کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نەورۆزی یەکگرتن"

16:55 - 1 بانەمەڕ 2725

"نەورۆزی یەکگرتن"

 

دیاکۆ ع. بۆکانی

بەدرێژایی مێژوو و ئێستاشی لەگەڵدابێ، هەر نەتەوەیەک هەوڵی داوە و هەوڵ دەدات کەڵک لە بۆنەیەک، یان ڕووداوێک وەردەگرێت و ئەو بۆنە و ڕووداوەش بکاتە هەوێنی یەکگرتن و بە ئامانج گەیشتن. ئەوان چاویان خورد کردۆتەوە هەتا بزانن چ بۆنە و ڕووداوێک دەتوانێت ئەوان بگەیەنێتە ئامانج، ئەوسا پلانیان بۆ داڕشتوە و کەڵکیان لێ‌وەرگرتوە.

گەلانی دەورووبەرمان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دینیان کردۆتە ئامرازێک، هەتا هەم خۆیانی پێ یەک بخەن، هەمیش کیانی نەتەوایەتیی خۆیانیان پێ سازکردوە. تەنانەت ئەوان هەوڵیان داوە دینیش بکەنە ئامراز و کەرەستەی بەردەستی خۆیان، هەتا بەو بیانووەوە هێرش بکەنە سەر خاک و ئاو و ماڵی گەلانی دیکە و خوێنڕشتنیان پێ ڕەوا کردوە و ماڵخواردنی خەڵکیان پێ قەبڵاندوە. ئەو فەرمانانەی لەلایەن دەسەڵاتەکانی دەوروبەریان بۆ سەر ئیزەدییەکان کراوە، ئەنفالەکەی سەدام، یان فتواکەی خومەینی بۆسەر کوردستان بەشێکن لەو کەڵکوەرگرتنانەیان. بێگومان  تورک و عەرەب و فارسیش هەر دینیان کردە ئامراز و دەوڵەت و کیانی خۆیان پێ پێک‌هێنا. تورک ئیمپراتۆریی عوسمانی کردە کەرەستە. عەرەب ئەو زمانەی قورعانی پێ نووسرا و فارسیش لە شیعەگەری کەڵکی وەرگرت. بەداخەوە لەنێو ئەو گەلانەی ناوچەدا هەر کورد موخلیسانە شانی دایە بەر دین و نەیکردە ئامرازی دنیایی و تەنیا هەروەک پردی پێوەندی لەنێوان زەوی ئاسمان لێی ڕوانی. تەنانەت زۆر جار دژەکانمان لە سۆنگەی دینەوە فریویشیان داین و سیری خۆمانیان لە سمێڵی خۆمان هەڵساوی و بەدەستی خۆمان ماڵی خۆمانیان پێ وێران کردین.

بەدرێژایی مێژوو زۆرجار کورد هەتا ڕادەیەکی زۆر باش چۆتە پێش و لە پێک‌هێنانی دەوڵەتی خۆی نزیک بۆتەوە، بەڵام مخابن فتوای کۆلکەمەلایەک، ‌یان وتەی شێخۆلکەیەک ڕیسەکەی لێ کردوونەتەوە خوری و هاتوونەتەوە سەر حوللەرسێ. تەنانەت ئەوکاتەی بە ناوی دینەوە بووینەتە خاوەن دەسەڵاتێکی مەزن و سەرکردەیەکی بەتوانای وەک سەلاحەددینیشمان هەبووە، دیسان نەمانتوانی لەو دەرفەتە کەڵکی پێویست وەرگرین و سنووری خۆمان دیاری کەین و ئاڵای خۆمان هەڵدەین. بەدڵنیاییەوە ئەگەر سەلاحەددینی ئەیوبی تۆسقاڵە زەڕڕەیەک هەستی نەتەوەیی لە ڕەگدا بوایەت و وەک تورکە  عوسمانییەکان لە دنیای ڕوانیبایە، ئەوە هەر ئەوکاتە دەیتوانی کورد بکاتە خاوەن دەوڵەتێکی مەزن و کەموێنە لە ناوچەکەدا. بەڵام مخابن بە هۆی توانەوە لە نێو بیری ئایینیدا نەتەوەکەی وەلانا و ئەوەی لە توانایدا هەبوو نایە خزمەت بیروباوەڕە دینییەکەیەوە و هیچی بۆ گەلەکەی نەکرد. دیارە ئەگەر دەوڵەتی کوردیشی پێک بێنایە ئەو کارەی هیچ زیانێکی بە دینەکەی نەدەگەیاند و ئێستا هەم وەک کەسایەتییەکی ئایینی و هەمیش وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی ڕێزی لێدەگیرا.

تورکەکان هەر لەدەرفەتێکی وەها کەڵیان وەرگرت و لەسەر خاکی خەڵکی دیکە دەوڵەتی خۆیان دامەزراند. بێگومان عەرەبیش هەر دینی کردە هەوێنی یەکبوونی نەتەوەیی و خۆی لەو پرشوبڵاوییە ڕزگار کرد و بەڕەی خۆی پێ لە ئاو دەرهێنا. فارسیش هەر لەو سۆنگەوە ڕەشماڵیی نەتەوەیی خۆی پێ هەڵدا.

