کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار

18:11 - 25 بانەمەڕ 2726

سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییەک بە ناوی "شەهرام پەس‌وپیش" خەڵکی پیرانشار تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥،  هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی شەهرام پەس‌وپیش لە گوندی "چیانە"ی سەر بە پیرانشار.

ئەم هێزانە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی ناوبراویان قۆڵبەست کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

تا ئێستا هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە بە تەواوی نادیارن.

هەنگاو زیادی کرد کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی شەهرام لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە پیرانشار، هیچ وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

شایانی باسە کە پێشتریش و لە ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕدا، "عێزەدین پەس‌وپیش" کە ئامۆزای شەهرامە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی شاری ورمێ گوازرابووەوە.