کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

18:28 - 1 رەشەمه 2724

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢١ی فێڤرییە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ئێمە وەکوو یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بە نزیکبوونەوە لە ٢١ی فێڤرییە و ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە چەند ڕەهەندەوە تێدەکۆشین کە گرینگیی پرسی زمانی دایکی وەکوو مافێکی ڕەوای هەر مرۆڤێک لە کۆمەڵگەی کوردستان وەبەرباس بخەین و بە پێداگری لە پەرەپێدانی چەمکی زمانی دایکی، ڕێز لە کەرامەتی هەموو گەلانی نێو جوگرافیای ئێرانی ئەمڕۆ بگرین. هەوڵەکان هەتا ئەو ڕۆژەی کە پرسی خوێندن بە زمانی کوردی لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان جێبەجێ دەکرێن هەروا بەردەوام دەبن.

زمانی دایکی بنەمای سەرەکیی ناسنامەی فەرهەنگی گەشەی تاکانەی هەر کۆمەڵگەیەکە. ئەم ئاراستە سەرەتاییەی فێربوون، گواستنەوەی زانست و کولتوور پێکدەهێنێ و لە هەمان حاڵدا پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەستێنی نێوان کۆمەڵگاکان بەهێزتر دەکا. کەواتە ڕێگریکردن لە فێربوون و خوێندن بە زمانی دایکی هەر نەتەوەیەک، وەک هەوڵێکی قێزەون و دژەمرۆیی بۆ ئینکار و سڕینەوەی بەشێکی بنەڕەتی لە ناسنامە و مێژووی ئەو گەلە بە حیساب دێت.

بەپێی کۆنواسیۆنە نێونەتەوەییەکان و یەک لەوان جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و کۆنواسیۆنی مافەکانی منداڵان، هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە بە بێ سنوور زمانی دایکیی خۆی فێر ببێت و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانیدا کەڵکی لێوەرگرێ. دەوڵەتی ئێران وەک یەکێک لە واژۆکەرانی ئەم کۆنوانسیۆنانە، بەرپرسایەتی دەستەبەرکردنی ئەم مافە بنەڕەتییەی بۆ هەموو هاووڵاتییانی خۆی و هەروەها بە گەلی کوردیشەوە لە ئەستۆدایە.

بۆیە داوا لە حکوومەتی ئێران دەکەین کە ڕێز لە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی زمان بگرێت و ڕێگەی فێرکردن و فێربوونی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا بۆ منداڵانی کوردستان خۆش بکات. بەهۆی ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی فرە ئیتنیکی و چەند زمانییە، بایەخدان بە زمانی هەموو پێکهاتەکانی ئێران و گرتنەبەری سیاسەتی فرەزمانی، جیا لەوەی کە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لە ڕەوتی مێژوودا دەمێنێتەوە، بەڵکوو گەشەی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانەشی لێ دەکەوێتەوە. لە ئاکامدا گەلانی ئێران زیاتر لێک نزیک دەبنەوە و لەم بەستێنەدا ئەزموونی ژیانێکی گونجاوتر بەرانبەر بە یەک تاقی دەکەنەوە.

ئەمڕۆ تێکڕا و هاودەنگ تیشک دەخەینە سەر پابەندبوونمان بە ناساندن و پاراستنی زمانی کوردی لە کوردستان و داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە پشتیوانی لە دۆزی ئێمە بکەن. خەباتی ئێمە بە شێوازی جۆراوجۆر هەروا بەردەوام دەبێت هەتا ئەو کاتەی کە دەنگی خەڵکی بێبەش لە مافە زمانەوانییەکانیان نەبیسترێن و ئەم داواکارییە بە گرینگی و بە بێ دەغەڵی بواری جێبەجێکردنی بۆ خۆش نەکرێت. فرەچەشنی زمانی سامانێکی مرۆڤایەتییە، پاراستن و پێشخستنی زمانی دایک ئەرکێکی جەوهەرییە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەک کە هەموو نەتەوەیەک بتوانێت ئازادانە بیروڕای خۆی بە زمانی خۆی دەرببڕێت و میراتی خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازێتەوە.

قوتابییانی خۆشەویست و بنەماڵە خەمخۆرەکان!

ڕێکخراوی یوونسکۆ بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی ئەمساڵ جەخت لەسەر گرینگیی هەمەجۆریی زمانی و فرەچەشنی بۆ بەرەوپێشبردنی کەرامەت و ئاشتی و لێکتێگەیشتن لە نێوان گەلان دەکاتەوە. هەروەها داواکارە کە جێژن و ئاهانگگەلێک بەڕێوە بچن کە ئاماژە بەم ناونیشانانە بکەن : "بایەخەکانی زمان، گرینگیی فرەچەشنیی زمانی و نەخشاندنی ڕۆژی جیهانیی زمانیی دایکی بە یوبیلی زێوین" . یونێسکۆ داوا لە دەوڵەتانی ئەندام و تێکڕای خەمخۆرانی مافەکانی مرۆڤ دەکا کە تیشک بخەنە سەر خێراکردنی هەوڵەکان بۆ فرەچەشنیی زمانی، تاکوو لە ساڵی ٢٠٣٠ لە جیهانێکی بەرفرەتر و بەردەوامتر خۆمان ببینینەوە.

