
کەڵەکەبوونی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسی کورد و داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران
مستەفا مەولوودی
ئاماژە: ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەو ناوچەیەی کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە و ئێمە تێیدا دەژین پڕە لە ڕووداوی کارەساتبار و پرس و کێشەی جۆراوجۆر کە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. هەر ئەوەش بۆتە هۆی پێکدادان و دوژمنکاری لە نێوان گەلان و دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە ناوچەکەدا و بەشی زۆر توانا و وزەکان تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەرقاڵی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتن. جیا لەوە تێچووی گیانی و ماددیی چارەسەرنەکرانی کێشەکان کە بە بەردەوامی پێکدادان و شەڕ و ئاڵۆزی و کاولکاریی لێ کەوتۆتەوە، ئەوەندە زۆرن کە بەزەحمەت دەخەملێندرێن.
پرسە گرینگ، جەوهەری و چارەنووسسازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دوو پرسی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕست بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و ئەم دوو پرسە لە ڕیزی پێشەوەی پرسە ڕۆژەڤەکانی ئەو ناوچەیەن کە یەکەمیان مەسەلەی فەلەستین و دووهەمیان مەسەلەی کوردستانە.هەردووک ئەو دوو بابەتە دەکرێ بڵێین بەرهەم و لێکەوتەی شەڕی یەکەمی جیهانی، هەڵوەشانی ئیمپراتوریی عوسمانی و پەیمانی "سایکس-پیکۆ"ن کە بووە هۆی ئەوەی لە بێ گەڕانەوە بۆ دۆخی فەلەستین وڵاتێک بە پاڵپشتیی وڵاتانی زلهێز بۆ جووەکان دروست بکرێ و لە پڕۆسەیەکی نادێموکراتیک و بەبێ گەڕانەوە بۆ کورد و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتوری عوسمانی بە سەر سێ دەوڵەتی تازە دامەزراوەی تورکیە، عێراق و سورییەدا دابەش ببێت. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە کاتی دامەزرانیەوە لەسەر ئەو باوەڕە بووە و بە بەردەوامییش ڕایگەیاندوە هەتا لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست دێموکراسی نەیەتە ئاراوە و مەسەلەی فەلەستین و کورد لەو ناوچەیە چارەسەر نەکرێت، کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاستدا بنەبڕ نابن و ئەو ناوچەیە ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ.
پێچەوانەی پرسی کورد کە هەمیشە لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکانی تاران، بەغدا، ئانکارا و دەمیشقەوە بە پرسێکی ئەمنییەتی داندراوە و خەباتێکی توندوتیژیان بەسەر کورددا سەپاندوە، وتووێژ و دانوستان لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان بە بەردەوامی لەئارادا بووە. ئەوە بوو لە ساڵەکانی ١٩٩٣ زایینی پەیمانیی ئاشتیی ئۆسلۆ لەنێوان دوو لایەندا واژۆ کرا. حیزبی دێموکرات هەر ئەوکات لەگەڵ پێشوازیکردن لە پڕۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین، بەڵام هاوکات ڕایگەیاند کە بە چارەسەرکرانی مەسەلەی فەلەستین و ئیسرائیل، کێشەکانی خۆرهەڵاتی نیوەڕاست کۆتاییان نایەت، مەگەر ئەوەی پرسی کوردیش چارەسەر بکرێ. بەداخەوە تا ئێستاش پرسی فەلەستینییەکان و کوردیش نەک چارەسەر نەبوون، بەڵکوو قووڵتریش بوونەتەوە. خۆ ئەگەر ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بە خاڵگۆڕان و سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە دابنێین، باشتر دەتوانین خوێندنەوە بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان بکەین و ئەرکی دواڕۆژی خۆمان ڕوونتر دیاری بکەین.
لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی زایینی ڕێکخراوی حەماس بە پلان و دنەدانی کۆماری ئیسلامی هێرشی کردوە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسی کوشت و نیزیک بە ٢٠٠ کەسیشی بەدیل گرت؛ ئەوە بوو بە دەسپێکی شەڕێکی خوێناوی لە غەزە و کوژران و وێرانکاری زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. بێگومان بۆ هەمووان ئاشکرایە کە هۆی هەڵایسانی ئەو شەڕە لەو قۆناغەدا کۆماری ئیسلامی و بۆ مەبەستە لەپێشدا دیاریکراوەکانی ئەم ڕێژیمە بوو.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هاتنەسەرکاری، دوو دروشمی بەرز کردۆتەوە؛ یەکەمیان "شەڕ، شەڕ تا بنەبڕکردنی فیتنە لە جیهاندا" و دووهەم "هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی" بۆ دەرەوەی وڵاتی ئێران. ڕێژیمی ئیسلامی هەزینەیەکی زۆری بۆ ئەو ستراتیژی و ئایدۆلۆژییەی داناوە کە خەرج و تێچووەکەی هەمووی لەسەر سامانی گشتیی وڵاتی ئێران بووە. سوپای تایبەتی (سوپای قودس)ی بۆ پێک هێناوە و چەند هێز و سوپای نیابەتیی لە وڵاتانی ناوچە دروست کردوە و کۆک و پۆشتە و بە مووشەک و چەکوچۆڵ تەیاری کردوون کە حەماس لە کەناراوەکانی غەززە یەک لەوانە. هەر ئەو سیاسەت و ئاجێندایەی ڕێژیم بوو کە بووە هۆی قووڵتربوونەوەی کێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین و تەنانەت بوو بە هۆی تێکدانی پڕۆسەی ئاشتیی ئۆسڵۆ و ئاکامەکەی بوو بە هۆی هەڵاییسانی شەڕی ٧ی ئۆکتۆبر و هەموو ئەو کارەساتەی بەسەر غەززە هات و حەماسیش باجێکی قوورسی بۆ دا.
دیارە جگە لە حەماس، حیزبوڵڵای لوبنانیش وەک هێز و سوپایەکی نیابەتیی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە هەر بە دنەدانی ڕێژیم هاتە نێو شەڕەکە. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەم بەشی هەرە زۆری فەرماندە و ڕێبەرانی حیزبوڵڵا بە حەسەن نەسڕوڵڵای کەسی یەکەمیان تێدا بچن و هەم ببێتە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە لوبنان و هاتنەسەرکاری حکوومەتێکی نوێ کە زۆر کەمتر لە ڕابردوو شوێندانەریی حیزبوڵڵا و ئێرانی پێوە دیار بێت.
ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی دوای زیاتر لە ٥٢ ساڵ حوکمڕانیی سورییە گۆڕانکارییەکی دیکەی دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئاڵوگۆرە خێرا و کاریگەرەکان لە ناوچەکەیە. ئەگەرچی هەتا ئێستاش زۆر ڕوون نیە سورییەی نوێ بەرەو کوێ دەچێ، بەڵام ئەوەی بەڕوونی دیارە ئەمەیە کە ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سورییە، واتە شکان و هەرەسهێنانی قووڵایی ستراتژیی سیاسی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
شکستە سیاسی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران هەر بەوەندەش نەوەستاوە و ناشوەستێ و هەر ئێستا ئاسەواری ئەو شکانە بۆ ئێران لە یەمەن و لە نێو حوسییەکانیشدا بە تەواوی هەست پێ دەکرێ و، هاوکات کاریگەریی لەسەر سیاسەت و پێوەندییەکانی عێڕاق لەگەڵ ئێران و لەسەر هێزە نیابەتییەکانی دیکەی ڕێژیم لەو وڵاتەش داناوە. بەپێی ئەو ڕووداوانەی هاتوونەتە ئاراوە گڵۆڵەی ڕێژیمی ئێران تەواو کەوتۆتە لێژی و سیاسەتی دەوڵەتی تازەی ئەمریکا و نەخشی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کە باس لە گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەکا، ئەو پەیامەی تێدایە کە بەرەوڕووی سیاسەتی پاوانخوازانەی ئێران و دەستوەردانی بێ سنووری ئەو وڵاتە لە وڵاتانی ناوچە دەبنەوە. بەوەش دەسەڵات و هەژمۆنیی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا سنووردار دەکرێ و هەل و دەرفەتی زیاتر بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی ئەم ڕێژیمە دەڕەخسێندرێ.