دیارە ئێمەی کوردیش زۆر کەسی ئاینیمان هەبووە کە بوونەتە سەرکردە و پێشەوای گەل و هەوڵیان داوە کاروانی گەل بگەیەننە سەر مەزڵی مەقسوود. بەڵام ئەوان دینیان نەکردە بەردەباز و زیاتر وەک کەسایەتیی نەتەوەیی هاتنە ڕێزی خەبات و هەوڵی خۆیان لەو بوارەوە خستەگەڕ. ئەوان ئەوەی بۆیان کرا کردیان و زۆربەشیان لەو ڕێگایەدا گیانیان دانا و بوونە هەوێنی خەباتەکانی دوای خۆیان. ئەو ڕێبەرە مەزنانە هەرچەندە نەیانتوانی هەموو لەمپەرەکانی سەر ڕێگای خەبات لابەرن، بەڵام بەریان بەتوانەوە و لەنێوچوونی زمان و کولتوورەکەمان گرت و کوردیان وەک پیرەدارێکی ئەستوور و بەێز هێشتەوە.

 ئێستاش کە دیسان گەلانیتر دینیان کردۆتەوە کەرەستەی دەسەڵاتی نەتەوەیی، کەچی بەداخەوە هەندێک کەسی لای خۆمان بەجێی ئەوەی ببنە ڕێبواری ڕێگای کەسانێکی وەک، شێخ ڕەزای دەرسیم، شێخ سەعیدی پیران، پێشەوا قازی محەممەدی مەزن، شێخ عێزەددینی حوسەینی، ئیبنوئادەم، مەلای گەورەی کۆیە و مەلامحەمەدی ڕەبیعی، دەکەونە شوێن مرۆڤکوژانێکی وەک، ئوسامە بێن‌لادەن و ئەبووبەکر بەغدادی و زەرقاوی و بەجێی ئاگاداری کردن لە سنووری باوباپیرانیان و  یارمەتیدانی نەتەوەکەیان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی، پاڵ دەدەن بە دوژمنەوە و  بە کونەکەی خۆیان دەوەڕن و بێڕێزی بە ئاڵا و خاک و بیری نەتەوەیی دەکەن.

ئێمەی کورد کە نەمانتوانی وەک ئەو گەلانەی دیکە کەڵک لەو بیروباوەڕە وەرگرین، خۆ ناشکرێت دەست لە کولتوور و داب و نەریت و زمان و خاکەکەمان بەردەین و پێشکەشی ئەو کەسانەیان بکەین کە چاوی تەماحیان بڕیوەتە ئەو سامانە مەزنەمان و بە خوێنی سەرمان توونین. یەکێک لەو بۆنە گرینگانەی بۆ کورد کە هێمای سەرهەڵدان و ژیانەوەیەو دەکرێ بکرێتە هێزی ڕاسان، نەورەۆزە. نەورۆز یەکێکە لە کۆنترین بۆنەکانی مرۆڤایەتی. کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی لەو ناوچەدا دەژی کە نەورۆزی تێدا جەژن دەگرن. نەورۆز بۆنەیەکی سروشتییە و فڕی بەسەر ئایین و باوەڕی بان‌سروشتییەوە نیە. کوردیش کە نەتەوەیەکی فرەڕەنگ و فرەئایینە، دەکرێ لەم بۆنە نەتەوەییە بەجوانی کەڵک وەرگرێت و ماڵی خۆی پێ ڕێک بخاتەوە.

لەم چەند ساڵانەی دوایەدا ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان ڕەنگ و بۆنێکی نوێیان بە خۆیانەوە گرتوە. ئەم‌ڕۆژە تایبەتانە دەستی هەموو بیرە جیاوازەکان لە دەستی یەک دەنێت و لە ڕیزێکی تۆکمە و یەک دڵیدا  یەکیان دەخات. لەڕاستیدا ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان خەریکە پیرۆزییەکی تایبەت وەردەگرن و بەشداریکردن لەو بۆنە پڕ لە شادییانەدا هەستێکی تابەت و هێزێکی بان‌سروشتی بە مرۆڤەکان دەبەخشێن.

دیاریکردنی نەورۆزەکان بەشێوەی جۆراوجۆر لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مۆرکێکی تایبەتی نەتەوەیی لێ دەدرێت و بەشداری تێداکردنی دەکاتە ئەرکێکی نەتەوەیی و پیرۆز. ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ٢٧٢٥ ی کوردی کە لەلایەن ڕێخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە وەک " =نورۆزی خاکیپۆشان" دیاری کرا.  بەخۆشییەوە لەلایەن کۆمەلانی خەڵکی کوردستانەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێ کرا.

