
١٠ی ئاوریل، ڕۆژی ڕیسوایی کۆماری ئیسلامی
شەماڵ تەرغیبی
لە ڕۆژی ٢١ی خاكەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی بەرانبەر بە (١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧) دادگای میكونووس كە ئەركی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پەروەندەی تێرۆری دوكتور سادق شەرەفكەندی، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاوڕێیانی وەئەستۆ گرتبوو، لە دوای سێ ساڵ و شەش مانگ كاری لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، حوكمێكی مێژوویی دەركرد كە تێیدا ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی مەحكووم و بە تاوانبار ناساند.
ئەم ڕۆژە بۆ ئازادیخوازانی جیهان و ئێران و كوردستان، بە تایبەت حیزبی دێموكرات بە ڕۆژێكی مێژوویی دەژمێردرێ، لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئیسلامی كە دڕندانە بڕیاری لەنێوبردنی ئازادیخوازانی دابوو و پێملی هیچ جۆرە یاسا و ڕێوشوێنێك نەبوو، لەم ڕۆژەدا لە بەرچاوی بیروڕای گشتیی جیهان ڕیسوا كرا.
دادگای میكونووس كە لە ماوەی بەدواداچوونی پەرەوەندەی تێرۆرەكەدا سەرجەم ٢٤٧ جار كۆبوونەوەی پێكهێنا و، ١٦٧ كەس وەك شاهێد تێیدا بەشدارییان كرد، لە بڕیاری كۆتایی خۆیدا كە لە ڕاستیدا ڕووی دزێوی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامی، لە ئاستێكی جیهانیدا لەقاو دا، بە ڕاشكاوی بكوژان و بڕیاردەرانی تێرۆری دوكتور سادق شەرەفكەندی و هاوڕێیانی، كە هەموویان لە گەورە بەرپرسانی ڕێژیم وەك خامنەیی، ڕەفسەنجانی، فەلاحیان و...بوون، بە تاوانبار زانی و هەر لەم پێوەندییەشدا بڕیاری گرتنی عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتلاعاتی ئەوكاتی ڕێژیمی دەركرد.
ئامانجی سەرەکیی پیلانی "میكونووس" شەهیدكردنی سكرتێری گشتیی حیزب و هاوڕێكانی و زەربەلێدان لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی لەم ڕاستییە گەیشتبوون كە تاقەسواری مەیدانی خەبات و بەربەرەكانێ تەنیا حیزبی دێموكراتە، بە تایبەت لە دوای ئەوەی كە لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی ڕێبەری مەزن دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی شەهید كرد، لەو باوەڕەدا بوون كە حیزبی دێموكرات ناتوانێ درێژە بە خەباتی بێوچانی خۆی بدا، بەڵام حیزبی دێموكرات نەك هەر لەم ڕێگایەدا كۆڵی نەدا بگرە شێلگیرتر لە جاران ڕەوڕەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی كوردی ڕێبەرایەتی دەكرد. هەر بۆیە، بۆ جارێكی دیكە كەوتنە پیلان داڕشتن بە دژی حیزب و ڕێبەرانی حیزب، چونكە حیزبی دێموكرات بۆشایی لەدەستچوونی دوكتور قاسملووی تا ڕادەیەك بە ڕێبەرێكی لێوەشاوەی وەك دوكتور شەرەفكەندی پڕكردەوە و بە جیهانی سەلماند ئەگەرچی لەدەستچوونی دوكتور قاسملوو كارەساتێكی گەورە و دڵتەزێن بوو، بەڵام ڕەمزی هەرمانی حیزب ئەوەیە كە وا ڕانەهێندراوە كە بە شەهیدبوونی ڕێبەرێك ڕەورەوەی خەباتی لە گوڕوتین بكەوێ.
