کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەرییەکانی سەرکەوتنی ترامپ لەسەر ئابووریی ئێران

21:14 - 16 خەزەڵوەر 2724

کاریگەرییەکانی سەرکەوتنی ترامپ لەسەر ئابووریی ئێران

شاڕۆخ حەسەن‌زادە

ئەمریکا وەک وڵاتێکی زەبەلاحی سیاسی هەروەها بەهێزترین ئابووریی جیهان، بەردەوام کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئابووریی نێودەوڵەتی هەبووە و وەک بڕیاردەری زۆرێک لە پێوەندییە ئابوورییەکان پێناسە کراوە. دوو ڕەوتی جیاواز لە سیاسەتی ئەمریکادا کە خۆیان لە کۆماریخواز و دێموکراتەکاندا دەبینەوە، هەرکام بەپێی تێڕوانین و ستراتێژیی تایبەتی هەوڵیان داوە دەگەڵ دژبەر و نەیارانی خۆیان بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕاستای بەرژەوەندی وڵاتەکەیاندا بجووڵێنەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەرەتای دامەزرانیەوە بەردەوام سیاسەتی دژە ئەمریکایی پەیڕەو کردوە و هەوڵی داوە لە بەرەی بەرامبەر ئەمریکادا خۆی ببینێتەوە و ئەگەر دەستەکەوتێکیشی بەپێی ئایدۆلۆژی تایبەتی خۆی لەم جۆرە سیاستە پێ بڕابێ، ئەوا چووەتە هەمبانەی بەرەی ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتی ڕوسیە و چین.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق توانی بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە هێژمۆنیی ئایینی، سیاسەتەکانی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، بزووتنەوەی بەهاری عەرەبییش ئەم دەرفەتەی لەبارتر دەکرد و لە دەیەی ڕابردوودا بە شانازییەوە باسیان لەوە دەکرد، دەستەڵاتیان بەسەر لانیکەم چوار وڵات زاڵە کە مەبەست سوریە، لوبنان، یەمەن و عێراق بوو. ئەم سەرکەوتنە کورتماوەیە بە گەمارۆی ساڵەکانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ کە لەلایەن دێموکراتەکانەوە لە ئەمریکا بەسەریاندا سەپا، هەموو هیواکانی دەستەڵاتی ئێرانی کردە بڵقی سەر ئاو و لە گێژاوێکی ئابووریی بێ‌بنی هاویشتن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا بە سەرکردایەتیی باراک ئۆباما لەگەڵ ئەوەدا چەندین بزووتنەوە و بەربزووتنەوەی وەک بزووتنەوەی سەوز و مامۆستایان و کرێکاران تەنگیان بە کۆماری ئیسلامی هەڵچنیبوو، ئەوان بە شێوەی کردەیی نەک هەر پشتیوانییان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی لە ئێران نەکرد، بەڵکوو چاویان لە حاند پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لەو وڵاتە نوقاند و بە ئاڵۆزکردن و لاوازیی ئابووری ڕێژیم، ئەو ئەرکە مێژووییەیان لە کۆڵ خۆیان کردەوە. لەولاش ڕێژیم توانی سەقامگیری ئابووریی خۆی پاڵپشت بەو هەمووە نەوت و گاز و باجەی سەر خەڵک ڕابگرێت و سەرجەم هێزە نیابەتەکانیشی تێر و پۆشتە بکات.

هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ لە جاری یەکەم (لە ساڵی ٢٠١٧) و دڕاندنی ڕێککەوتنی ناسراو بە "بەرجام" و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان و هاوکات سەپاندنی گەمارۆی نوێی سەخت و بەرفرە، خێرا ئابووریی ئێرانی هەژاند و نرخی دراوە جیهانییەکانیش بەردەوام ئاژیریان دەداوە و سەریان لە چڵەپۆپەی داری ئابووری ئێران وەدەردەنا و گەشەیان دەکرد. دەوری یەکەمی ترامپ جەهەننەمێکی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئەمنییەتی و ئابووری بۆ ڕێژیم درووست کرد و لەم چوار ساڵەدا بارتەقای زیاتر لە سێ دەیە تەمەنی ڕێژیم زەبری زەوەندی بەرکەوت، بەجۆرێک کە هاتنی بایدەنیش نەیتوانی ئەو ڕەوشە دژوارە کۆ بکاتەوە و ئەویش وەک دەرفەتێک بۆ گوشارهێنانی زیاتر بۆ سەر ئێران کەڵکی وەرگرت. ئاژاوە و گێرەشێوێنییەکانی ڕێژیم بە دژی نەزمی جیهانی لەو وڵاتانەی دە شەڕیی نێوخۆییدا نوقم ببوون بە پشتیوانی هێزە جێگرەوەکانی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوایان خستبووە مەترسی، قەیرانی سیاسەتی دەرەکی و نێوخۆیی، نەبوونی بەڕێوبەرایەتیی مەنتیقی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خەڵک، گەندەڵی، دزی، ڕانت و بەدفەڕی، پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە بواری دەرەکیشەوە دەستپێکی شەڕی ڕوس و ئۆکراین قەڵشت و ناکۆکییەکانی ڕۆژئاوا و ئێران؛ پاساوی گوشاری زیاتری ڕۆژئاواییەکانی دەستەبەر کرد.

لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی ناوچە وەک تورکیه، ئازەربایجان و هەروەها وڵاتانی عەرەبی ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە و لە گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران بە قازانجی خۆیان کەڵکیان وەرگرت. بینیمان پلەی ئابووریی ئێران بەبەراورد بەو وڵاتانە بەردەوام دادەبەزی و لەم دۆخەدا ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی سەخت و چەتوونتر دەبوو. هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و کاردانەوەی سەختتری ئیسرائیلییەکان لە پەنا شەڕێکی پینپۆنگیی ئێران و ئیسرائیل بە مووشەکباران کردنی یەکتر، ئابووریی لاواز و دەستووریی ئێرانی ئەوەندەی دیکە شپرزە کردوە و، نرخی دۆڵار لە کۆتاییەکانی دەستەڵاتی جۆ بایدەن لە نێوان ٧٠ هەزار تمەن و ٦٨ هەزار تمەن سەرەوژێری دەکات. بۆیە بەپێی ئەزموونی خولی یەکەم، هاتنەوەی ترامپ بۆ جاری دووهەم، مەترسیی زیاتر دەخاتە سەر ئابووریی لەرزۆک و ڕزیوی ڕێژیمی ئیسلامی، هەروەک چۆن دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان بە تێپەڕینی دۆلار لە ٧٠ هەزار تمەن ئەوە سەلما.

فرۆشتنی نەوت لە پاییزی ١٣٩٥ دوای ڕێککەوتنی بەرجام خۆی لە سێ میلیۆن و دووسەد هەزار بۆشکە نزیک کردبۆوە، بەڵام لە دەوڵەتی ترامپ و زستانی ١٣٩٨ دا گەیشتە ١٩٠ هەزار بۆشکە، واتە یەک لە حەڤدەی ئەو ڕادەیەی پیشوو! لەسەردەمی بایدەنیشدا ئابووریی ئێران بەهۆی چاونوقاندنی ئەمریکا لەهەمبەر فرۆشتنی نەوت وەجووڵە کەوتەوە و بە قەولی جەواد زەریف؛ دەوڵەتی بایدەن پێچی گەمارۆکانی شل کردبۆوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بوو پزشکیان بوودجەی ساڵی ١٤٠٤ی دەوڵەتی خۆی لەسەر فرۆشتنی ٣ میلیۆن و ٧٥٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا هەڵچینیوە!

 جیاوازتر لە جاری پێشوو، ترامپ ئەمجارە وێڕای هەندێک گۆڕانکاری لە ناوچەکە، بەسەر هەڕەشە و هێرشەکانی ئێرانیشدا کەوتووە کە هەوڵی ئەوە دەدا ڕۆژهەڵاتی ناڤین بخاتە نێو ئاگرێکی گەورە و بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل هەوڵی سڕینەوەی دەدا. بەڵام ئایا ڕێژیمی ئێران دەتوانێ لەم قۆناغە نوێیەدا بەو ڕەوشە سیاسی و ئابوورییە بە سەلامەتی دەرباز بێ؟ ئایا دەوڵەتی پزشکیان دەتوانێ لە ژێر سێبەری بەیتی ڕێبەری دانوستان دەگەڵ ئەمریکا بکات؟ ئایا ڕێژیم دەتوانێ بەرگەی ئەو هەمووە کێشە نێوخۆیی، دەرەکی، نیزامی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بگرێ؟ ئایا ئوپۆزسیۆن دەبێ هیوا لەسەر ترامپ هەڵبچنن یان سەرنجیان لەسەر بزووتنەوەی خەڵک لە نێوخۆ بێ؟ بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارانە لە داهاتوویەکی نیزیکدا وەردەگرینەوە.