لە دەرەوەی ئایدۆلۆژی و ئامانجەکانی ڕێژیم بەڵام پێوەندیدار بە نێوخۆی ئێران دەبێ بڵێین کە کە سیاسەتی دەستوەردانی ڕێژیم لە هەموو ئاستەکاندا بە زیانی خەڵکی ئێران و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە تەواو بووە. ئەو سیاسەتە کەلێنی قووڵی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و گەلانی ئێراندا دروست کردوە و بە دەیان قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و پێکهاتەیی لە ئێراندا دروست کردوە. بۆیە دۆخی نوێی هاوکێشە نێوخۆییەکانی ئێران و ناوچە ئەو ئەگەرەی بەهێز کردوە کە خەڵکی ئێران بە دژی ئەو ڕێژیمە یەکدەست ڕاپەڕن. لە دەرەوەی سنوورەکانیش نەخش و دەستوەردانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا ناجێگیرییەکی کەموێنەی لێ کەوتۆتەوە. ئەوە نەک هەر ڕێژیمەکان تەنانەت خەڵکی وڵاتان لە ناوچەش دەزانن کە دەستوەردان و سیاسەتی پاوانخوازانەی کۆماری ئیسلامی چەندە کاریگەریی نەگەتیڤ و کارەساتباری لە سەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچە بووە و چۆن ئەو ناوچەیەی تووشی شەڕ و وێرانی و شڵەژانێک کردوە کە داهاتووەکەی زەرەرمەندی سەرەکی هەر خەڵکی ناوچەکەن.
ئەوەندەی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە، حیزبی دێموکرات پێی وایە دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر شپڕێو و ئاڵۆزە و چارەسەری بنەڕەتیی قەیرانەکانی ناوچە پێویستیی بە ئاڵوگۆڕ و ڕاستکردنەوەی هەڵە مێژووییەکان هەیە، ئەو هەڵە مێژووییانەی بەتایبەت لە یەک سەدەی ڕابردوودا و بەدەستی ئانقەست، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیختیار و بڕیاری نەتەوەکان تەنیا لە بەرژەوەندیی زلهێزەکان کران. قەرەبووی ئەو هەڵە و کارەساتانەی بەدوویدا هاتن، پێش هەموو شتێک بە دابینکردنی مافی نەتەوەیی گەلان، جۆراوجۆری و هەمە چەشنەکانی ئەو ناوچەیە و بە جێگرکردنی دێموکراسی و ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلاندا دەکرێ کە یەک لەوان داننان بە مافی نەتەوەیی و سەروەریخوازیی کوردە، ئەو مافە سروشتی و یاساییەی پتر لە یەک سەدەیە خەباتی بۆ دەکا و خوێنی بۆ دەدات.
ئێستای پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێوەندیدار بە پرسی کورد؛ لە باشووری کوردستان، هەرێم و دەسەڵاتێکی سیاسی و یاسایی و دانپێدانراو دامەزراوە کە لە چوارچێوەی ڕێگەپێدراوی یاسای بنەڕەتیی عێراقدا لە بەشێکی باشووری کوردستاندا حوکمڕانییەکی ناوچەیی هەیە. ئەوە ئەگەر لەباری خۆبەڕێوەبەری و دابینکردنی نیاز و پێویستییەکانی دانیشتووانەوە نەیتوانیوە وەک پێویست وەڵامی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بداتەوە، بەڵام کیانێکی ڕێگەپێدراوی یاساییە و ئومید دەکەین لە داهاتوودا لە ڕێگەی زاڵبوون بەسەر کێشە و ئاستەنگەکاندا سەرکەوتنی زۆرتر دەستەبەر بکەن.
لە باکووری کوردستان کە چەندین ساڵە خەبات و تێکۆشانی فرەلایەن و فرەڕەهەند لە ئارادا بووە. ئاکامی ئەو خەباتە بۆتە هاتنەئارای دۆخێکی نوێ کە لە ئێستا لێکتێگەیشتن لەنێوان حیزب و ڕێبەرانی سیاسیی بزووتنەوەی مافخوازی کورد لە باکووری کوردستان و حکومەتی تورکیەی لێ کەوتووەتەوە. حیزبی دێموکرات بە سەرنجدان بە دۆخی سیاسیی تورکیە بژاردەی خەباتی سیاسی، مەدەنی و ڕێکخراوەیی بە گونجاوترین ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتە دەزانێ، وەک چۆن ئەمە لە پەیامەکەی ئۆجەلان و نوخبەی سیاسیی کوردی لە تورکیەش ڕەنگی داوەتەوە. دیارە لە پەیام و خوێندنەوەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتیشدا هاتبوو کە ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی و هەنگاوێک بۆ پێشەوە دەبینێ و هیواخوازە ئەوە ببێت بە سەرفەسڵێک بۆ سازان و پێکەوەهەڵکردنی گەلان لە تورکیە و بەدیهاتنی مافە سیاسی و نەتەوەیی و مەدەنییەکانی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە.
