کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک و ڕێژیم لە دوو بەرەی دژبەیەکدا

14:44 - 2 بانەمەڕ 2724

عەلی بداغی

لە هیچ بڕگەیەکی مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیندە کەلێن و دابڕان نەکەوتووەتە نێوان خەڵک و دەسەڵات، تا ئەو ڕادەیەی هیچ سیاسەتێکی ئەم ڕێژیمە نییە لەلایەن خەڵکەوە پشتیوانیی لێ بکرێت. هەروەها لە هیچ قۆناغێکی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا ڕێژیم هیندە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تەریک نەکەوتووەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی جیا لە میلیشیاکانی کە بە سامانی گشتیی وڵات پۆشتە و تەیاریان دەکات هیچ وڵاتێک دۆست و هاوپەیمانی نەبێت. تەنانەت بۆ کەس شاراوە نییە چین و ڕووسیەش کە بەڕواڵەت ئێران خۆی ڕەگەڵ خستوون وەک کارتێکی ئابووری و سیاسی لەو وڵاتە دەڕوانن و لە خێروبێری بازرگانیی ئێرانی پەراوێزخراو و تەریککەوتوو بە میلیارد میلیارد دۆلار داهاتی مفتێیان دەست دەکەوێت. خۆ چەندی کەشی سیاسیی ئێران داخراوتر و ئەو وڵاتە دابڕاوتر لە کۆمەڵگەی جیهانی بێت، قازانجە ئابوورییەکانی چین و ڕووسیەش زیاتر و بەستراوەیی ئێران بەوان پتر دەبێت و هەردوو وڵاتەکەش ڕێک ئەمەیان دەوێت.

کۆمەڵگەی ئێران لانیکەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە ئەکتی سیاسیی خۆی دەریخستووە کێشەی زۆر بنچینەیی لەگەڵ ڕوانگە و خوێندنەوەی ناوەندەکانی بڕیار و دەسەڵات لە تاران هەیە. لە ئاستی نێوخۆییدا کۆمەڵگە بەرهەڵستی هەموو ئەو بایەخانە بۆتەوە کۆماری ئیسلامی سەروەری و حاکمییەتی خۆی بەوان پێناسە دەکات، بۆ نموونە حیجابی ئیسلامی و ئایدۆلۆژیی دینی کە ئەمڕۆکە سێکۆلاربوونی کۆمەڵگەی ئێران و خەباتی گشتگیر لەدژی حیجابی زۆرەملێی ئیسلامی تەواو پێچەوانەی بەها و باوەڕ و بایەخەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیین. ڕەفتاری سیاسیی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانیشدا کە لە تازەترین هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەشدا بینیمان، تەعبیر لە تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی و ئەستاندنەوەی هەموو شەرعییەتێکی سیاسی و خەڵکی لەو ڕێژیمە دەکات کە لە ئێستادا تەنیا بە زەبری چەک و سەرکوت هەیمەنەی خۆی هەتا ئێستا ڕاگرتوە. هەروەها هەموو دۆستەکانی ڕێژیم لە میلیشیاکانی لە یەمەن، عێڕاق، سووریە، لوبنان و فەلەستین بە وڵاتانی چین و ڕووسیەشەوە لەلای خەڵک بێزراون، بێزراو تا ئەو ڕادەیە لە هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیە و ئۆکراینیشدا بیروڕای گشتیی ئێران سەرەڕای سیاسەتی حکوومەت لە پشتی ئۆکراین و لەدژی ڕووسیە بوو و هەیە. هەروەها هیچ سۆزێکیان بۆ خەڵکی غەززەش سەرەڕای هەموو تاوان و جینایەتەکانی ئیسڕائیل نییە و لۆمەی ئەوەیان دەکەن بۆچی بوونەتە داڵدەدەری حەماس وەک باسکی چەکداری کۆماری ئیسلامی و ئاوا قومار بە گیان و ژیانی خۆیان دەکەن!

