەر یان دیاریکەری نەتەوەیەک نین. ڕێنان ئەمریکا وەک نموونە دەهێنێتەوە، کە چۆن زمانی ئینگلیزی وەک زمانێکی هاوبەش دەتوانێت تاکەکان بۆ یەکگرتوویی بانگهێشت بکات بەڵام گەرەنتیی یەکێتیی نەتەوەیی ناکات.

لە ڕاستیدا بە بڕوای ڕێنان، ئەوە ئیرادەی بەکۆمەڵ و ویست و خواستی گشتییە بۆ پێکەوەژیان کە بنەما و بناغەی نەتەوەیەک پێکدەهێنێت.

چاوخشاندنێکی کورت بە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو لە کوردستان بەگشتی و لە ڕۆژهەڵات بەتایبەت، بەڕوونی دەرخەری ئاسەواری ئەم ئیرادە، ویست و خواستە گشتییەیە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورددا بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆی؛ ئیرادەیەکی بەهێز بەدەر لە زمان، نەریت و سەروەت و سامانی کولتووریی هاوبەش!

مێژووی ئەم وڵاتە شکۆدارە پڕە لەم ئیرادە و ویستە بەکۆمەڵە بۆ پێکەوەبوون، بۆ بەرخۆدان و مانەوە، بۆ پێکەوەژیان!

وەک نموونەیەک، «ژ-کاف» لە سەختترین بارودۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسیی کورددا هاتە ئاراوە؛ کۆمەڵێک ڕۆشنبیری ئاگادار و زانا کە چاودێریی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی کۆمەڵگەکەیان دەکرد و بیریان لەوە دەکردەوە چۆن دەتوانن و دەبێت کۆمەڵگەکەیان لە ئاسمیلەکردنی فرەچینی سەردەمی پەهلەوی ڕزگار بکەن؛ لەو شوێنەی کە بیرۆکەی «یەک نەتەوە، یەک ئاڵا»ی پەهلەوی بڕیار بوو هەموو نەتەوە غەیرە فارسەکان لەناوبەرێت و هەموو سەروەت و سامانی کولتوورییان بسڕێتەوە. پێشهاتەکانی دواتر و لەدایکبوونی حیزبی دێموکرات و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە لایەن پێشەوای مەزنەوە، درێژەی ئەم پرۆسەیە و خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی و پێناسەکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد. چ لە سەردەمی جووڵانەوەی «ژ-کاف» و چ دواتر لە کۆماری کوردستاندا، بێگومان گەورەترین پارێزەر و یارمەتیدەری سەرەکی، «ئیرادەی بەکۆمەڵی» کوردستانیان بوو؛ ئیرادەی بەکۆمەڵ بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامەی دەستبەسەرداگیراو! خاڵێکی گرنگ کە لێرەدا دەبێت ئاماژەی پێبکرێت، ئەوەیە کە ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا چەمکێکی تەواو نوێیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩! ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ڕابردوودا سنوورەکان بەو شێوەیەی ئەمڕۆ بوونیان نەبووە و لەسەر بنەمای پێکەوەژیان بووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ئیسلام بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆڵی نەتەوەییی دەگێڕا و لە لایەن کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەوە بێ گوێدانە جیاوازیی زمانی و کولتووری قبووڵکراو بوو!

لە ڕاستیدا ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بۆ خۆپاراستن لە سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و بەرگریکردن لە بەها و نۆرمەکانی کورد، کاتێک دروست بوو کە داگیرکەرانی کوردستان زۆر ئاشکرا و بەڕوونی خۆیان لە پرەنسیپی پێکەوەژیان دوور خستەوە و هەوڵیان دا نۆرم، کولتوور و زمانی خۆیان وەک نەتەوەی باڵادەست بەسەر گەلی کورددا بسەپێنن.

