ڕیک سکات، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا ڕایگەیاند هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دەبێ میکانیزمێکی بەهێزی چاوەدێری و ڕاستیسەلماندنی تێدا بێت و پێشێلکردنی بەڵێنەکان باجی قورس بەدوای خۆیدا بهێنێت.
سکات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فاکس نیوز" جەختی کردەوە ئەگەر لێکتێگەیشتنی واشنگتۆن و تاران بگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی، دەبێ ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالستیک بکرێت و پاڵپشتیی دارایی لە گرووپەکانی وەک حوسییەکان، حیزبوڵڵا و حەماس ڕابگیرێت.
ناوبراو وتی ئەم مەرجانە بەبێ توانای پشکنین بێبایەخن و پێویستە لە ئەگەری پێشێلکردنی بەڵێنەکاندا، دەرئەنجامی ڕوون و جێبەجێکراو بۆ کۆماری ئیسلامی لەبەرچاو بگیرێت.
سکات لە درێژەدا وتی کە بە بەدەستهاتنی ڕێککەوتن بەهیوایە، بەڵام بەرامبەر بە پێبەندبوونی سپای پاسداران و پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا گەشبین نییە.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە لەم ڕۆژانەدا، ترامپ ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە دەبێ گەرووی هۆرمۆز بکاتەوە و پێش بە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی بگرێت، ئەگەرنا ئەمریکا بژاردەی تری هەیە.
هاوکات جەیدی وێنس، جێگری سەرۆککۆمار و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، جەختیان لەسەر بنبڕکردنی هەمیشەیی مەترسیی ناوکی، مووشەکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی کردووەتەوە.