لەگەڵ پەرەئەستاندنی شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل، دنیا چاوەڕوانی گۆڕانی ڕێژیمە و کلیلەکە یەکخستنی کەمینەکانە
فاکس نیوز – کەیتلین مەکفاڵ
کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی
هەڕەشەی ئێران بۆ سەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەو ساڵانەی دواییدا پەرەی ئەستاندوە و نیگەرانییە ئەمنییەتییەکان تەنیا چەند ڕۆژ دوای هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر تاران قووڵتر بوونەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین ناتانیاهو، مانگی ڕابردوو پێشنیاری کرد کە گۆڕینی ڕێژیمی تاران لە ئاسۆدایە. بەڵام ئەوە تەنیا تێوەگلانی ئێران لە تێرۆریزمی دەوڵەتیدا، هەوڵی ئاشکرای بۆ گەشەپێدان بە چەکی ناوکی، پەیوەندییە پەرەئەستێنەکانی لەگەڵ بەرهەڵستکارانی ڕۆژاوایی یان هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسڕائیل نییە کە دەتوانێ ببێتە هۆی ڕووخانی لەناکاوی ڕێبەری گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی.
بە گوتەی لێکۆڵەرێکی ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی مێدیایی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست (MEMRI)، ئاکارە سەرکوتکارەکانی تاران لەنێوخۆی سنوورەکانیدا دەتوانێ ببێتە کلیلی لەنێوچوونی ڕێژیم.
هیمداد مستەفا، توێژەر و پسپۆڕی کاروباری ئێران و کورد لە مێمری، گوتوویەتی تاقمە کەمینەکان لەنێوخۆی ئێران نزیکەی ٪۵٠ی دانیشتووانی وڵات پێکدێنن و، ئەگەرچی ئەوان زۆر جار دەبنە ئامانجی سەرکوتی لەڕادەبەدەر کە بەشێکیان لە هەلومەرجێکدا دەژین کە دەکرێ وەکوو "زیندانی ئاواڵ" وەسف بکرێ، ئەوان دۆخێکی تاقانەیان بۆ یەکگرتوویی دژی تاران هەیە.
مستەفا گوتی کەمینە ئەتنیکییەکانی وەکوو کورد، کە لە نێوان ١٠ بۆ ١۵ لە سەدی دانیشتووانی ئێران پێکدێنن و زۆرینەیان لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک وڵاتانی عێراق و تورکیە دەژین و هەروەها گەلی بەلووچ، کە نزیکەی ٪۵ی دانیشتووانی ئێران پێکدێنن و سنووری هاوبەش لەگەڵ پاکستان پێکدێنن، دەتوانن دەورێکی بەرچاو لە ڕووخاندنی ڕێژیمی سرکوتکار بگێڕن. ئەو لە ڕاپۆرتێکی ئەو مانگەدا نووسی، "بێتوو هەموو وڵات سەرهەڵدان بکات، رێژیم هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی وەکوو کوردستان و بۆ ناوەندی ئێران و تاران دەگوێزێتەوە، ئەوە کاتێکە ڕۆژاوا دەبێ پشتگیریی لە کورد، بەلوچ و تاقمە ئەتنیکییەکانی دیکە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم بکات."
