کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئیسرائیل: ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران ئەمنییەتی ئێمە دەخاتە مەترسییەوە

10:20 - 24 جۆزەردان 2726

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی کەناڵی ١٢ی ئەو وڵاتەدا ڕایانگەیاند، ئەو ڕێکەوتننامەیەی بڕیارە سبەینێ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا واژۆ بکرێت، نیشان دەدات واشنگتۆن مەرجە سەرەکییەکانی تارانی قەبووڵ کردووە و ئەمەش ئەمنییەتی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەکی جیددییەوە.

ئەم بەرپرسانە هۆشداری دەدەن کە دەرئەنجامی خێرای ئەم ڕێککەوتنە، کشانەوەی ئەمریکا لە هەڕەشەی سەربازی، ئازادکردنی دارایی بلۆکەکراوی ڕێژیم، کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و پشتگوێخستنی خەڵکی ئێرانە.

ئەوان دەڵێن پرسی پیتاندنی ئۆرانیۆم و سیستمی مووشەکی کە سەرەکیترین کێشەکانن، بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.

هەروەها تاران نەک تەنیا ناچار نەکراوە دەست لە پاڵپشتیی گرووپە نیابەتییەکانی هەڵبگرێت، بەڵکوو لەم ڕێگەیەوە پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبوڵڵا نوێ دەکاتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم دۆخە بە ئاگربەستی غەزە دەشوبهێنن و دەڵێن ئەگەر دوای ٦٠ ڕۆژ تاران بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات، ئەمریکا هیچ کارتێکی گوشاری باوەڕپێکراوی بۆ نامێنێتەوە.

بەپێی وتەی ئەوان، تاران تەنیا بە مەرجی کۆتاییهاتنی فەرمیی شەڕ و ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی، ئەم مەرجانەی قەبووڵ کردووە.