کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، وێنایەک لە ماریفەتی کۆمەڵگەی کوردستان

09:44 - 26 رەشەمه 2724

ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، وێنایەک لە ماریفەتی کۆمەڵگەی کوردستان

سمایل شەرەفی

سەرەڕای بەربەست، هەڕەشە و هەڵسووکەوتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ و خەڵکی بەشدار لەم ڕێوڕەسمانە، ئیرادەی گەل بەسەر دەسەڵاتی خۆسەپێن‌دا سەرکەوت و بەشێک لە کارنەڤاڵە نەورۆزییەکان لە ئاستێکی بەرینی جەماوەری‌دا بەڕێوەچوون.

چالاکانی مەدەنیی کوردستان ئەمساڵیش وەک چەند ساڵی ڕابردوو ئەرکی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیان گرتەوە ئەستۆ و بەناولێنانی نەورۆزی ١٤٠٤ بە "نەورۆزی خاکیپۆشان"، بزووتنەوەی نەورۆزی کوردستانیان لە ئاستێکی بەرینتری جەماوەری‌دا نوێ کردەوە. خەڵکی کوردستان کە مانگێک پێش لە گەیشتن بە ڕۆژی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی، خۆیان بۆ بەشداریی ماناداریان لەم ڕێوڕەسمانە ئامادە کردبوو، لە هەڵسوکەت و ڕەفتارێکی تەواو هوشیارانەی پڕ لە مانا و پەیام‌دا، قۆناغێکی دیکەی پڕ بەرهەمیان لە بزووتنەوەی نەورۆزی کوردستان‌دا تۆمار کرد.

تا نووسینی ئەم بابەتە لە چەند شوێنێکی کوردستان، وەک؛ پۆلدەشتی ماکۆ، چەشمییەری مەریوان، گوێگتەپەی مەهاباد، ساحێو و جاقڵی سەقز، مەڵکشا و دەڕەدرێژی ئیلام و گێڵان غەرب ڕێوڕسمەکانی نەورۆز بەڕێوەچوون و چەند ڕێوڕەسمێکی دیکەی نەورۆزی لە تەرەغەی بۆکان، شنۆ و پیرانشار لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕێگرییان لێ کراوە و لە چەند شوێن و ناوچەی دیکەش لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێوڕەسمەکان درێژەیان دەبێت.

ئەوەی تا ئێستا کراوە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، هەم لە ڕووی جوغرافیاییەوە بەرفراوانترە و هەم لە ڕووی جەماوەرییەوە گشتگیرتر بووە. لە سەرووترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا خوارترین شوێن ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز پەلیان هاویشتووە. بەشداریی خەڵک لە هەزارن کەسەوە گەیشتۆتە دەیان‌هەزاران کەس. هێما هاوبەشەکانی ئەم ڕێوڕەسمانە ڕەنگ و نێوەڕۆکێکی پڕ لە مانا و واتایان بەم ڕێوڕەسمانە بەخشیوە. جامانە و هەوری و لەبەرکردنی جل و بەرگی ڕەسەنی کوردی و بەتایبەت ئەمساڵ پۆشینی جل و بەرگی خاکی، پێناسەیەکی تەواو شوناسخوازانەیان بە بزووتنەوەی نەورۆزی کوردستان بەخشیوە. یەکێتی و یەکدڵیی خەڵکی کوردستان لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ‌دا زۆرترین سەرنجی لەسەرە.

بە وردبوونەوە لە ڕەفتار و هەڵسووکەوتی خەڵکی کورستان لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان و پێکهاتەی مرۆیی ئەم ڕێوڕەسمانە کە لاوان و ژنان زۆرترینیانن و، هەروەها بە تێفکرین لە نێوەڕۆکی ئەو پەیام و وتار و سروودانەی لەم ڕێوڕەسمانەدا بڵاو دەبنەوە و، بە سەرنج خستنەسەر شێوازی پێکهاتن و بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمانە و ئەو هێما و نیشانانەی پێیانەوە دیارە، دەگەینە ئەو ئاکامەی کە کوردستان و خەڵکەکەی لە چ ڕێڕەوێکی مێژوویی پڕ لە هوشیاری و ماریفەت دان.

