
تێڕامانێکی کورت بۆ پێوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات
حەسەن شێخانی
بابەتی پێوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەستێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بابەتێکی ڕۆژەڤە و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێ. لەم بارەوە تێگەیشتنی حیزب لە کۆمەڵگەی مەدەنی و خوێندنەوەی ئەکتەر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ حیزب و چۆنیەتیی مامەڵەی حیزب لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی دێتەئارا. هەندێ لە خوێندنەوەکان لە تێگەیشتنێکی ناڕاستەوە بۆ حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی و پێوەندیی نێوانیان سەرچاوە دەگرن و لە قازانجی بزاڤی نەتەوەیی و پلۆرالیزم و بەرفراوانکردنی ئەم بزاڤە نین و هەژار و قەتیسی دەکەن و زیان بە دەوڵەمەندی و یەکگرتوویی بزاڤی نەتەوەیی دەگەیەنن.
۱- خوێندنەوەی یەکەم لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی نادروست بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆ دەنرێ. ئەم خوێندنەوەیە تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی مەدەنی وا لێک دەداتەوە کە حیزب تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاکەرەوە و شوناسی خۆی بدۆڕێنێ و ببێتە NGOیەکی مەدەنی و لە ئامانج و ڕێکاردا وەک ئەو بجووڵێتەوە. ئاشکرایە ئەم خوێندنەوەیە ئەوە نادیدە دەگرێ کە هەرکامیان ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان هەیە. حیزب تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە حاڵەتی وەکیەکبوونی لەگەڵ ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، حیزب نامێنێ. خاڵی جیاکەرەوەی حیزب لەگەڵ NGOکان ئەوەیە کە ئامانجی حیزب گشتگیرترە و خۆی لە شێوازی مەدەنیی بەرخۆدان و خەباتدا سنووردار ناکا. هەروەها حیزب لە خانەی سیاسیشدا بە مانای تایبەتی وشە جێ دەگرێ و ئامانجی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و حکومەتە و لەم ڕێگەوە بە دروستکردنی فەزا دەتوانێ دەرەتانی بەردەم NGOکان واڵاتر بکا.
٢- هەندێ کەس تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی مەدەنی وا دەقەبڵێنن و دەقەبووڵێنن کە حیزب مەیدانی مەدەنیی خەبات بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی بەجێ بێڵێ و لێی بکشێتەوە. وەک بڵێی کە حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی بە ڕەهایی لێک جیان و فەزایەکی هاوبەشیان نیە؛ حیزب بیاڤی خۆی هەیە و کۆمەڵگەی مەدەنیش بیاڤی تایبەت و دیاریکراوی خۆی، کە هیچ کامیان نابێ بێتە نێو بیاڤی ئەویتر؛ چونکە تێکی دەدا و لە حاڵەتی ئاسایی و ڕەسەن و ڕاستەقینەی خۆی دەباتە دەر. خافڵ لەوە کە وەها سنووربەندییەکی ڕەها لە نێوان حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی بوونی نیە. حیزب هەڵقووڵاوی کۆمەڵگە و خواستەکانیەتی و، ئەگەرچی لە گۆمەڵگەی سیاسیدا جێ دەگرێ بەڵام ئاخێزگەکەی کۆمەڵگەی مەدەنییە و قاچێکی لە کۆمەڵگەی مەدەنی دایە و ئەساسەن ناتوانرێ لێی جیا بکرێتەوە. لێکجیاکردنەوەیان ئینتزاعی و ناواقعییە. حیزب ئەکتەرێکی گرینگی کۆمەڵگەیە و وێڕای جیاوازی لە ئەرک و فۆنکسیۆندا، لەگەڵ ڕێکخراو و ئەکتەرەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگە، لە چوارچێوەی دالی گەورەی نەتەوەییدا یەکدەگرنەوە و دەتوانن پشتگیریی یەکتر بکەن و لە یەکتر هێز وەربگرن. ئەوەی یەکیان پێی ناکرێ، ئەویتر بیکا و لە کارە هاوبەشەکانیشاندا هاوتەریب و هاوکار بن. وەک چۆن حیزب نابێ لە چالاکیی مەدەنیدا کورت بکرێتەوە بە هەمان شێوە پێناسەکردنی حیزب وەک ڕێکخراوێک کە تەنیا خەباتی چەکداری دەکا، هەڵەیە. حیزب لە هەر دوو شێوازی خەبات بەپێی پێویستی و قۆناغ و دەرەتان کەڵک وەردەگرێ.
۳- خوێندنەوەی سێهەم لە زێهنیەت و عەقڵیەتێکی پاوانخوازانەی نێو حیزبەوە سەرچاوە دەگرێ. بەپێچەوانەی ڕوانینی یەکەم کە حیزب وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی لێ دەکا ئەم ڕوانینە دەیەوێ کۆمەڵگەی مەدەنی وەک حیزب لێ بکا، بیکاتە درێژکراوە و کۆپی خۆی و هەر چەشنە جیاوازی و نالێکییەک لەم بوارەدا تەحەموول ناکا و ڕەتی دەکاتەوە و لە زیانی "یەکگرتوویی" وەهمی دڵخوازی خۆی لێی دەڕوانێ و شانتاژی لەدژ وەڕێ دەخا.