لە ڕۆژاوای کوردستان و لە وڵاتی سووریە گۆڕانکارییەکان جۆرێکی دیکە و ئاسۆیەکەشی تا ڕادەیەک ناڕوونە. ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە و ڕێژیمێكی نوێ هاتۆتە سەر کار و ئەوە دەرگای وتووێژ و پێکهاتنی بە ڕووی هێزەکانی دێموکراتیکی ڕۆژاوا و دەسەڵاتی نوێی سووریە کردووەتەوە. لەو ماوەیەشدا بینیمان کە بەڵگەنامەیەکی ڕێککەوتن و سازانیش کە لە نێوان دەسەڵاتی نوێ بە سەکردایەتیی جەولانی و هەسەدە بە سەرکردایەتیی مەزلووم عەبدی واژۆ کرا. دیارە حیزبی دێموکرات ئەوەشی بە هەنگاوێکی ئەرێنی دانا و ڕایگەیاند کە ڕێگاچارەی سیاسی و دوور لە شەڕ و توندوتیژی باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان لەو وڵاتەدا.
ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی پڕ قەیرانی ئێستادا
بێگومان باس لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و کێشەکانی ئەو ناوچەیە زۆر هەڵدەگرێ و پێویست ناکا ئێمە لەوە زیاتر بپەڕژێینە سەری، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ناوچە و کارتێکەریی ڕووداوەکان لەسەر یەکتر پێویستە سێناریۆ دیار و نادیارەکانیش بێنینە بەرچاومان و ئەوەندەی بکرێ، خوێندنەوەی ڕاستیان بۆ بکرێ و خۆمان بۆ ئەگەرەکانی بەردەممان ئامادە بکەین کە یەک بە یەک دەکرێ، دەستنیشانیان بکەین.
پێش هەموو شتێک ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوەی ئەم ڕێژیمە لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین نەیاری بۆ وڵاتی ئێران دروست کردوە و کەمترین دۆستیشی بۆ هێشتووەتەوە. کەم نین ئەو وڵات و دەوڵەت و خەڵکانە لایان وایە ڕێژیمی ئێران هۆی سەرەکیی نائەمنی و شەڕ و ئاژاوە و کارەسات و نەهامەتییەکان لە ناوچە دایە و بە نەمانی کۆماری ئیسلامییش ناوچەکە دەتوانێ ئارامی و سەقامگیری زۆرتر بەخۆیەوە ببینێ.
گوشارە زۆرەکانی ئەمریکا و گەمارۆ فرەلایەنەکانی سەر ئەم ڕێژیمە، زەبرە قورسەکانی ئیسرائیل کە لە ئێرانی داوە و لکوپۆکردنی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا، ڕێژیمی تووشی قەیرانی زۆر جیددی و قەرەبوونەکراو کردوە و پێناچێ ڕێژیم بتوانێ لەبن باری قورسی ئەو گوشارانە پشت ڕاست بکاتەوە. خۆ ئەگەر باس لە کاریگەریی سیاسەتی دەرەکی ڕێژیمی ئێران لەسەر هەلومەرجی نێوخۆیی وڵاتیش بکەین، دەبینین کە ئەم دۆخە شوێندانەریی لەسەر هەموو جومگەکانی وڵات داناوە و جیا لە دروستکردنی زۆر قەیرانی زەبەلاحی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کەلێنی نێو خەڵک و دەسەڵاتی لە هەموو کاتێک بەرفراوانتر کردوە. تەنانەت کەلێن و کەلەبەری لەنێو خودی هێز و لایەن و دەزگا حکوومەتییەکانی ڕێژیمیشدا پێکهێناوە. لە ئاستی گشتیشدا قەیرانی دراو و ئابووری، قەیرانی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ناڕەزایەتیی ڕوو لەگەشە و بەردەوام و ڕۆژانەی خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، تابڵۆیەکی ڕوون لەسەر دۆخی ڕێژیم لە وڵات نیشان دەدات و پێمان دەڵێ کە لە چ دۆخێکی قەیراناوی و کارەساتباردایە.