خاڵێکی سەرنجڕاکێش کە لێرەدا دەبێت ئاماژەی پێبکرێت، بەشداریی بەربڵاوی بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەت باشووری کوردستان لە کۆماری کوردستاندایە، کە ئەوە نیشان دەدات چۆن ئەم ئیرادە و ویستە بەکۆمەڵە بۆ پێکەوەژیان وەک نەتەوەیەک، سنوورە دەستکردەکان وەلا دەنێت و بە بەزاندنی بەربەست و ئاستەنگەکان، بەرەو وەرگرتنەوەی شوناسی دەستبەسەرکراوی خۆی هەنگاو دەنێت.

ئێرنست ڕێنان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نەتەوەیەک نەک تەنیا بە یادەوەرییە هاوبەشەکان، بەڵکوو بە «لەبیرکردنی توندوتیژی، شەڕ و هەڵەکانی ڕابردوو» دەمێنێتەوە؛ یەکێتیی نەتەوەیی بە مانای توانای هاوبەشکردنی ئەو لەبیرچوونەوەیە و تێپەڕبوونە لە زام و برینە کۆنەکان.

جێپێی دێڕ بە دێڕ و وشە بە وشەی ئەم ڕستانەی ئێرنست ڕێنان دەتوانرێت لە مێژووی خەباتی ساڵانی گەلی کورددا بدۆزرێتەوە. سەرکوتی خوێناوی و دڕندانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە لایەن داگیرکەرانەوە لە دەیان خاڵی مێژووییدا، نەک هەر بچووکترین کاریگەریی لەسەر پرۆسەی ئازادیخوازیی گەلی کورد نەبووە، بەڵکوو هەر جارە و خەبات لە شوێنێکی ترەوە بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە دەستی پێکردووەتەوە. دیارە وەستان بۆ ماوەیەکی کورت و دیاریکراو یان گۆڕینی شێواز و شێوەی خەبات و بەرخۆدان بە هۆکارگەلێکی جیاواز و بارودۆخی نەگونجاو و نەخوازراو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و قبووڵکراوە، بەڵام خەبات و بەرخۆدان بەردەوام بووە. هەر لە سەرکوتکردنی خوێناویی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوای نەمر و هەڤاڵانی لە لایەن پەهلەوییەوە تا تیرۆرکردن و لەسێدارەدانی دەیان سەرکردە و هەزاران تێکۆشەری شەهید، هیچ کام لەمانە ئەم ڕێبازە شکۆمەندەیان ڕانەگرتووە. بە دڵنیاییەوە هەڵە، خەتا، ناکەرامەیی و لێنەوەشاوەیی زۆر لەسەر ئەم ڕێبازە ڕوویان داوە و ئەزموونی زۆر تاڵ وەک تێکهەڵچوون، لادان، دابڕان و تەنانەت شەڕی براکوژیش نەیتوانیوە کۆتایی بەم ڕێگا شکۆدارە بهێنێت. ئەم ئیرادە و ویستە گشتییە بۆ پێکەوەبوون و پێکەوەمانەوە بووە کە کۆتاییهێنەری هەموو ئەم ململانێ و ناکۆکییانە بووە و دەوا و دەرمان، چارە و چارەسەری هەموو برینە کۆن و تازەکان بووە و دەبێت.