لە ٣٠ مانگی ئووتی ١٩٩٢دا عەلی فەلاحیان، وەزیری واواكی ڕێژیمی ئیسلامی، ڕایگەیاند كە توانیویەتی زەربەیەكی كاریگەر لە گرووهەكەكان (بەتەعبیری ناوبراو)و لە نێو ئەواندا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بوەشێنێ. ئەو قسەیەی فەلاحیان تەنیا مەربووت بە ناوبراو نەبوو، چونكە گوتبووی كە لە داهاتووشدا لە ئێران و لە دەرەوە زەربەیان لێدەدا؛ لەو قسانەی ناوبراوڕا دەردەكەوێ ڕێژیم تا چ ڕادەیەك لە نەتەوەی كورد و حیزبی دێموكرات، بەتایبەت دوكتور شەرەفكەندی داخ لە دڵە. لەبەر ئەوەی دوكتور سادق هەوڵی دەدا لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا یەكیەتییەك پێك بێنێ، بە تایبەت ئەوكات ڕەفسەنجانی خۆی وەك كەسێكی میانەڕەو بە دەرەوە نیشان دەدا و بە داخەوە لە دنیای دەرەوە خەڵكێكی زۆری بە خۆیەوە خەریك كردبوو. بەڵام دوكتور سادق پێی وانەبوو كە لە ئێراندا توندڕەو و میانەڕەو هەیە. شەهید دوكتور شەرەفكەندی بە زانایی و وریایی خۆی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە مەترسی ڕێژیم ئاگادار كردەوە كە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بۆچوونەكانی باشتر ڕوون دەبنەوە. كار و دیپلۆماسی دوكتور شەرەفكەندی بۆ نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی ئێران بە جۆرێك زراوی ڕێژیمی بردبوو و پیلانی تێرۆركردنی دابڕێژن كە بە داخەوە تێیدا سەركەوتووش بوون.
دەرچوونی حوكمی دادگای میكونووس لە چەند ڕووەوە جێگای سەرنجو تێڕامانن كە پێویستە ئاماژەیان پێبكەین.
١- یەكیەتیی ئورووپا: وڵاتانی ئورووپایی كە هەتا ئەوكات سیاسەتی سازان و هەڵكردنی لەگەڵ كۆماری ئیسلامییان ڕەچاو كردبوو، ناچاربوون دژكردەوە نیشان بدەن و بەرانبەر بە ڕێژیم هەڵوێستی جیاواز بگرن. لە یەكەمین دژكردەوەدا ئاڵمان باڵوێزی خۆی لە ئێران بانگ كردەوە و وڵاتانی دیكەی ئورووپاش بە نیشانەی دەڕبڕینی ناڕەزایەتی لەو كردەوە نامرۆیانەی كۆماری ئیسلامی باڵوێزەكانی خۆیان بانگ كردەوە و ئێرانیان بەجێهێشت. هەر چەند دوای ٧ مانگ بەسەر تێپەڕبوونی دەرچوونی حوكمی دادگای میكونووسدا، دەوڵەتانی ئورووپایی بە ناردنەوەی باڵوێزەكانی خۆیان بۆ ئێران دیسان دادپەروەری و مافەكانی مرۆڤیان كردە فیدای بەرژەوەندی ئابووری و ساتوسەودای بازرگانیی، كە ئەوە بە هیچ شێوەیەك لە قورسایی و بەجێبوونی حوكمی میكونووس كەم ناكاتەوە، بەڵام بووە هۆی ئەوەیكە لە ژێر كاریگەریی ئەو هەڵوێستەی ئورووپادا درێژە بە جینایەتەكانی خۆی دژی ئازادیخوازان لە نێوخۆی وڵات بدا.
ئاشكرابوونی قەتڵە زەنجیرەیییەكان ئەو ڕاستییەی هەرچی زیاتر سەلماند كە ڕێژیم نەك هەر لە كردەوەكانی خۆی پاشەكشەی نەكردوە، بەڵكوو زیاتر پەرەی بەم كارەی داوە. كوژرانی دەیان تێكۆشەر و ئازادیخواز لەوانە فرووهەرەكان، محەممەد موختاری، محەممەدجەعفەری پوویەندە، دوكتور مەجیدشەریف، زارا كازمی، ئەكبەر محەممەدی، چ لە سەردەمی دەسەڵاتی بەناو ڕێفۆرمیستەكان و چ لە دەوڵەتە نیزامی ـ ئەمنییەتییەكانی دواتردا ، پیشاندەری درێژەی كردەوە تێرۆریستییەكانی ئەو ڕێژیمە و لەپێشگرتنی سیاسەتی لەنێوبردنی فیزیكی بەرهەڵستكاران و دژبەرانی سیاسی لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوەیە.
٢- ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی: ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش پێشوازییان لە حوكمی دادگای میكونووس كرد و لە بڵاوكراوەكانیاندا ڕێزیان لە حوكمی دادگا گرت.