ئەگەر لە پانتایی ئێراندا کوردستان جیاواز و بە نموونە وەربگرین، هەلومەرجی کوردستان لە زۆر بوارەوە جیاواز و جێی سەرنجە. ئەگەرچی خەڵکی کوردستان بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەتیی دەیان ساڵەی تاران و لە سۆنگەی سیاسەتی پەراوێزخستن و پەرەنەسەندنی سیستماتیکی ڕێژیم گوشاری زۆر زیاتری لەسەر بووە و بەرەوڕووی زۆر قەیران و کارەسار کراوەتەوە، بەڵام لەڕووی دنیابینی و کەشی سیاسییەوە جیاوازتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بووە.
کوردستان هەر لە سەرەتاوە لە بەرامبەر ڕێژیمدا جیاواز بیری کردۆتەوە. پێملی ئیرادەی ڕێژیم بۆ دەست بەردانەوە و گوێڕایەڵی نەبووە و بە هەموو شێوەیەک خەباتی بۆ مافەکانی کردوە و لە بەرامبەر دڕندەیی و سیاسەتی سەڕکوت و سڕینەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا وەستاوەتەوە. جیا لە خەباتی شکۆمەند و ئامانجداری دەیان ساڵەی هێزە سیاسییەکان کە سیمایەکی جیاوازی بە دۆخی سیاسیی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکە ئێران بەخشیوە، دەبینین کە کوردستان لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی و بەدوای بزووتنەوەی ژینادا کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی ئێرانیش داناوە. بەردەوامیی بزووتنەوە مەدەنییەکان سەرەڕای توندترین کاردانەوەی ڕێژیم کە خۆی لە گرتن و بەندکردن و سپاندنی زیندانی درێژخایەن لەدژی چالاکانی سیاسی و مەدەنیدا دەبینێتەوە، سەرەڕای کۆی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، بەڵام هەر بۆنە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ دەریانخست کە کوردستان چەندە لە ناسنامەخوازی و لە خەبات و تێکۆشان بۆ مافەکانی شێلگیرە و تەنانەت ئیلهامبەخشی ناوچەکانی دیکەی ئێرانیشە؛ دۆخێک کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە تەواوی تووشی دەستەوەستانی و دۆشداماوی کردوە. بەتایبەت ئەگەر کاریگەریی نەوڕۆژی خاکیپۆشانی ئەمساڵ بە نموونە وەربگرین، دەبینین چ هاوکاری و هاوپێوەندی و کارناڤالێکی گەورەی نەتەوەیی نەوڕۆزانە بە هێمای دیار و جوانی کوردەواری لە ماکۆوە هەتا ئیلام بەرجستە بوون و تێیدا جوانترین نموونەی ئازادی، سەربەستی و ڕێکخستنی خەڵکی پێشان درا و ئەو تێکەڵاوی و ئاوێتەیە تایبەتمەندیی درەوشاوە و جێی شانازیی کۆمەڵی کوردەواری و، بەرهەمی خەباتی فڕەڕەهەندی ئەم نەتەوەیە لەسەر خاکی خۆی و بۆ مافەکانی خۆیەتی.
پێوەندیدار بە دیارترین ئەکتی سیاسیی ئەو ماوەیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە نەوڕۆژی خاکیپۆشان دەبێ بڵێین کە بەدەنگەوە هاتنی خەڵکی کوردستان، پشتیوانیی حیزب لەو داوایە و دیمەنی بۆنە نەورۆزییەکان هیوابەخش و تابلۆیەک لە خەبات و خۆڕاگریی کوردستان بوون، بۆیە خەباتی مەدەنی و جەماوەری لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە بەشێک لە ژیان و کولتووری سیاسیی خەڵک و خەڵک دەتوانێ بە باشی خۆی ڕێک بخات. لە ئاستی ئێرانیشدا هەندێک فاکتەری نێوخۆیی وەک کۆی قەیرانە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان؛ ناکارامەیی ڕێژیم لە ئیدارەدانی وڵات، ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە تەنیشت فاکتەرە دەرەکییەکانی وەک گوشاری ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەسەر کۆماری ئیسلامی دەرفەتی لەباری بۆ زۆر گۆڕانکاری ڕەخساندوە کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزب و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەپێناو تەنگپێهەڵچینین و بەچۆکداهێنانی ڕێژیمدا نابێ لە کیس خۆیانی بدەن.