شاڕوخ حەسەنزادە
له ڕەشەممەی ساڵی ١٢٩٩، پاش کودتایهکی نیزامی که به یارمهتیی ئینگلیس کرا، ڕەزا میرپەنج (ڕەزاخان) دێته نێو ناوان و سەرەتا وەک وەزیری شەڕ، پاشان سەرۆکوەزیران و دواجار لە ساڵی ١٣٠٤ـی هەتاوی له تاران تانجی پاشایەتیی لهسهر نا و زنجیرهی "پەهلهوی"ی ڕاگهیاند. ناوبراو له سهرهتای گەیشتن بە دەستەڵات ههوڵی سەرکوتی بێبەزەییانەی ههموو ئهو بزاڤ و بزووتنهوە نەتەوەییانەی دا که بۆ گەیشتن به مافی خۆیان لە ڕوانگهی شاوە دهبوونه هۆی مەترسی بۆ سەر دەستەڵاتەکەی، وهک جووڵانهوهی سمکۆ، ڕاپەڕینی جافرسوڵتان، حهمهڕهشیدخانی بانه، مهلا خهلیلی گۆرهمهری و...
بۆ لەنێوبردنی شوێنەواری نەتەوەیی، مێژوویی و کولتووریی ئەم گەلانە پلانێکی تۆکمه و درێژخایەنی نامەدەنی خرایە گەڕ کە مەبەستی تواندنەوەی گەلانی غەیری فارس بوو. هێرش و هەڕەشە، گرتن و ئەشکەنجە، ڕاوەدوونان و تاراندن بە شێوەی کردەی چڕ و نووسین و چهواشهکاری له مێژووی کۆن و نوێ، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، قەدەغەکردنی ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان و جلی نەتەوەیی؛ دانانی شۆرهت، داتاشین و بەسەردابڕینی ناوی "ئێران" بۆ ئهو جوگرافیایه و... ھەموو وەک سیاسەتێکی نەرم بۆ ئەوەی نیشان بدرێ، لە ئێراندا تاقە نهتهوهیهک ھەیە، ئەویش قهومی فارسە (که ئێستا پێی دهگوترێ نهتهوهی ئێران).
دوای دهستپێکردنی شهڕی جیهانیی دووههم، وڵاتی ئێران بێلایهنیی خۆی لهو شهڕهدا ڕاگهیاند، بهڵام به دوو هۆکاری؛ بهربڵاوبوونی سنوورهکانی ئێران دهگهڵ یەکیەتیی سوڤیهت و، دهرگیربوونی سۆڤییەت دهگهڵ ئالمان ئهم بێلایهنییە بووە دەرفەت هەتا سپای "هاوپهیمانان" به پاساوی هەبوونی سیخوڕە سەربازییەکانی ئالمانی له ئێران، بڕیار بدەن له کۆریدۆڕی ئێران کهڵک وهرگرن، ههربۆیه ئهو هێزانه له ٢٥ی ئوتی ١٩٤١ لە باشوور و باکوورڕا هێرشیان کردە سەر ئێران و داگیریان کرد. ڕزاخان بە گوشاری وڵاتانی هاوپهیمان بهتایبهت بریتانیا وازی له دهستهڵات هێنا و دوایە بهو ئاکامه گەیشتن کوڕهکهی ڕەزاخان (حهمهڕەزا) که جێگرهوهی پێشووشی بووە، بکهنه شای ئێران.
دوای کۆتاییهاتنی شهڕی جیهانیی دووههم، سپای بریتانیا بهپێی ڕێککهوتنێک دهگهڵ ئێران، ئهو وڵاتهی چۆل کرد، بهڵام هێزهکانی سپای سووری سۆڤیەت ئهو ڕێککهوتنهیان لا پهسهند نهبوو و لهو وڵاته مانهوه ههتا دوو ناوچهی ئازهربایجان و کوردستان دهوڵهتی سهربهخۆی خۆیان ڕاگهیاند.