نەورۆزی خاکی پۆشانی ئەم ساڵ توانی ببێتە نەورۆزی یەکگرتن. لەم نەورۆزەدا یەکڕەنگی و یەک‌هەڵوێستی شەپۆلی دەدا. هەموو بەچاوی خۆیان کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی کوردیپۆش و خاکیپۆشیان دیت کە چۆن یەک دڵ و یەک هەڵوێست لە کۆبوونەوەکاندا بەشداریان کرد و شانبەشانی یەک دەستی یەکتریان گرت و پێیان بە زەوی نیشتماندا کوتا و پەیمانی یەکبوونیان بەست. سووڕانەوەی کچان و کوڕانی جامانە بەدەست بە دەوری ئاگری سووری نەورۆزدا ئەو پەیامەی بە یاران و نەیارانی کورد دا کە ئێستاش زۆرن ئەو کەسانەی گیان و ژیانیان دەکەنەی قوربانی ئاو و خاکی وڵاتەکەیان و بۆ سەربەرزی گەلەکەیان لە بەخشینی هیچ شتێک درێغی ناکەن.

ئەوەی ئەم نەورۆزە بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات کردی بە دەیان ساڵ خەبات و، بەگرتنی سەدان فستیواڵ و کۆڕ و کۆبوونەوە دەستبەر نەدەکرا. ئێستا ئەگەر چاوێک بە وێنە و ڤیدیۆی ئەو ڕێوڕەسمانەدا بخشێنین دەبینین کە زۆر بەزەحمەت دەکرێ شوێنەکانیان لە ڕووی ڕواڵەتیانەوە بناسینەوە و لێکیان هەڵوێرین. هەموویان بەیەک شێوە هەڵپەڕین ـ چەپی ـ  زۆربەیای زۆریان جامانە و جلووبەرگی خاکیان لەبەردایە. دەنگی بژی نیشتمان و بژی کورد و بژی کوردستان لە هەموولایەکی ڕێوڕەسمەکاندا دەبیسترێن. ئەو دوو هێمایە ـ جلی خاکی و جامانە ـ درەوشاوەترین هێمای نێو داوەتەکانن. دیارە جلی خاکیپۆشی هێمای شۆڕشگێڕانی نەتەوەی کوردە و جامانە ڕەمزی نیشتمانپەروەری و خاک خۆشەویستییە.

ئەم نەورۆزە دوو پەیامی گرینگی بۆ خۆمان و بۆ نەیارەکانمان پێ بوو، یەکەم بۆ خۆمان کە ئەگەر بتوانین ببینە هێزێکی یەکگرتوو، ئەوە دەتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین و لەو پرشوبڵاوی و چەندبەرەکییە ڕزگارمان بێت. دووهەم بۆ دوژمنەکانمان کە ئێوە هەرچەندە هەوڵ بدەن و بتانەوێ بمانتوێننەوە، ئەوە ئێمەش دەزانین چۆنتان خەون و خەیاڵ لێ بشێوێنین و پیلانەکانتان لێ بکەینەوە بڵقی سەر ئاو.

نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزێکی پڕ لە هیوا بوو. لێوڕێژ بوو لە دیمەن و وێنەی دڵخۆشکەر و وزەبەخش. سەرلەبەری ئەو گۆڤەندانە شێعری ڕاپەڕین و سروودی یەکبوونیان دەچڕی. لەو هەڵپەکێیانەدا وانەی خەبات دەگوترایەوە و وزەی مانەوە دابەش دەکرا. زۆرجار دەسرەی سەرچۆپییەکان دەبوونە ئاڵای نەتەوەیی و گەڕی هەڵپەڕکەکان دەبوونە بەرەی جەنگ و بەرەنگاربوونەوە. ئەو پێیانەی بە سینگی خاکدا دەکێشران، واژۆی کوڕان و کچان و ژنان و پیاوانی گەڵ بوون و لە قەباڵەی نەتەوەیی کورد دەدران. ئەو قریوانەی لەکاتی هەڵپەڕیندا دەکێشران، نەعرەتەی دلێرانە بوون و دڵی داگیرکەرانیان وەلەرزە دێنا. بە دڵنیاییەوە ئەو پەیامەی لە هەناوی ئەو داوەتانەدا چەکەرەیان کرد، پەیامی یەکگرتن و مانەوەی کوردن و بەڵێنی دەست لە ناو یەک نانی هەموو زارەوە و  ئایین و ئایینزاکانی ئەم گەلەیە. دەبێ لە کۆتاییشدا ئەوە بگوترێت. هەرچەندە هەندێک دەستە و تاقم بەنێوی جۆراوجۆر کە زیاتر لە نێونیتکە دەچوون، ویستیان درز بخەنە ڕیزی یەکگرتنەکەوە و شادییەکان بەرەو ئاقاری دڵخوازی خۆیان بەرن، بەڵام بە خۆشییەوە بەهۆی دڵفراوانی و هەست بە بەرپرسایەتیکردنی پێکهێنەرانی بیرۆکەی نەورۆزی خاکیپۆشان ئەوانیش هیچیان لەدەست نەهات و لە کۆتاییدا ئەوەی سەرکەوت هەر بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری بوو.