٣- خەڵكی كوردستانیش وەك هەمیشە كە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ حیزبەكەیان، (حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران) بوون لە دەرچوونی حوكمی دادگای میكونووس خۆشحاڵ بوون و تەنانەت لە ڕێپێوانی ئێعترازی كە ڕێبەرانی ڕێژیم بە دژی دەرچوونی حوكمی دادگای میكونووس وەڕێیان خستبوو، بەشدارییان نەكرد. خەڵكی كوردستان پاش شەهیدبوونی دوكتور شەرەفكەندی و بە تایبەت دوای حوكمی دادگا جارێكی دیكە پشتیوانی خۆیان لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەربڕی و حیزبیان دڵنیا كردەوە كە وەك هەمیشە پشتوپەنای حیزبەكەیان دەبن.
بڕیاری دادگای میكونووس بووە هۆی ئەوەی كە ڕێبەرانی ڕێژیم هەست بە چووكەبوونیان لەبەرانبەر ئیرادەی كۆمەڵگەی جیهانیی بكەن و هەرچەند (بۆ ماوەیەك كورتیش بووبێ) بە پارێزەوە لەگەڵ بەرهەڵستكاران و نەیارانیان هەڵسوكەوت بكەن. بڕیاری دادگای میكونووس بە جیهانی سەلماند كە ئەگەر بەرژوەندی و ساتوسەودای بازرگانیی ڕێگە بدا، دەتوانن چۆك بە ڕێژیمی ئیسلامی دابدەن. هەر لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا كە زۆربەی باڵوێزخانەكانی وڵاتان لە ئێران بەتاڵ بوون، دەركەوت كە دەكرێ سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانەی ئورووپا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ـ كە بەداخەوە ماوەیەكی زۆری نەخایاند تا لێی گەیشتن ـ كۆتایی پێ بێ.
درەچوونی حوكمی دادگای میكونووس گرینگیییەكی تایبەتیی هەیە كە یەكەمجار بوو كە دەزگای قەزایی وڵاتێك بە دژی ڕێژیمی ئێران بڕیاری لەو چەشنە بدا، ئەوەش لەحاڵێكدا بوو كە ئێران و ئاڵمان پێوەندییەكی پتەوی بازرگانیان پێكەوە هەبوو و گەورەیی و قووڵی كارەساتەكە تاڕادەیەك بوو كە كۆماری ئیسلامی كە نەیتوانی پێش بە دەرچووونی ئەم حوكمە بگرێ و ٧ ساڵ پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای میكونووس، شارەداری بێرلین بڕیاری دا تابلۆیەكی بەردی بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییەكان دابنرێ.
ئێستا پاش تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵ بەسەر دەرچوونی حوكمی دادگای میكونووس و لە ئەنجامی ساتوسەودا بازرگانییەکانی ڕۆژاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبینین کە ڕێژیم لەسەر سیاسەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوە، سەركوتی ناڕەزایەتییەكان، سازکردنی کەشی خەفەقان لە نێوخۆ، كێشەخوڵقێنی لە ناوچە و بەرزەفڕییە ئەتۆمییەكانی هەورا بەردەوامە.
ئەگەرچی تێرۆری میكونووس زیانێكی گەورە بوو بۆ حیزبی دێموكرات و سەرجەم ئۆپۆزیسۆنی ئێران و ئازادیخوازان، بەڵام دەرچوونی حوكمی دادگای میكونووسیش بە نۆرەی خۆی سەرفەسڵێكی نوێ بۆ خەبات دژی كۆماری ئیسلامی و لەقاودانی سیاسەتی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەم ڕێژیمە بوو.
رێژیمی ئیسلامی ئێران قەت نەیتوانیوە بە تێرۆری ڕێبەرانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و هەروەها تێرۆركردنی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە كوردستانی ئێران و لە كوردستانی عێراق، مەیدانی خەبات و بەربەرەكانێ بە تێكۆشەرانی حیزب چۆڵ بكا.
ئێستاش پاش تێپەڕبوونی نیزیک بە ٨٠ ساڵ لە تەمەنی پڕ لە شانازی حیزب و بەختكردنی گیانی هەزاران ڕۆڵەی بەوەفای نیشتمان لەسەرووی هەمووان پێشەوا قازی محەممەد، دوكتور قاسملوو و دوكتور شەرەفكەندی ئاڵای خەبات هەر بەرزو شەكاوە ڕاگیراوە و ڕێبوارانی ڕێگای ئەو شەهیدانە ڕۆژبەڕۆژ دەسكەوتی نوێ بۆ نەتەوەكەیان دەستەبەردەكەن.