ئەگەر دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و لە گرێبەستی "وەرسای"دا هەموو ئەو گوشار و زەخت و بێگاری و چەوساندنەوانەی وڵاتانی هاوپەیمان بەسەر ئاڵمانیان داسەپاند و، ئاکامەکەی دواتر خۆی لە حکوومەتی فاشیستیی هیتلێریدا دیتەوە کە دەمێک بوو موسولینییش لە ئیتالیا بەو شێوازە تۆتالیتەرە حوکمی دەکرد؛ واتە ئەگەر بەرهەمی گوشاری فەرانسە و ئالمان و ئۆتریش کە خرابووە سەر ڕۆسەیەی دوای ناپێلئۆن، لە بەرامبەردا بە دژکردەوەیەکی هزری لەبەرامبەر لیبراڵیزمی ڕۆژئاوایی؛ کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانە گوورا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی بە ئاقاری شۆڕش، توندوتیژی، شەڕی ناوخۆیی، ئاڵۆزی، داڕمان و بێسەروبەری برد و لە ئاکامدا زەختەکان بۆ سەر ئالمانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانییش، هیتلەری فاشیست و دوژمنی مرۆڤایەتی سەری هەڵدا، سرووشتیه لهههمبهر ئهو ھەمووه زوڵم و غهدرەی لە کوردیش دەکرا دەبوو دژکردهوه ههبێ؛ بەڵام لە چەشنی کردەوەیەکی مەدەنی و پێشکەوتوو.
شهڕی جیهانیی دووههم ئهو دهرفهتهی بۆ کورد ڕهخساند تا له نهبوونی دهستهڵاتی سەرکوتگەر و هەراوی شا له ناوچهکه بهتایبهت ناوهندی ڕۆژههڵاتی کوردستان بزاڤی مافخوازانهی کورد جارێکی دیکە بە وێڕژێنێکی نوێ و ناوازە لە ئاست ناوچەکە سهرههڵدهنهوه. سەرەتا ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ کۆمەڵێک لاو بە مەبەستی پێکهێنانی "ک.ژ.ک"، ڕێکخراوێکی سیاسی کورد لە باغی حاجی داودی (لە مەهاباد) کۆ بوونهوه و دواتر لە مانگی بانهمهڕی ١٣٢٢ـی ههتاویدا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانتر وەک کۆنگرەی یهکهمی ئەو کۆمەڵەیە گیرا. کۆمەڵەی ک.ژ.ک ڕێکخراوێکی ناسیۆنالسیتی و نیشتمانپەروەر بوو و خواستی سهرجهم چین و توێژەکانی کوردی بهرز کردبۆوه، بەڵام لەبەر نهێنیبوونی، نهیدهتوانی بهئاشکرا جموجۆڵی بەرفراوانی هەبێت. ههر بۆیه له یهکهم ههنگاوهکانیدا دهستی به بڵاوکردنهوهی گۆڤاری نیشتمان کرد. لە ماوەی چەند ساڵدا، بە بڵاوبوونەوەی بیروڕاکانی "ژێکاف" لە شهبهنگی جەماوەریی خەڵکی کوردستاندا ھیوا بە داھاتوو پهنگی دایهوه. دواتر ساڵی ١٣٢٤ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای فکریی کۆمەڵە دامەزرا و چەند مانگ دواتر ئەو حیزبە توانی لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤، کۆمارێکی دێموکراتیکی کوردی لە مهاباد دابمەزرێنێت کە بەپێچەوانەی زۆرێک لە گەلانی جیهانی، کە دوای چەوساندنەوە و قڕکردن، تۆڵەیان دەکردەوە و وەک دیتران دەجووڵایەوە، لە کۆماری کوردستاندا مەدەنییەت ڕەگی داکوتا و هەموو پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی جیاوازی نیشتەجێ لە جوغرافیای کۆماری کوردستاندا بەوپەڕی ئاشتی پێکەوە دەژیان.
لە بەندێکی مەرامنامەی کۆمەڵەکەدا هاتوە کە کۆمەڵەی ژێکاف لە سەر چوار کۆڵەکەی ئیسلام، کوردایەتی، مەدەنییهت ، سوڵح و ئاشتیخوازی ڕۆ نراوە. کهواته کورد لەو بەشەی کوردستان دوای ئەو هەمووە زوڵمەی لێی کرابوو، نەک فاشیزم و شەڕ و تاڵان و تۆڵەی لێنەکەوتەوە، بەڵکوو ئاشتی و مەدەنییەت وەک بنەما و ئهستوونه بههێزهکانی دامهزراندن و فهلسهفهی وجودیی دامەزرێنەرانی حیزب و کۆمار و دۆکترینی داهاتووی لێهات.
