کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی

19:57 - 16 خەزەڵوەر 2724

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەردەشت لە درێژەی هەوڵەکانی خۆی بۆ گوشارخستنەسەر چالاکانی سیاسی، بنەماڵەی ئەندامێکی حیزب لەم شارەی بانگ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، بنەماڵەی ئەندامێکی حیزبی دیموکرات بە ناوی ئاسۆ ئەحمەدیان ناسراو بە "ئاسۆی حاجی کاکەلاو" لە یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جار لە شاری سەردەشت بانگهێشتی ئیتلاعات کراون و هەرەشەیان لێ کراوە و ژیانیان لە مەترسیدایە.

بنەماڵەی کاکەلاو بنەماڵەیەکی دیار و ناسراوی شاری سەردەشتن و جیا لەو ئەندامەی حیزبی دێموکرات، خواڵێخۆشبووی باوکی پێشمەرگەی ئەو حیزبه بووه و ساڵانێکی زۆر لە سەنگەری ئەو حیزبەدا خزمەتی بە خاک و نیشتمانی کردووە و مامی ئاسۆ به ناوی "مەحموودی کاکەلاو" یەک لە پێشمەرگە دێرین و بوێرەکانی ئەو حیزبە بووە.

ئیتلاعات و ناوەندە داپڵۆسینەرەکانی ڕێژیم وەکوو پیشەی هەمیشەیی خۆیان دەیانهەوێ له ڕێگای گۆشار خستنەسەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبی و چالاکانی سیاسی پاشەکەشە بە شۆڕشگێران بکەن،  بەڵام ئەو هەوڵە نەزۆکانەی هیچکات نەیتوانیەوە ببنە هۆی دڵساردی شۆڕشگێرانی ڕاستەقینه.