ڕێکخراوی یوونسکۆ بە مەبەستی بە ئەنجامگەیاندنی ئامانجەکانی ڕۆژی جیهانیی زمانیی دایکی پێداگری لەم خاڵانەی خوارەوە دەکا:

بەڕێوەبردنی کەمپەینگەلی زانیاری بە مەبەستی بردنەسەری ئاستی مافە زمانییەکان،

 جێگیرکردنی پرسی خوێندنی فرەزمانی لە قوتابخانەکان، بە مەبەستی پشتگیریکردنی زمانی دایکی،

ڕێکخستنی بەرنامەی جۆراوجۆری وێژە، کولتوور، نەریت، شێعر، فۆلکلۆر و هتد بە زمانی دایکی،

لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامەی دیجیتاڵی بەرنامە و پلان بۆ پاراستنی زمانەکان ڕێک بخرێن،

ناساندن و خەڵاتکردنی ئەو قارەمانانەی کە کار بۆ پاراستنی زمانە ڕەسەنەکان دەکەن،

هەروەها حکوومەتەکان لە سەرانسەری جیهان ئەرکدارن کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتی زمانی، هاوکاریی یوونسکۆ بکەن و لە دەستڕاگەیشتنێکی یەکسان بە خوێندن و ئازادی زمانەوانی عادڵانە تێبکۆشن.

مامۆستایانی مافخوازی کوردستان!

ئێمە هەموومان لە نزیکەوە لە هەوڵ و تەقەلای ئێوە وەکوو مامۆستایانی خەمخۆر و مافخوازی کوردستان دەرهەق بە دەستەبەربوونی ماف و ئازادییەکانی منداڵانی کوردستان کە یەک لەوان داکۆکیکردن لە خوێندن بە زمانی دایکییە ئاگادارین. هەروەها کۆمەڵگەی کوردستان بە وردی ئاگاداری ئەو ستەم و گوشارە ناڕەوایانەیە کە دەسەڵاتی ناسەردەمیانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئێوەی هێناوە و بە مەبەستی بێدەنگکردنتان دەیان دۆسییەی دژە مرۆیی لە دادگا فۆڕماڵیتەکان و ناوەندەکانی ئەمنییەت بۆ کردوونەتەوە. هەر بۆیە یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانیی خۆی لە داخوازیی ڕەوای هەموو ڕێکخراوە پیشەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری پەروەردە و گەشەی فکری، دەنگیشی دەخاتە پاڵ دەنگی قوتابییانی خۆشەویستی نیشتمانەکەمان هەتا مافی خوێندن بە زمانی دایکی بە یاسایی و بە دوور لە چەواشەکاری بچەسپێت.

هەر وەک ئاماژەی پێدرا، لەم بوارەدا دەسەڵاتی ئێران بەرپرسی سەرەکیی ئەم پرسەیە و دەبێ پێملی بڕیارە نێونەتەوەییەکان بێت. بەپێی مادە یاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی ئێران جیا لەوەی کە دەبێ هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی یاسایی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرسی پەروەردە بە زمانی هەموو پێکهاتەکانی ئێران بدا، بەڵکوو پێویستە ئەو دروشمانەی کە ئەمساڵ لەلایەن یۆنسکۆوە دەسنیشان کراون، بە گرینگی پێشوازیان لێ بکات و لەو ئاراستەیەدا هەنگاوی جیددی بۆ هەڵێنێتەوە.

دەوڵەتی ئێران وەختێک کە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی واژۆ کردووە، دەبێ لە باری ماڵی، ئیداری و پەروەردەییەوە تەزمینی جێبەجێکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە قۆناخی سەرەتاییەوە بکات و لەم بوارەدا بە بێ دەغەڵکاری یارمەتیدەر و هاندەری مامۆستایان و وانەبێژانی زمانی کوردی لە کوردستان بێت. کەچی مخابن پانۆڕامای پرسی زمانی کوردی لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان بریتییە لە: ئینکار، تواندنەوە و مەترسیی فەوتان. وانەبێژانی کورد بە شێوازی جۆراوجۆر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و ئیدارییەکانەوە سزا دەدرێن، دۆسییەی ئەمنییەتی بە بەردەوامی بۆ چالاکانی ناوەندەکانی فێرکاری دەکرێتەوە، لە ناو میدیا پاوانکراوەکانی ڕێژیمەوە سێناریۆی چەواشەکارانەی ناڕاست دەربارەی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد بڵاو دەبنەوە و مخابن بە ئانقەست وەک مەترسی باسیان لێوە دەکرێ.

 یه‌کیەتیی پیشه‌یی مامۆستانی کوردستانی ئێران ئەم کردەوانەی دەسەڵاتی ئێران بە توندی ئیدانە دەکا و هاوتەریب لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان پێداگری لە مسۆگەربوونی مافی قوتابییانی کوردستان کە یەک لەوان خوێندن بە زمانی دایکییە دەکات. هەروەها پێی وایە کە ئەم کردەوەگەلەی ڕێژیمی ئێران نەتەنیا هیچ خزمەتێک بە تەبایی و پێکەوە ژیانی سەردەمیانەی گەلانی ئێران ناکەن، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانە، هەوێنی ئاڵۆزی و ناتەبایین و زەمینەی جیاخوازی ‌و لێکدابڕان لە داهاتوودا دەڕەخسێنن.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

ڕەشەممەی ٢٧٢٤ی كوردی