کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی سۆهەیلا مەتاعی و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی سنە

11:16 - 24 جۆزەردان 2726

ناوەندە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەردەوامیی گوشارەکانیاندا بۆ سەر چالاکانی مەدەنیی کورد، سۆهەیلا مەتاعی، هاووڵاتیی خەڵکی دێوڵانییان ڕەوانەی بەندیخانە کرد.

ئەم چالاکە کوردە دوای سەردانی بۆ یەکەی جێبەجێکردنی حوکمەکان، دەستبەجێ دەسبەسەر کرا و بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربیەتی سنە گوازرایەوە.

سۆهەیلا مەتاعی پێشتر لەلایەن دادگای کەیفەری دێولانەوە بە تۆمەتی بێبنەمای وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام" حوکمی شەش مانگ زیندانی داسەپاو و سێ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

 ئەم دۆسییە دوای بەشداریکردنی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە شاری سنە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بۆی دروست کرا.

لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا، هیچ دەرفەتێکی یاسایی بۆ بەرگریی کاریگەر لەم چالاکە نەڕەخسێندرا و تەنانەت ڕێگەی پێ نەدرا ناڕەزایەتی یان داواکاریی پێداچوونەوە بە حوکمەکەی تۆمار بکات.

مەتاعی پێشتر لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی ژندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.