مانای مەدەنییەت لە هزری سیاسی-کۆمەڵایەتی، پێوەندی لەگەڵ چەمکگەلی وەک شارستانییەتەوە هەیە، کەوابوو ئەم چەمکە تەنیا مانایەکی ئەخلاقی نییە کە بکرێ دەگەڵ کردەی ئاکاریی هەڵسەنگێندرێ، بەڵکوو چەمکێکە زاڵ بەسەر سامانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو کۆمەڵگەیەک. مەدەنییەت شێوازی پێوەندی لەهەمبەر بنەمای جیاوازییەکان و دژایەتییەکانە کە لە چاخەکانی پێشوو ڕێزی لێ نەدەگیردا. بەپێی ماددەی یەکەم و دووهەم لە جاڕنامەئ جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا، هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک بوونە و لە بواری ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و ئایین و زۆر شتی دیکە شایەنی ئەوەن وەک یەک چاو لێ بکرێن و ڕێزیان لێ بگیرێ. ئەو جیاوازییانە بە شێوەیەکی بەرامبەرخوازانە دەرک بکرێن، واتە مرۆڤەکان لەهەمبەر جیاوازییەکاندا وەک یەک سەیر بکرێن و، ئەو پێوەندییەی نێوان تاک و کۆمەڵگە دەبێتە مەدەنییەت. زۆرجار ئەو چەمکە وەک شارنشینی لەبەرامبەر دێنشینی پێناسە دەکرێ، بەڵام ئەو مانایە لەجێی خۆیدا نییە و هەرچەند مەدەنییەت لە "مدینە"ـەوە دێت و ئەویش بە واتای شار یان پۆلیس لە یەونانی کۆنەوە هاتووە، لێبەلێ، لێرەدا مەدەنییەت بەو مانایە نوێیەیە کە دەستەڵاتی یاسا و تەکووزی بەربڵاو لە بەرامبەر فۆڕم و بیچمی کۆمەڵگەی عەشیرەیی و سەلیقەیی پێک دێت.
سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات وەک حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بەردەوام مەدەنییەتییان وەک فەلسەفەیەکی نەگۆڕ بەو پێوەرانەی باسمان کرد پاراستوە و بەدرێژایی نزیک ٨٠ ساڵ خەبات وەک ئەرکێکی ئەخلاقی بەڕێوەی دەبەن. ئەم خاڵە گرنگە دەکرێ لە سێ قۆناغی جۆراوجۆری لە کۆماری کوردستانەوە هەتا هاتنەوەی د. قاسملوو بۆ نێو ڕیزەکانی حیزب، لە د. قاسملووە هەتا دوای تێرۆر کردنی د.شەرەفکەندی و لە دوای هاتنە خوارەوە لە قەندیل هەتا شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دەستنیشان بکرێ.
قۆناغی یەکەم، کۆماری کوردستان هەتا د. قاسملوو (١٣٢٤-١٣٤٩)
کاتێک کۆمەڵەی ژێکاف بە جۆرێک خۆی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دەتوێنێتەوە، و ئەو حیزبەش بە کەلکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی ئارایی، کۆماری کوردستانی دادەمەزرێنێ، کەواتە گوورانی کۆمار لە ک.ژ.ک ـەوە بووە و ئەم سێ ڕەوتە سێ جەستە بوون لە قالبێکدا. ئەگە مەدەنییەت وەک ئەستوونێکی کۆمەڵە بووە، ئەوە لە کۆماری کوردستاندا بە کردەوە، تایبەتمەندییەکانی مەدەنییەت لەو حکومەتەدا نەک هەر ڕێزیان لێ گیراوە بەڵکوو کاریان پێ کراوە. دامەزراندنی وەشانخانە، دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە، شانۆ، دامەزرادنی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان، کەلکوەرگرتن لە ماتەوزەی ژنان کە هێشتا لە زۆر وڵاتدا باو نەبوو و بە شێوەی نەریتی ژن دەچەوسایەوە، باوەڕمەندبوون بە چارەسەرکردنی پرسەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، برەودان بە چالاکییە جۆربەجۆرەکانی زمانی، کولتووری، هونەری، بازرگانی، خەدەمات، ڕیزگرتن لە نەتەوە و ئۆل و ئایینی جیاواز لە تایبەتمەندییەکانی مانایی مەدەنییەت لەو سەردەدا بوو کە کوردی خۆرهەڵات، یەکەم حیزب و کۆماری مۆدێڕنی دامەزراندبوو.
لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و لە یەکەم دەرفەتدا هەر بە نەریتی ک.ژ.ک و کۆماری کوردستان، لە سەردەمی محەممەد موسەدق و دوای ڕاگەیاندنی خۆماڵیکردنی پیشەی نەوت، کۆمیتەی مهابادی حیزبی دێموکرات کوردستان دوای نسکۆی کۆمار بە بەستنی یەکەم میتینگ پشتیوانی لە بڕیاڕی سەرۆکوەزیران سەریهەڵدایەوە. یان لە هەڵبژاردنەکانی خوڵی حەڤدەهەمی پارلمان (١٣٣١) کۆمیتەکانی حیزب لەو دەرفەتە کەمەی بۆ چالاکیی مەدەنی هاتبووە ئاراوە توانییان بەشداری بکەن و چوونکە ئەوکات حیزبی دێموکراتی کوردستان خەباتی ئاشکرای نەبوو و نەیدەتوانی نوێنەری هەبێ, بەڵام بە پشتیوانی لە دوکتور سارمەدین سادقوەزیری بە کردەوە ئەوەی کردە کاندیدی حیزب و لە ئاکامدا چالاکی سیاسی و مەدەنیی تێکۆشەرانی کورد لە کوردستان دەنگی هێنایەوە. دوای ئەم ڕووداوە و پێکهێنانی کابینەی دووهەم لەلایەن موسەدیقەوە، ئەو بۆ پتەوترکردنی پێگەی سیاسی کۆمەڵایەتیی خۆی هەوڵی دا لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی، چاکسازی لە کشتوکاڵ و شێوازی باج و ماڵیات گۆڕانکاری بکات. ئەمەش هەمدیسان لەلایەن خەڵکی کورد بەتایبەتی چینی چەوساوەوە کە بەردەوام بۆ تێکۆشان لەسەر پێ بوو، کرا بە دەرفەتێک و ڕاپەڕینێکی جووتیاری سەریهەڵدا و بەبێ ئەوەی کەس بکوژن، خەڵکێک ئازار بدەن و یان خراپەکاری لەتەک کەسێک بەتایبەت ئاغا و دەربەگ بکرێ چالاکییەکانیان بەردەوام بوون.
ئەگە هەر لەم قۆناغەدا خەباتێکی چەکدارانە (٤٦-٤٧) سەر هەڵدەدا، لەبەرامبەر نامەدەنییەتی دەستەڵاتی ناوەند هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە بووە کە لەلایەن کۆمەڵێک لاوی شۆڕشگێر بۆ کردنەوەی دەرفەتێکی هەناسەکیشان بۆ بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد بوو کە بەهەموو شێوەیەک بڕستیان لێ بڕیبوو.
قۆناغی دووهەم: لە د. قاسملووە هەتا تیرۆرکردنی د.شەرەفکەندی (١٣٤٩-١٣٧١)
دۆکترینی وجوودیی دامەزرانی کۆمار لە بیر و ئەندیشەکانی د. قاسملوودا ئاوێتە بە پاشخانێکی دەوڵەمەند لە زانست و دنیابینیی مۆدێڕن بوو. د. قاسملوو دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان و گرتنەدەستی جڵەوی ڕێبەریی حیزب لە ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی بە ئاوەز و تێگەیشتنی بەرزی خۆی بەردەوام بە عەقڵانییەتی مەدەنی کاروچالاکی لە حیزبی دێموکراتی برەو پێدا و لە هەموو دەرفەتێکدا هەوڵی دەدا بە شێوازی سیاسی و تێکۆشانی مەدەنی بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەکانی حیزب خەبات بکات. یەکەم کاری گرنگی د. قاسملوو پرسی سەربەخۆیی سیاسیی حیزب وەک هێمای مەدەنییەت بوو کە لەژێر هێژمۆنیی حیزبی توودە و پارتی دێموکرات دەرهێنا و وەک حیزبێکی سەربەخۆی سیاسی تێکۆشانی خۆی بە پەیڕەو و بەرنامەیەکی تۆکمە و نوێی بە پێوەرەکانی ڕۆژ نووسیوە و کاریان پێ کرد.
لە کۆنفرانسی سێهەمەوە (١٣٥٠) کە د. قاسملوو توانی وەک کەسی یەکەم دەستبەکار بێت هەتا دوا ساتی ژیانی و دواتریش لە ماوەی سێ ساڵ سکرتێریی د. سادق شەرەفکەندیدا، توانی هەم ئاسۆیەکی نوێ و ڕوون بۆ حیزب و خەڵکەکەی وێنا بکات، هەم هەوڵی دا ڕێبەریی بەکۆمەڵ لەنێو حیزبی دێموکراتدا بکاتە فەرهەنگ و لەلایەکی دیکەوە لە ڕێگای دامەزراندنی کۆمیسیۆنە جۆراوجۆرەکان و دامەزراندنی زانکۆ لەنێو حیزبدا برەوی بە کولتووری مەدەنی، پەروەردە، زانست و تەنانەت شایستەسالاری لەنێو حیزبی دێموکرات دا و ئەم فەرهەنگە جێ خست.