ئەو پسپۆڕە بە فاکس نیوز دیجیتاڵی گوتی ئەو تاقمانە لە ناوچەکانی دەوڵەمەند لە ڕوانگە سامانەکانی سروشتیدا دەژین و نە تەنیا بۆ ئێران بەڵکوو بۆ بەرهەڵستکارە سەرکییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانیش گرینگن. مستەفا گوتی، "بێتوو شەڕ و ناسەقامگیریی درێژخایەن لە نێوخۆی ئێراندا بێتە ئاراوە، وڵاتانی وەکوو تورکیە، ڕوسیە و چین دەتوانن دەستێوەردان بکەن، یان ڕاستەوخۆ یان بە هۆی بەکرێگیراوانیانەوە، بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاک لە ئێران کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەوان گرینگن." مستەفا گوتی، "لە دۆخی گۆڕینی ڕێژیمدا ، زۆر وێدەچێ پاکستان و چین لە پارێزگای بەلوچستانی ئێران دەستێوەردان بکەن تا پێش بە دامەزرانی دەوڵەتی بەلوچستان بگرن و ناوچەکە بۆ بەرژەوەندییەکانیان مسۆگەر بکەن." ئەو گوتی، "بۆیە، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ پشتگیریی لەکەمینەکان هەم بە شێوەی سەربازی و هەروەها سیاسی بکات تا ناوچەکانیان بپارێزێ، کە دەتوانێ بە نۆرەی خۆی، بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا بکات. بێتوو بەلوچستان لەژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتە هێزەکانی پشتگیریکراو لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکاندا بێ، ئەوان دەتوانن بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و پرۆژە زەبەلاحەکەی واتە داڵانی ئابووری هیندوستان-خۆرهەڵاتی ناوین-ئورووپا بپارێزن."
مستەفا گوتی، نیگەرانیی پەرەئەستێن لەنێو ئێلیتی سیاسیی کۆماری ئیسلامیدا بەرچاو دەکەوێ کە ڕەنگبێ کاری بنەڕەتی بۆ "جەنگی هایبرید" بکرێ، سێناریۆیەک لەویدا بەرهەڵستکارانی نێوخۆیی بتوانن لەگەڵ هەڕەشە سربازییە دەرەکییەکان یەک بگرن.
ئەگەرچی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکەی ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن ڕێژیمەوە وەستێندرا، ئەو سەرهەڵدانە ئاستی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێراندا ئاشكرا کرد.
کوژرانی ژینا ئەمینی، ژنێکی کورد، کە لە سێپتەمبەری ٢٠٢٢ لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێران دەستبەسەر کرا و دواتر لە نەخۆشخانە بە هۆی برینەکەی گیانی ئەسپارد، نەتەنیا بووە هۆی تووڕەیی بەرانبەر بە هەڵاواردنی بەدامەزراوەییکراو دژی ژنان لە سەرانسەری ئێران، ئەو هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرت، بووە هۆی بەرپەچدانەوەیەکی یەکگرتوو لە لایەن تاقمە کەمینە سەرکوتکراوەکان. تەنیا چەند ڕۆژ دوای خۆپیشاندانە سەرەتاییەکان، یەکێک لە خوێناویترین ڕووداوەکانی ناڕەزایەتییە چەند مانگییەکە لە بەلوچستانی ئێران ڕوویدا کە لەویدا گەلی بەلوچ هاتنە سەر شەقامەکانی زاهیدان بۆ دەبڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە لاقەکرانی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە لایەن فەرماندەی پۆلیس، سەرهەنگ ئیبراهیم کوچەکزای. بەڵام ڕووداوەکە کە بە "هەینی خوێناوی" یان "کارەساتی زاهیدان" ناودێر کرا، پاش دەرکەوتنی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ وەستاندنی خۆپیشاندانەکە تووشی توندوتیژیی بوو و زیاتر لە ١٠٠ کەس، لەناویاندا ١٧ منداڵ، کوژران.
مستەفا گوتی، سەرەڕای مەترسیی بەرچاو کە وەستانەوە دژی ڕێژیم هەیەتی هێشتا خولیای یەکگرتوویی و ڕوخاندنی ڕێژیم بەردەوامە. ئەو گوتی، "ئەوان دوژمنێکی هابەشیان هەیە کە ئەوان سەرکوت دەکات، دەیانگرێ و لە سێدارەیان دەداو تەنانەت حاشا لە مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ خوێندکارەکانی کەمینەکان دەکات. ئاکامەکەی بووەتە ئەوە کە ئەوان خەباتی خۆیان بۆ مافی چارەی خۆ نووسین وەکوو خەباتێک بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی دژی دوژمنی هاوبەش ببینن و ئەو خەباتە هاوبەشە تاقمە ئەتنیکییەکان یەک دەخات."