کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینایەتەکەی شاری سەقز

08:53 - 31 پووشپەڕ 2724

جاقل موکریانی

لە ڕۆژانی ڕابردودا لە نێو شاری سەقز سێ کەس لە پەیڕەوانی تەریقەت بە ناوەکانی شێخ ئازاد شەهابی و دەروێش پەیمان موحەممەدی و دەروێش پەرویز ڕەحیم پەنا بە دەستی کەسانێکی نەناسراو ، زۆر بێ‌بەزەییانە کوژران .

هەر لە یەکەم ساتەکانی بڵاو بوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەم کەسانەوە خەڵکێکی زۆر بەدواداچونیان بۆ بابەتەکە کرد. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکاری تایبەت؛ یەکەم بارودۆخی هەستیاری ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، دووهەم؛ بەناوبانگ بوون و بەرچاو بوونی کەسی یەکەمی کوژراوەکان و دواتریش هێرش بە چەکی گەرم و ڕێژەی زۆری کوژراوەکان و هەستیاربوونی شاری سەقز و ناوی سەقز لە میدیا و سۆشیال میدیادا بە تایبەتی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەدواوە .

لە گرتە ویدئۆکاندا کە لە سۆشیال میدیا بڵاو بووەتەوە وا دەردەکەوێ کە سێ کەس بە دەمانچە دەچنە پێش ماڵ و تەکیە و بارەگای مەرحومی شێخ ئازاد و دوای کوشتنی دەروێشەکان، شێخ ئازادیش بریندار دەکەن ، کە دواتر بە هۆی قورس بوونی برینەکان ، ناوبراویش گیانی لە دەست دەدات. بکوژی یەکەم کە وا دەردەکەوێ تەمەنی مامناوەندی بێ و بەرپرسی دوو کەسە بکوژەکەی دیکە بێ کە بە ڕواڵەت گەنجتر دێنە پێش چاو، بە شێوەیێکی بێ‌باکانە و وەک ئەوە کە تا ئێستا چەندین کاری لەو شێوەی کردبێ دەروێش پەیمان دەکوژێ و دواتر دەست دەکات بە کوشتن و بریندارکردنی ئەو کەسانەی دیکە.

نەتەوەی کورد بە گشتی نەتەوەیەکی دیندارە و ئایینگەل و مەزهەبی جۆراوجۆر لە کوردستاندا بوونیان هەیە. هەتا ئێستاش ئەگەر دەستی دەرەکی و نەیاری کورد لە نەتەوەی کورد گەڕابێ، ئەم ئایین و ئایینزایانە هیچ کێشەیێکی خوێناویان لە گەڵ یەکتری نەبووە، بەڵکو کوردستان شوێنی حەوانەوە و پێکەوەژیانی بیر و بۆچوون و ئایینگەلی جۆراوجۆر و جیاواز بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی خەباتی نەتەوایەتی  لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەمیشە لە ڕابردو و ئێستا و داهاتوودا هەوڵی ئەوەیە وێڕای ڕێزگرتن لە هەموو جۆراوجۆرییە ئایینییەکانی کۆمەڵگە ئاسایش و ئەمنییەت بۆ پەیڕەوانی هەموو ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان دابین بکات. بەپێچەوانە کۆماری تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران بە تەبیعەتی ناوەندگرایانە و زێدەخوازانەی خۆی سەلماندوویەتی نەک‌هەت دەیهەوێ شەڕ و خوێن و بشێوی بخاتە ماڵی کوردەوە، تەنانەت ئەو کاتانەش کە دەتوانێ پێش بە جینایەتێک بگرێ، نایگرێ و کوژرانی کورد بە هەر شێوەیەک بێ بە قازانجی دەسەڵاتە توتالیتێر و تیرۆریستیەکەی خۆی دەزانێ .

لە هەنگاوی یەکەمدا زۆر ئاساییە کە لایەنە مەزهەبی و ئایینیە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە خوێندنەوەی مەزهەبی خۆیاندا یەکترینیان وەک ئەوەی کە هەیە قبوڵ نەبێ یان لە دژی هزر و بیر و بۆچوونی یەکتری قسە و ڕەخنەی تایبەت بە خۆیان ببێت. بەڵام ئەوە بە مانای کوشتن و سڕینەوەی یەکتری نەبووە و نییە. حیزبی دێموکرات هەمووی ئەو شتانە وەک واقعییەتێکی ژینگەی کوردستان قبوڵ دەکات و ڕێزیان لێ دەگرێ و هەوڵی تەواوی ئەوەیە کە بە سەرکەوتنی خەباتی ئازادیخوازانە و بەرحەقی خۆی ژینگەیێکی ئازاد بۆ پێکەوە ژیان دروست بکات.  بێگومان تەنیا لە ڕێگای دابین وونی سەروەری نەتەوەیی و ئازادیەوەیە کە خەڵکی کوردستان دەتوانن هەست بە ئاسایش و ئەمنییەت بکەن.

زۆر جار تەکیە و خانەقا و مزگەوتەکانی کوردستان کەسانی ئازادیخوازیان پێشکەش بە بارەگای بەرزی ئازادی نەتەوەیی کردووە کە ناویان بۆ هەتا هەتایە بە زیندویی دەمێنێتەوە، بۆیە حیزبی دێموکرات پێش لەوە حوکمی ئەخلاقی لە بارەی ئایین و ئایینزاکانەوە دەربکات، بڕوای وایە کە دەبێ گیانی تەواوی پەیڕەوانی هەموو دین و مەزهەبەکانی کوردستان پارێزراو بێت و هیچ کەس و لایەنێک حەقی هێرشی چەکدارانەی بۆ  سەر لایەنێکی دیکە نیە .

حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی نەتەوەیی و سکۆلار بڕوای وایە کۆماری ئیسلامی و ناوەندگرایی ئێرانی سەرچاوەی هەموو ماڵوێرانیەکانی کوردە و بێگومان دەستی چەپەڵی ناوەندە ئەمنییەتی و تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی لە تاران لە زۆر جینایەتی گەورە و بچووکدا دەستی هەیە و خەڵکی کوردستان دەبێ زۆر وریا بن کە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەر یەک هەڵنەوەشێنێتەوە و کۆمەڵگەکەمان لەوە زیاتر ئەتۆمیزە نەکات.

وێنەکانی تەکیە و خانەقا و شێوەی بە خاکسپاردنی کوژراوەکان لە فەزایێکی شۆڕشگێڕانەدا جاڕێکی دیکە ئەو ڕاستییەی بە ناوچاوی ڕێژیمی مرۆڤکوژ و جینایەتکاری تاراندا دایەوە کە کۆمەڵگای کوردستان لە هەر دەرفەتێکی مومکین بۆ بەگژدا چونەوەی داگیرکەر و زۆرداری کەڵک وەردەگرێ . جیلی نوێ لە هەر جل و بەرگێکی دینی یان جیهانبینیێکی ئازاد و فەلسەفیدا بێ هیچ کات پشت لە ئاڵا و بەها نەتەوەیی و ڕێبەرانی نەتەوەی خۆی ناکات.

حیزبی دێموکرات ئاوات دەخوازێ بکوژانی ئەو سێ کەسە و هەموو ڕۆڵەکانی کورد ببرێنە بەردەمی دادگا و لەبەرانبەر جینایەت و ڕەشەکوژیەکانیاندا وڵامدەر بکرێن و سزا بدرێن.