دابڕانی خەڵک و دەسەڵات لە ئێران هاوکێشەیەکی دوولایەنەیە. خەڵک هیچ کام لە سیاسەتەکانی حاکمییەت چ لە ئاستی دەرەکی و چ لە ئاستی نێوخۆیی لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابینن. خەڵک نەک‌هەر متمانەیان بە هیچ کام لە ڕێکخراوە و دامودەزگا حکوومییەکان  نییە، بەڵکوو بە جێبەجێکاری سیاسەتی ڕێژیمیان دەزانن و لە بەرەی دژبەخۆیانیان چاو لێ دەکەن. کۆمەڵگە نەک هەر هاوڕایی هیچ بڕیار و پڕۆژەیەکی حکوومەت ناکات، بەڵکوو بە ئەکتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆر لەدژیشی ڕادەوەستێ کە بە بەردەوامیی خۆی لە ناڕەزایەتی‌دەربڕین، مانگرتن و نافەرمانیی مەدەنی و لە بەفرانباری ١٣٩٦یشەوە لە خۆپێشاندانەکانی سەرشەقامدا دەردەخات. یان بۆ نموونە کاتێک قاسم سولەیمانی وەک گەورەترین سیمبولی نیزامیی ڕێژیم و فەخری‌زاد وەک دیارترین زانای ئەتومی و مووشەکیی ئێران کوژران؛ خەڵک شاییان لەدڵدا گەڕا. یان کاتێک لە مۆندیاڵی ٢٠٢٢٢ی قەتەردا تیمی تۆپانەی ئێران بە وڵاتانی ئینگلیز و ئەمریکا دۆڕا، خۆشی‌دەربڕین و جۆش و خرۆشێک کەوتە سەر شەقامەکانی ئێران کە دنیای تووشی شۆک و سەرسووڕمان کرد؛ ڕەوتێک کە ئێستاش لە دۆڕانەکانی تیمی حکوومەتیی ئێران بە وڵاتان لە یارییەکاندا درێژەی هەیە. هاتەریب لەگەڵ ئەوە لەنێو حاکمییەتی کۆماری ئیسلامییشدا دۆخەکە ڕێک بەوجۆرەیە و حاکمییەتی سیاسی دەرفەتی هیچ کرانەوەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نادات. دەسەڵات حازر نییە گوێ بۆ هیچ بۆچوونێکی ڕەخنەگرانە و بیر و ڕوانگەیەکی ئەویتران، ئەویش لە کۆمەڵگەی فرەچەشنی سیاسیی ئێراندا بگرێت.

لە دۆخی ئێستای ئێراندا ئیرادەی دەسەڵات ڕەنگدانەوەی ویستی کۆمەڵگە و بۆ ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی خەڵک و وەڵامدانەوە بە کەڵکەڵە مادی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان نییە؛ پێچەوانە سامانی گشتیی وڵات پاوان و دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ ئامانجە ئیدئۆلۆژیکییەکانی ڕێژیم خەرج دەکرێت کە نەک هەر هیچ قازانج و بەرژەوەندییەکی خەڵکی ئێرانی تێدا ڕەچاو نەکراوە، بەڵکوو کۆمەڵگە و وڵاتیشی تووشی مەترسییەکانی شەڕێکی دەرەکی لەگەڵ وڵاتانی دی کردوە کە شەڕی خەڵک نییە. لێکەوتەی ئەو دۆخەش ئەوەیە حکوومەت هیچ شەرعییەتێکی لەنێو خەڵکدا نەماوە و لە سیاسەتی دەرەکی لە ئاستی ناوچە و جیهانییشدا لە پشتیوانیی هەراوی خەڵک وەک فاکتەرێکی بەرگێڕەوە بێبەش بووە. خەڵک و کۆمەڵگەش بۆ وەدیهێنان و دەستەبەری مافەکانیان و پێداگری لەسەر شوناسی تایبەتیی خۆیان قۆڵ لە ڕووخاندنی ڕێژیم و بەچۆکداهێنانی هەڵدەماڵن.

ئاماژە بە نموونەیەکی دیکەش لەجێی خۆی‌دایە: دەیان ساڵە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی ئەوەیە بایەخ بە بەرگری لە قووڵایی ستراتیژیکی نیزام لە ناوچە و جیهان لە ڕێگەی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ، پێکهێنانی هیلالی شیعی، دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتومی و خۆتەیارکردنی بە تێکنۆلۆژیی دڕۆن و مووشەکی بدات؛ بەڵام ئەوانە نەک‌هەر قەت نەبوونە ویست و داوا یان ئامانجی کۆمەڵگە؛ بەڵکوو خەڵک بەشمەینەتی و دۆخی کارەساتباری ژیان و مافەکانی خۆیان ڕێک لەسۆنگەی ئەو سیاسەتانەی ڕێژیم دەبینن و ئاکامەکەی دەبێتە ئەوە کاتێک ڕێژیم دەیهەوێ لە قاسم سولەیمانی قارەمان ساز بکات، خەڵک لە هەرجێیەک بۆیان هەڵکەوێ وێنە و بنێرەکانی ئاگر دەدەن و پەیکەرەکەی دێننە خوارێ.