هەر دوو ڕوانینی یەکەم و سێهەم یەکسانسازی دەکەن و لەگەڵ ئەوەدا کە فرەچەشنی و جیاوازی دەسڕنەوە و تاسەر ئێسقان لە تێگەیشتنێکی هەڵە بۆ دامەزراوەی حیزب و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە سەرچاوە دەگرن و جیاوازییان لە چیەتی و ئامانج و ڕێکاردا نادیدە دەگرن و هەر دوو بیاڤەکە تووشی کێشە و دژەکارکرد دەکەن. لە بنەڕەتدا حیزب نابێ بە شێوەیەکی قۆرخکارانە لەگەڵ کۆمەڵگە مامەڵە بکا. بێگومان مەیدانێکی خەباتی حیزب، مەیدانی مەدەنییە و دەتوانێ و پێویستە بە ڕێکخستنی ئەم مەیدانە و میکانیزمی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی ستەم و داگیرکاری ببێتەوە. نەک ئاسایییە بەڵکوو ئەرکیەتی کە خەڵک بۆ لای خۆی ڕاکێشێ و لە دەوری خۆی کۆیان بکاتەوە. بەڵام بەو مەرجە کە ڕوانێنێکی داسەپێنەری بۆ ئەکتەر و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەبێ و وێڕای ئەوان و بە هاوکاریی ئەوان کار و چالاکی بکا و لەیەکتر وەربگرن و ئەگەرچی چیەتی و فۆنکسیۆنیان جیاوازە بەڵام لە بەرەیەکدا جێ بگرن. ئەمەش واتا پێناسەیەکی دروست بۆ هەر دووکیان و دێموکراتیزە کردنی پێوەندییەکانیان. ئێمە کە دروشمی دێموکراسی دەدەین ناکرێ ڕوانین و پراکتیکێکی پاوانخوازانەمان هەبێ. ڕوانین و پراکتیکێک کە هەر دوو ئەکتەر و مەیدانەکە نەزۆک و نابەرهەمدار دەکا.
حیزب دەبێ بەپێی پێویستی لە کار و چالاکییەکانی کۆمەڵگەدا حزووری هەبێ و ڕادەی حزووری گرێ دەدرێ بە پێویستی و پێداویستییەکانی چالاکییە جۆربەجۆرەکان؛ ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی نێوحۆ دەکا، خەتیان پێ دەدا، بیرۆکەیان لێوەردەگرێ و لە پێرفۆرمانسدا بەپێی پێویستیی قۆناغ و بزاڤ، خۆی دەردەخا. هەروەها ئەو ئەرکانەی ئەرکی تایبەتیی ئەون (بۆ نموونە ئەرکی بەرگریی چەکداری) خەمیان لێ دەخوا و لە کاتی خۆیدا بەجێی دەگەیەنێ و لە هێزی مرۆیی کۆمەڵگە کەڵک وەردەگرێ و بۆ ئەم مەبەستە ڕێکیان دەخا.
حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی زەمینەسازی بۆ یەکتر دەکەن و ئەمەش گرێدراوە بەوەی وەک خۆیی چاو لە یەکتر بکەن. ئەگەرچی بەشێک لە ڕێکار و تەکنیک و تاکتیک و شێوازەکانیان جیاوازە، بەڵام هەردووکیان لە چوارچێوەی بزاڤی نەتەوەییدا جێ دەگرن و دەتوانن خەسڵەتێکی تەواوکەر و یەکتربەهێزکەریان هەبێ.
بەکورتی نە حیزب وەک NGOیەکی مەدەنی کار بکا و خۆی لە شۆناسی تایبەتی خۆی داماڵێ، نە کۆمەڵگەی مەدەنی بە چاوی موزاحیم و تێکدەر لە حیزب بڕوانێ کە "دەست وەرنەداتە" چالاکی و پڕۆژەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و، نە حیزبیش تەماعی قۆرخکردنی جموجۆڵ و چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەبێ. ئەوان دەتوانن لە پەنا یەکتر ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن و لە دیالۆگ لەگەڵ یەکتردا وێڕای ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی یەکتر، بە شێوەیەکی هاوبەش و هاوئاراستە و فرەڕەهەند کار بکەن.
خاڵێکی گرینگ ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات کۆمەڵگەیەکی زیندوو و فرەچەشنە و بەم پێیەش ئەگەری ناکۆکی و نەسازان هەیە. لە حاڵەتی ناکۆکی لەسەر ستراتیژی و تاکتیکەکان، ئەگەر نەتەوەبوونی کورد بەبنەما وەربگیرێ، دەکرێ لە دیالۆگێکی کراوە و بەرپرسانەدا ناکۆکییەکان کەم بکرێنەوە و لانیکەم ناکۆکییەکان نەچنە خانەی دژایەتی و دژبەری. بەڵکوو لە خانەی هاوڕا و موخالفدا بمێننەوە. ئەمەش گرێدراوی ئەوەیە کە ئەکتەرەکانی چالاکی ڕۆژهەڵات، بە مێنتالیتەیەکی دموکراتیک و پلۆڕاڵەوە مامەڵە بکەن و دوور بن لە ڕەهابینی و دەمارگرژی. لەسەر ئەم باوەڕم کە ڕوانین و مێنتالیتەی دێموکراتیک و پلۆڕاڵ خزمەتی بزاڤی نەتەوەیی و بەرینتربوونەوە و بەهێزبوونی دەکا و مەیلی پێچەوانە، لاوازی دەکا. بە وەها ڕوانینێک دەکرێ لانیکەم هەموو ئەکتەر و دامەزراوەکان لە ئاراستە و ئاسۆیەکی هاوبەشدا کار بکەن و وێڕای قبووڵی ئەکت و کردە و تاکتیکی جیاواز، یەکتر تەواو و بەهێز بکەن. ئەوەی بزاڤی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات پێویستیەتی یەکگرتووییە لە هەناوی فرەچەشنی. بۆ ئەمەش پێویستە ئەکتەرە جیاجیاکان دان بە یەکتردا بنێن و وێڕای پاراستنی تایبەتمەندیی خۆیان و کار و ئەرکی جیاواز، لە شاڕێی نەتەوەییدا هەنگاو بنێن و مەیدانە هاوبەشەکانی کاردکردنیان ببینن.