کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: پرسی سەرەکیی کۆمەڵگەی ئێران فەرەچەشنییە و ئەوەش دەبێ دانی پێدا بنرێت

19:01 - 27 رەشەمه 2724

خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ''کاناڵی وان تیڤی'' لە پێوەندی لەگەڵ نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو لە نیوان حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسەکانی ئێران دوا و ئاستەنگ و کێشەکانی خستە بەرباس.

کاک خالید لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە بە دەستیپێکی بزووتنەوەی ژینا کە خەڵک بە هەموو جیاوازییە نەتەوەیی، مەزهەبی و زمانییەکانەوە یەکگرتوو لە میداندا بوون، ئوپۆزیسیونێکی دێموکراتیک کە هەڵگری داخوزاییەکانی خەڵک بێت پێک نەهات.

بەڕێز عەزیزی ڕایگەیاند: لە نەبوونی ئۆپۆزیسۆنیکی دێموکراتیکی پێکهاتوو لە هەموو حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی چالاک لە میدانی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، ڕەوتی سەلتەنەت تەڵەبی سەری هەڵ دایەوە کە تا ئەو جێگای پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە هەیە و بە سەرنجدان بە مێژووی حیزب و وتەکانی دوکتور قاسملوو، سیستمی سەڵتەنەت تەڵەبی ئەزموون کراوە و کۆماری ئیسلامیش بەکردەوە دەیبینین، کە هەڵگری داخوازی و مافەکانی گەلی کورد نین و ئەو دوو سیستمە لەلایەن حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستانەوە بە کردوە ڕەت دەکرێنەوە. بۆیە ئاساییە کە ئەو دوو سیستمە، خەباتی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بە تەجزیەتەڵەبی ناودێر بکەن و بە لایەنی دەرەکییەوە گرێی بدەن.

ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ لایەن و کەسایەتییە کۆماریخوازەکان وتی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات ئامادەین کە هاوپەیمانی پێک بێنین، بەڵام ئەو لایەنانە زۆر پرشوبڵاون و بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی نین، بە سەرنجدان بە مێژوو، ئەوەیکە حیزبی دێموکرات هەروا توانیویەتی لە مەیدانی خەباتدا بمێنێتەوە، هۆکارەکەی ئەوە بووە کە بە شێوەی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتی چالاکیی هەبووە و لە دوایین نموونەی خۆیدا دەیبینن کە ئەمە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی لە کوردستان ڕەنگ دەداتەوە. بۆیە کۆماریخوازەکان دەبێ زیاتر خۆیان سازماندەهی بکەن.

وتەبیژی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەی کە بەرنامەی حیزب بۆ داهاتوو سەبارەت بە هاوپەیمانیی چییە کە لایەنە کۆماریخوازەکان بتوانن لەگەڵ حیزب هاوڕاستا بن، وتی پرسی سەرەکی کۆمەڵگای ئێران فەرەچەشنییە و ئەو کۆمەڵگایە لە چەندین نەتەوە و ئێتنیکی کە خاوەن شوناس و پێشینەی مێژوویی خۆیانن پێک هاتووە و ئەوەش دەبێ دانی پێدا بنرێت، بۆیە دەبێ ئێران بە شێوەی هابەش و ناوەندی و بە جیایی دین لە دەسەڵات بەڕێوە بچێت کە تا ئێستا لەگەڵ ئەو لایەنانە لەسەر ئەو ڕاستییە پێک نەهاتووین.