کۆمەڵگەی کوردستان لەئاستێکی بەرزی خۆڕێکخستن دایە کە ئامیان و هەوێنی ئەم ڕەفتارە گشتی و جەماوەرییە، گەڕان بە دوای شوناسی نەتەوەیی و خودی ئینسانی کورد وەک خۆیەکی سەربەخۆ لە ئەوانی دیکەیە. خەڵکی کوردستان لەم ڕێوڕەسمانە و لە هەر دەرفەتێکی دیکەدا کە بۆی بلوێ و بگونجێ، بە زەقکردنەوەی تایبەتمەندییە زمانی، هێمایی، کلتووری، هونەری و زاتییەکانی خۆی، لەسەر ئەساس و بنەڕەتی شوناسخوازانە، تەعبیر لە خۆی وەک نەتەوەی کورد دەکات. ئەم تەعبیرە گشتی و جەماوەرییە بە هەڵوێست و ڕەفتاری کۆی کۆمەڵگەوە هەست پێ‌دەکرێ کە بۆ ئەم مەبەستە، کۆمەڵگەی کوردستان وەک ئاماژەی پێ کرا، چەند ساڵێکە لەئاستێکی باشی خۆبەڕێوەبەری و خۆڕێکخستن دایە. ئەمە بۆ کۆمەڵگەیەکی بێبەش لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانی کە ڕۆژانە سیاسەتی سەرکوتی نەرم و سەختی لەسەر تاقی دەکرێتەوە، دەسکەوتێکی مەزنە، دەسکەوتێک کە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و فیداکاری و کاری ڕێکخراوەیی حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیەتی.

ژیاندۆستی و حەزکردن بە ژیان و خۆشییەکانی، یەکێکی دیکە لە تایبەتمەنییە بەرزەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە. ئەم تایبەتمەندییە زاتییەی نەتەوەی کورد کە ڕیشە و بناوانی لە کلتوور، کەونار و سروشتی مرۆیی خۆی وەک کورد و ژینگەکەی وەک جوغرافیای کوردستان دایە، بۆ دوژمنەکانی کە سەدان ساڵە کار لەسەر گوشەگیری، کوشتن و سڕینەوەی دەکەن، چەکێکی قورسی بەگژداچوونەوەیە.

هەموو ئەم مانایانە لە فەلسەفەی گۆڤەند و هەڵپەڕکێی کوردی‌داهەیە کە کچان و کوڕانی بە پۆشێنی جوانترین و ڕازاوەترین جل و بەرگەکان، بە بەرزکردنەوەی هێما و نیشانەکان، یەکگرتووانە دەست لە نێودەستی یەکتر ماناکانی؛ ژیان بۆ مانەوەیان و خەبات بۆ ژیانێکی سەربەست بنیات دەنێن.

کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە سەرکوتکەرەکانی کە چاویان بەرایی دیتنی کۆمەڵگەی کوردستانیان بەم تایبەتمەندییانەوە نیە، بە کردەوە دەیان ساڵە سیاسەتی سەرکوت پەیڕەو دەکەن. ئەوان کە شوێنەواری دیار و بەرچاوی کلتووری کاری رێکخراوەیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خەڵکی کوردستانەوە دەبینن، هار دەبن و پەلاماری کۆمەڵگە دەدەن. ئەوان کە چاوی دیتنی متمانەی دوو لایەنەی نێوان خەڵک و چالاکانی مەدەنییان بەیەکتر نیە، بە گرتنی چالاکانی مەدەنی و گوشار بۆ سەر خەڵک، ڕق و تووڕەییەکانیان دادەمرکێنن. ئەوان کە لە جل و بەرگی پێشمەرگانە (خاکیپۆشی) تۆقیون، هەڕەشە لە خەیاتەکانی کوردستان دەکەن و پێش بە دەرکەوتنی لاوەکان بە جل و بەرگی خاکییەوە دەگرن و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیان لێ هەڵدەوەشێننەوە.

خەڵکی کوردستان بە بەدەستەوەگرتنی چەکە ڕەمزی و هێماییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوەیی‌دا شەڕی مان دەکات. بۆ ئەم مەبەستە گۆڕەپانێکی بەرینی خەباتگێڕانەی جەماوەریی بۆ خۆی پێناسە کردوە کە هەر جارە و خۆی لە شکڵ و شێوازێک‌دا وێنا دەکات و ئەم ڕۆژانە گۆڕەپانەکە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانن. خەڵک و چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات، وەک تا ئێستا نیشانیان داوە، وێڕای بەگژداچوونەوەی پلان و پیلانەکانی دوژمن و، بە بێ‌گوێدان بەوانەی بە سازکردنی پرسیار لەسەر نەورۆز و هێما و سەمبولەکان، سواڵی سەرنج و پێگەی لەدەستچوویان دەکەن، لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی دیکەی نەورۆز و گەیاندنی پەیامە گەورەکە بە دۆست و دوژمن، بەردەوام دەبن.