ناوکی دەسەڵات کە پووڵ و سامانی وڵات، چەک و ئامرازی سەرکوت و میدیاکانی پاوان کردوە و خەڵک و ژیان و گیانی ئەوانی بەبارمتە گرتوە، نایهەوێ لەو جەغزە بترازێ و ئەو هێز و دەسەڵات و ئیمکاناتە لەگەڵ ئەویدییەک هاوبەش بکات کە خەڵک بن. بۆیە پێکدژیی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خەڵک و دەسەڵات دۆخێک دەخوڵقێنێت کە هەموو ویست و داواکانی خەڵک دژی بەرژەوەندییەکانی حوکمڕانی وڵات و هەموو سیاسەت و بەرنامەکانی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامییش پێچەوانەی بەرژەوەندی و ئیرادەی خەڵک و کۆمەڵگە بن. لەم ڕووەوە خەڵک نەک‌هەر دژی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیم لە ناوچەن کە هەڕەشە و مەترسیی شەڕێکی گەوەرەی لەسەر ئێران دروست کردوە؛ لە بنەڕەت‌ڕا خوازیاری ڕووخانی ئەو ڕێژیمەن کە وەک دۆڵپا سواری شان و ملیان بووە.

ئێستاش پێوەندیدار بە شەڕی حەماس و ئیسڕائیل، ڕوون و ئاشکرایە کە سیاسەتی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵک و کۆمەڵگە و وڵاتی ئێران، بەڵکوو کاردانە بەو گۆڕانکارییە سیاسییەیە کە لە یەک دەیەی ڕابردوودا لە پێوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیلدا پێک هاتوە و کۆماری ئیسلامی بەدژی بەرژەوەندییە ئیدئۆلۆژیکییەکانی خۆی دەزانێت. ئەگینا هیچ شتێکی نوێ لە ململانێ سیاسی و مێژووییەکانی ئیسڕائیل و فەلەستین نەهاتبووە گۆڕێ کە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسڕائیلی پێ پاساو بدرێتەوە؛ بەڵکوو ڕێک پێچەوانەی ئەمە بوو. وڵاتانی عەرەبی دوای ئەزموونکردنی دەیان ساڵ شەڕ و ناکۆکی لەگەڵ ئیسڕائیل بەو ئاکامە گەیشتوون کە درێژەی ئەم دۆخە نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەو وڵاتانە و تەنانەت لە بەرژەوەندیی فەلەستینیشدا نییە، بۆیە مەیلەو ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل هەنگاویان ناوە. بەڵام ئەوە تەنیا کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بەرژەوەندیی خەڵک و وڵاتەکەی خۆی ناوێ و کاتێک دەبینێ لە ڕەوتی سیاسی ناوچەیی و جیهانیدا تەریک کەوتووەتەوە و لە نێوخۆی وڵاتیشدا بەرەوڕووی دەیان قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆتەوە، ویستی بە هەڵگیرساندنی ئەو شەرە لە دەرەوەی سنوورەکانی و ناسەقامگیرییەک کە دروستی دەکات، قەیران و ناسەقامگیرییەکانی نێوخۆی پێ پەردەپۆش بکات و سەرنجەکانی لەسەر دوور بخاتەوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە سەر خەڵک ئەوەیە. خەڵکی ئێران ئەوەندەی لە شەڕ و قەیرانە سیاسییەکانی ناوچە بێزارن، چەند هیندە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێزارن و ئەو ڕێژیمە بە هۆکار و سەرچاوەی زۆر لەو نائارامی و ناسەقامگیرییانەی ناوچە دەزانن. بۆیەش هیچ شەرعییەتێک بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی نادەن کە شەڕ وەک نێعمەتێک بۆ هێشتنەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا دەبینن. هەروەها بەرپرسایەتیی ئەگەری هەر تێکهەڵچوون و پەلهاویشتنی شەڕەکە بۆ ئێران دەخەنە ئەستۆی ڕێبەرانی ڕێژیم کە نەک هەر خەڵکی وڵاتی ئێران، بەڵکوو ئەمنییەت و سەقامگیریی هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بەبارمتە گرتوە.