کاتێک دوای شۆڕشی ١٣٥٧ و دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی شۆڕش لە لایەن خومەینی و دارودەستەکەیەوە، لە سەرتاسەری ئێراندا و لەژێر کاریگەریی پۆپۆلیزمی کۆماری ئیسلامیدا زۆرینەی خەڵک ملکەچی فەرمان و قسەکانی خومەینی دەججال بوون، ئەوە ئیرادە و ویستی بەکۆمەڵی کوردستانیان بوو کە بێ هیچ دڵەڕاوکێ و دوودڵییەک، بایکۆتی ڕیفراندۆمی گاڵتەجاڕی کۆماری ئیسلامیی کرد! هەرچەند باجی ئەم بایکۆتکردنە، هێرشێکی دڕندانە و ترسنۆکانە و ساڵانێک وێرانکاری، هەڵاواردن، کینە و ڕقێکی بێکۆتایی بوو، بەڵام هەر ئەم ئیرادە و ویستە بەکۆمەڵە بوو کە ئەم قۆناغە سەخت و دژوارەشی تێپەڕاند. هەر ئەم ئیرادە گشتییەی کوردستانیان بوو کە دوای کوشتنی کیژۆڵەیەکی بێتاوان و بێئازاری کورد لە لایەن ڕێژیمەوە وەها هاتە خرۆش کە بناغەی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی هەژاند؛ هەژاندنێک وەها بەسام کە لەو ڕۆژەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنانەت ساتێکی ئارامیشی نەبینیوە و بێگومان ئیتر هەرگیز نایبینێت. هەر ئەم ئیرادە و ویستە پیرۆزە بوو کە کاتێک سوپای ڕەشایی هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژهەڵات خەو لە چاوانی نەهات و لە ڕۆژئاوا زیاتر نیگەران و بەپەرۆش بوو. ڕاستیی ئەوەیە هەر کات بەشێک لە جەستەی ئەم جوگرافیا بەندکراوە بە هەر هۆکارێک تووشی ئازار و ژانێک بووبێت، تەواوی ئەم جەستەیە بووە بە چاو، بووە بە گوێ، بووە بە زمان و بووە بە یارمەتیدەر، چارە و چارەسەر.

بێگومان زمان و کولتووری هاوبەش دەتوانێت نیشانەی نەتەوەیەک بێت، بەڵام زۆر لەوە زیاتر، ئەوە ویست و ئیرادەی بەهێزی گشتییە بۆ پێکەوەبوون و پێکەوەمانەوە کە دەتوانێت ببێتە پردێکی قایم و بەرین بۆ پەڕینەوە و دەربازبوون لە کێشە و ئاستەنگەکان. هەر ئەم تایبەتمەندییە ناوازەیە، کوردستانی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و کوردی وەک یەک نەتەوەی زیندوو هێشتووەتەوە! ساڵانێک ئاسیمیلاسیۆنی پلاندارێژراو و ئامانجدار و سەپاندنی زمان و کولتوورێکی ساختە هیچ شتێکی نەگۆڕیوە! ڕەنگە کەم نەبن ئەو کوردانەی کە تەنانەت توانای قسەکردنیان بە زمانی کوردی نییە، یان بە واتایەکی تر لێیان سەندراوەتەوە، بەڵام زیاتر لە زۆر کەسی تر پەرۆش و خەمخۆری وڵات و نیشتمانەکەیانن.

«ڕێنان» میللەت بە دیاردەیەکی وەستاو، نەگۆڕ و بەمیراتگەیشتوو نازانێت، بەڵکوو وەک «ڕیفراندۆم و ڕاپرسییەکی ڕۆژانە» باسی لێوە دەکات کە ڕۆژانە بە ئیرادە و ڕێککەوتنی هاووڵاتییان بۆ پێکەوەژیان بەردەوام دەبێت.

ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە ڕابردوو، دەیان نموونەی بێوێنە لەم ڕیفراندۆم و ڕاپرسییەمان لە کوردستان پێشان دەدات:

کۆماری کوردستان، بایکۆت و «نا»گوتن بە ڕیفراندۆمی گاڵتەجاڕی کۆماری ئیسلامی، بەرخۆدانی کۆبانی، ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی و دەیان نموونەی دیکە! ڕیفراندۆم دوای ڕیفراندۆم! ڕاپرسی دوای ڕاپرسی!

و ئێستا تازەترین ئەڵقەی ئەم ڕیفراندۆم و ڕاپرسییە بەردەوامە!

ساڵیادی شۆڕشی ژینا! مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵات! شەقام بە شەقامی نیشتمان! زیندووتر و دڵنیاتر لە هەمیشە، بۆ پێکەوەبوون، بۆ پێکەوەژیان، بۆ پێکەوەمانەوە!

خرۆشی دووبارەی ئیرادە و ویستی کۆڵنەدەر و سەربەرزی بەکۆمەڵی کوردستانیان! پێناسەی نەتەوەیەک!