کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە خاوەنی کاناڵە تێلێگرامییەکانی فێرگەی زمانی کوردی

12:22 - 27 رەشەمه 2724

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، دەستوپیوەندییەکانی ڕێژیم هەڕەشە لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵە تێلێگرامییانە دەکەن کە لە بواری فێرکردنی زمانی کوردیدا چالاکن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەم ناوەندەی ڕاگەیاندووە کە دەستوپێوەندییە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم نامەیان بۆ بەڕێوەبەرانی ئەم کاناڵانە ناردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەگەر چیتر دەست لە فێرکردنی زمانی کوردی هەڵنەگرن، وێنە کەسییەکانی خۆتان و بنەماڵەکانتان بڵاو دەکەینەوە.

لە ساڵانی دواییدا ئەم کاناڵانە ڕۆڵێکی تایبەت و بەرچاویان لە فێرکردنی زمانی کوردی بۆ خوازیاران هەبووە.

جیا لەم بابەتە سەرچاوەکە باسی لە "تەختەکلیلێکی کوردی"ـی کردووە کە لەلایەن ناوەندە سایبێرییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دروست کراوە، بە شێوەیەک کە پاش دابەزاندنی ئەم تەختەکلیلە مۆبایلەکانیان هەک دەکرێت.

بەپێی ئەم زانیارییانە تەختەکلیلێک بە ناوی تەختەکلیلی "بێ‌هاوتا کیبۆرد" لەلایەن ناوەندە سایبێرییەکانی ڕێژیمەوە بۆ ئەم مەبەستە دروست کراوە.

 لەم پێوەندییەدا کارناسێکی بواری ئایتی بەم ناوەندەی ڕاگەیاندووە کە هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی تەختەکلیلی کوردی یان هەر ئەپێکی دیکە، زیاتر لە سەرچاوە فەرمی و متمانەپێکراوەکانی وەک گووگڵ پلەی و ئەپ ستۆر، کەڵک وەربگرن باشترە تاکوو ماڵپەڕ و کاناڵە نەناسراوەکان.