د. قاسملوو هەروەها لە هەموو ئەو ماوەیەدا کە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوو، بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە فەرهەنگی دێموکراسی و نەزم و دیسیپلینی ڕێکخراوەیی وێڕای پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لەهەمبەر شەڕی داسەپاودا، نەهادینە بکات. ئەوە جگە لەوەی کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و گەڕانەوەی ڕێبەری حیزب و هەر لە یەکەم میتینگ لە شاری مهاباددا دەرکەوتبوو کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی خەڵکی، سیاسی، مەدەنی و دێموکرات و پێشکەوتووخوازە و شەڕ و بەرگریی چەکداری و توندوتیژیشی تەنیا بۆ خۆپاراستن و بەرگری لە مان و مەوجودییەتی گەلی کورد دەوێ کە دیارە ئەویش هەروەک مافێکی دانپێدانراو لەلایەن پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤەوە دانی پێدانراوە. هەوڵی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو مێژووی خۆیدا لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد بە دیالۆگ و جیا لەمەش بەرنامە و یاسا جۆراوجۆرەکانی بۆ کۆمەڵگەی ئازادی ئەو سەردەم ڕۆنرابوون.
قۆناغی سێهەم: دوای هاتنە خوارەوە لە قەندیل هەتا شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی (١٣٧٣-١٤٠١)
لەو قۆناغەدا دەگەڵ نەمانی دوو سەرکردەی مەزن و لێوەشاوەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و تیرۆرکردنیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بەڵام ڕێباز و هێڵی فکری و دۆکترینی حیزب وەها داڕێژرابوو و چووبووە دەمارەکانی، کە سەرکردایەتی نوێش هەر بە هەمان ڕێباز و هێلە فکرییەکانی پێشوودا توانی لەو قەیرانانەی بۆیان درووست کرابوو، هەتا ئاستێکی باش دەرباز بن. ڕێبەریی حیزب لەو قۆناغەشدا بەردەوام باوەڕمەند بوون کە مەدنییەت بکەنە پیشەی سیاسەتیان و، ئەو عەقڵییەتە لە ڕەوتی شۆرشی ژینادا گەیشتە چڵەپۆپە. کاتێک کە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ دوولایەنی حیزبی دێموکرات یەکیان گرتەوە و هێشتا خۆشحاڵیی خەڵک و ئەندامانی حیزب کۆتایی پێ نەهاتبوو، هێزەکانی پۆلیسی ئەخلاقی ڕێژیم "ژینا ئەمینی"، کچە کوردی میوان لە تارانیان کوشت و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەستیان پێ کرد. لەبەر ئەوەیکە حیزب بە شێوازێکی مەدەنی و چالاکانە مەیدانی خەباتی لە ڕۆژهەڵات گرتە دەست و دوای هەر بەیاننامەیەک خەڵک بە پیل داخوازییەکانیەوە دەچوون و، خۆپیشاندان و مانگرتن و شێوازەکانی دیکەی خەباتی مەدەنی لە کوردستان دەستیان پێ کرد؛ هەر زوو ڕێژیم هەستی بە مەترسی کرد. بۆیە بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردە سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزب بۆ ئەوەی ستۆپ بە خەبات و تێکۆشانی مەدەنیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بکات. بەڵام خەبات لە نێوخۆ بەردەوام بوو و ئەو جینایەت و کردەوە تێرۆریستی و کارەساتانەش نەبووە هۆی ئەوەیکە بزووتنەوەی سیاسی بە سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تووشی هەڵە بێ و پەلکیشی شەڕێکی نەخوازراو بێت. بەڵکوو بە بەردەوام بوون بە خۆپێشاندان و مانگرتنەکان بە شێوەیەکی عەقڵانی درێژەی بە کاروچالاکی دا.
قسەی کۆتایی:
مەدەنییەت وەک هێڵی فکری و دوکتورینی حیزبی دێموکرات وەک بنچینەیەکی نەگۆڕ لە هەموو پانتایی ژیانی سیاسیی ئەم حیزبە لە داهاتووشدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی نابێ لە یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا لەبیری بکەین ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە چێکردنی ئەم وێژمانە و ڕچەشکێنی ئەم ڕەهەندە لە فەرهەنگی سیاسیی حیزبی دێموکراتە. پێشەوا وەک ڕێبەێکی کاریزماتیک کە پێش لە هەموو شتێك مرۆڤدۆست بوو و، توانی له پێگهی سیاسیی خۆیەوە مهعریفهی کوردی بهرههم بهێنێ و مەدەنییەت و ئهخلاق و ئیتیکی کوردیش بکاتە میراتی سیاسی بۆ حیزب و نەتەوەکەی.