کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی ٦٠٠ پەرستار لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای کرماشان

19:55 - 16 خەزەڵوەر 2724

هاوکات لەگەڵ کۆچکردنی لەڕادەبەدەری پەرستار و پزیشکان بۆ دەرەوە و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی ئەم بەشە لە کۆمەڵگە بە کەمبوونی مووچە و نەبوونی هیزی مرۆیی پێویست، بەرپرسانی ڕێژیم لە کرماشانیش باس لە کەمبوونی پەرستار لەم پارێزگایە دەکەن.

بە وتەی بەرپرسی پەرستاریی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان، بە پێی پێنوێنەکانی وەزارەتی بێهداشت، دەبێ بۆ هەر قەرەوێڵەیەک پەرستارێک هەبێ، لەکاتێکدا کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانی کرماشاندا، بۆ هەر قەرەوێڵەیەک ٠.٩ پەرستار هەیە و بەم پێیە ٦٠٠ پەرستار لە نەخۆشخانەکانی ئەم پارێزگایەدا کەمە.

بەپێی پێنوێنە گەشەییەکان، ئەم نیسبەتە دەبێ بگاتە ١.٨ پەرستار بۆ هەر قەرەوێڵەیەک و ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی پەرستاری زۆرتر لە ئاستی ئێراندایە.

ڕەزا پوورمیرزا لە بەشێک لە قسەکانیدا دەستخۆشیی لە پەرستارەکان کردووە کە سەرەڕای درەنگکەوتنی مووچەی ئیزافەکارییەکانیان، درێژە بە کاری خۆیان دەدەن و لە قەیرانەکانی وەک بوومەلەرزەی سەرپێڵ و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەخۆبوردوویی و فیداکاریی زۆریان کرد.

قسەکانی ناوبراو لەکاتێکدایە کە پەرستاران و پزیشکانی کرماشانیش لەگەڵ شەپۆلی سەرتاسەریی ناڕەزایەتییەکانی ئەم توێژەدان و بە بەردەوامی باس لە نەبوونی مووچەی پێویست و پێنەدانی مووچەی زیادەکاەرییەکانی خۆیان دەکەن.