کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی کوردستان و پەیامەکانی

23:24 - 24 رەشەمه 2724

نەورۆزی کوردستان و پەیامەکانی

هەردی سەلیمی

نەورۆز لە کۆن‌زەمانەوە و لە بەرامبەر هێرشی هەموو سپا بێگانەکان بۆ سەر کوردستان، خۆی پاراستوە و لەگەڵ ئەوەش نەتەوەیەکی لەگەڵ خۆی پاراستوە. ئێمە بەباشی ئاگاداری ڕۆڵی نەورۆز لە ڕابردوویەکی دووردا نیین، بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخ و لە سەردەمی مۆدێرندا دەتوانین ئاماژە بە ڕۆڵی کەسانی ڕووناکبیری وەک "پیرەمێرد" و "فایەق بێکەس" بکەین، کە لە یەکەمین کەسەکان بوون کەوا لەنێو نەتەوەی کورددا ڕۆڵێکی سیاسی و شوناسخوازانەیان بە نەورۆز بەخشێوە.

بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و دوورخستنەوەیان، کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان سەری هەڵدا و لە بواری جۆراوجۆری وەک ژینگەپارێزی، بزووتنەوەی خوێندکاری، چالاکیی پیشەیی و... وێژمانی خۆی و کوردستانی بەرهەم هێناوە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کوردستاندا و بە دەسپێشخەری و داهێنانی کۆمەڵگەی مەدەنی بووژانەوەیەکی بەخۆوە بینی و لە شکڵێکی فەرهەنگییەوە بۆ بەربەرەکانی و بەرخۆدانێکی سیاسی گۆڕا و گوورا. لەمەبەدوا نەورۆز دەرفەتێک بوو بۆ خۆنواندنێکی نوێ و ڕیزکردنەوەی خواستەکانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئەو خواستە سیاسییانە لە ڕێگەی بڵیندگۆی نەورۆزەوە.

لەم نێوەدا و لەم چەند ساڵەدا هەم دەسەڵات و هەم بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات وێڕای ئەوەی سەرسام بوون بەو ئاستە لە یەکڕیزی و ڕێکخراوبوونی بەڕێوەچوونی نەورۆز لە کوردستان، ترسیشیان ڕێ نیشتوە و هەوڵیان داوە نەورۆز "خالس" بکەنەوە و ئەو تایبەتمەندییانەی کە کوردستان پێی داوە، لێی بسڕنەوە. ئەم هەوڵانەشیان لە ڕێگەی تیئۆریک و لە ڕێگەی هەڕەشە و گرتنیشەوە داوە، لە چەند حاڵەتێکیشدا ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەوڵیان داوە ئیبتکاری کارەکە بەدەستەوە بگرن و بۆ خۆیان بەڕێوەبەری ئەم ڕێوڕەسمە بن! بۆ ئەوەی کونترۆڵی بکەن و خسڵەت و تایبەتمەندیی سیاسی و خۆڕاگرانە و شوناسخوازانەی نەورۆز بسڕنەوە و بیکەنە بۆنەیەکی کولتووریی ڕووت؛ کە تا ئێستاش لەم هەوڵانەیاندا سەرکەوتوو نەبوون.

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ئەمساڵیش هەموو ئەم هەوڵانەیان دا و تاقییشیان کردەوە، بۆ نموونە لە شنۆ و بۆکان هەوڵیان دا بە زۆری چەک و هێز پێش بە گرتنی نەورۆز بگرن، لە ئیلام و کرماشانیش هەروەها و تەنانەت فەرماندەکانی سپا هەڕەشەیان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ئیلام کرد، بەڵام بەپێچەوانەی ویستی ئەوان ئەم تەوژمی وشیاریی نەتەوەیییە لە ماکۆوە هەتا ئیلام و دێلوڕانی گرتووەتەوە و تا دێ بەهێزتریش دەبێت. هەر لە یەک‌دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە مەڵکشای ئیلام و بە دروشمی "ئیمە کوردیم" و "بژیی کورد و بژیی کوردستان" ئاوری نەورۆزی ئەمساڵیشیان هەڵکرد و مۆرکی شوناسخوازانەی خۆیان لێ دا.

سەرنج بدەینە ئەو ڕێوڕەسمانەی تا ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەڕێوە چوون، هەموو هێمای بەرخۆدان و موقاومەت و نەتوانەوە و شوناسخوازییان تێدا زەق بووە و لە جلوبەرگ و دروشم و بەکۆمەڵ‌ بەڕێوەبردنیانەوە هەموو دەرخەر و نیشانەی ئەوەیە نەورۆز لە کوردستاندا ڕێ‌وڕەسمێکی سیاسی-مەدەنی-کولتوورییە و توانیویەتی هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لە خۆیدا کۆ بکاتەوە و هەڵگری هەموویان بێ، بەبێ‌ ئەوەی یەکتر ڕەد بکەنەوە. زۆر جار هەوڵ دراوە نەورۆزی کوردستان وەک سەرنجڕاکێشییەکی تووریستی و گەشتیاری نیشان بدرێ، بەڵام ساڵ لەگەڵ ساڵ خەڵکی کوردستان یەکدەستتر و خۆبەڕێوەبەرتر و ڕادیکاڵانەتر نەورۆزی خۆیان بەڕێوە بردوە، هەتا ئەو جێیەی ڕۆژی ڕابردوو لە شاری سەقز دروشمی "کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان" و "ژینی ژێردەستیم ناوێ، دەوڵەتی کوردیم ئەوێ" درا کە بەردەنگەکەی بێ‌گومان دەسەڵات و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دەسەڵاتەیە کە هەوڵی بێ‌وچانی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ئەمری سیاسی لە نەورۆزی کوردستان بسڕنەوە، بەڵام لەگەڵ وڵامی ئاوا ڕاشکاودا بەرەوڕوو بوونەوە.

وەک دوایین وتە ئەوەی کە ئەمساڵ لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانەوە ناوی "خاکی‌پۆشان" لەم نەورۆزە نراوە، نە لەژێر گوشار و بانگەشەی لایەنێکی سیاسیدا بووە و نە بە واتای سڕینەوەی فرەڕەنگی و یەکدەست‌کردن بووە، بەڵکوو بەو واتایە بووە کە ناوێکی ڕەمز بێ لە بەرامبەر هێژمۆنیی ئەو دەسەڵاتەدا کە دەیهەوێ نەورۆزی ئێمە بەکولتووری بکات و تایبەتمەندیی سیاسی و بەرخۆدانەکەی لێ داماڵێ.