
لە بیناییەوە بۆ پێشەوایی
ئەلبورز ڕوویینتەن
چل ساڵ لەوە پێش لە کتێبی "چل ساڵ خەبات لە پێناو ئازادی"دا، نەمر دکتور قاسملوو لە سەر کەسایەتیی نەمر پێشەوا دەنووسێ کە پێویستیی بە لێکۆلینەوە و نووسینەوەی زیاترە. دوای چل ساڵ لەو نووسینە و هەشت دەیە لە سێدارەدانی پێشەوای نەمر و یارانی وێڕای ئەو کارە بەنرخانەی لەو بوارەدا کراون تا چەند حەقی کەسایەتی پێشەوا لە دونیای ئاکادمی و نوسینی مێژووی و سیاسی گەلەکەمان دراوە بە ڕاستی جێگای سەرنجە، بە تایبەتی تا ئێستاش یەکێک لەو کارە بەنرخانە هەر ئەو کتێبەی د. قاسملوویە.
ئەوەی زیاتر جێگای سەرنجی زۆربەی نووسینەکانی سەر پێشەوایە، ژیانی سیاسیی سەردەمی کۆماری کوردستانە، بەڵام باکگراوندی بنەماڵەی ئەو کە کاریگەرییان لەسەر بارهێنانی کەسایەتیی پێشەوا هەبوو، جێگای سەرنجە. ئەو بنەماڵەیە کە لە بوارەکانی زانستی ئایینی، دادوەری و تەنانەت ئەدەبی لە ناوچەدا بەناوبانگ بوون، تەواوی میراتی مەعنەوی خۆیان لەو بوارانەدا بۆ کەسایەتیی پێشەوا گواستەوە کە بەحەق لەو بوارەدا پێشەوا وەرگرێکی باشی ئەو میراتە بوو کە بەوەندە بەسندەی نەکرد و هەوڵی دا بە فێربوونی زمانی جیاوازی دیکە و خوێندنەوە لە ئاستی جیاوازی سیاسی و مێژووی هەگبەی زانستی خۆی دەوڵەمەندتر بکات. بە هەبوونی ئەو باکگراوندەی بنەماڵەی و ئاستی زانستی لە بواری جیاوازی ئاوێتەی ئەزموونەکانی لە سەردەمی دو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووەم کرد، بۆ ئەوەی سەنتێزی کۆماری کوردستان بئافرێنی.
ئەو کە لە لایەک لە سەردەمی دیکتاتوریەتی ڕەزا شا ڕاستەوخۆ چەوساندنەوەی گەلەکەی دەدیت لە سەردەمی هێرشی ڕووس بۆ سەر کوردستان منداڵ و لە سەردەمی سایکس پیکۆ و لۆزاندا لاو ، و هاوسەردەمی شۆڕشەکانی شێخ مەحمود و شێخ سەعید و ئاڕارات و شۆڕشی سمکوی نەمر بوو، هەر بۆیەش ئەو دۆخی کوردی تەنیا لە ئاستی ستەمی جەندەرمەکانی رەزاشا لە موکریان نەدەدیت بەڵکوو پرسی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتی و سیاسەتی زلهێزان لێک دەدایەوە. ئەو کە دەیهەویست لە پەیوەندی لەگەڵ سوڤیەت کەڵک وەرگرێ، لە پەیماننامەکانی ئاتلانتیک و بنەماکانی ویلسون بێ ئاگا نەبوو و دەیهەویست دێموکراسی لە ناوچەیەک بڕوێنێ کە بە ئەندازەی چاندنی گوڵ لە بیابان ئەستەم بوو.
پێشەوا ڕیشەی لە مێژووی شوڕشی کورد و گەیشتن بە ئازادیدا داکوتا بوو، ئەو بە زانینەوە دەیزانی سیاسەت لە کوردستانێکدا دەکات کە داگیر کراوە، ئەو بە باشی دەیزانی کورد چونکە لە وڵاتی کوردستان ئازادی دەیهەوێ ئاوا ڕووبەڕووی سەرکەوتی بێوێنە دەبێتەوە؛ هەر بۆیەش وەک پێشەوای نەتەوەیەک هەڵسوکەوتی دەکرد.
ئەو کە بووە بەرپرسی مەعاریفی مهاباد هەرچی لە دەستی هات بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری کردی. بەردەوام هەوڵی کردنەوەی مەدرەسەی دەدا، ئەو وەک ئەو باوکە بوو کە دەیزانی نەوەکانی بێ زانست و پەروەردە ناتوانن سەربکەون هەر بۆیەش ئەگەر بە قازی ناسرا، بەلام لە ڕاستیدا ماموستای کۆمەڵگەیەک بوو کە پێوسیتیان بە ئەو هەبوو تا تاریکیی نەزانی بە ڕووناکی زانست نەهێڵێ، ئەو هیچ کات دەستی لە مامۆستایەتی هەڵنەگرت تەنانەت ئەوکاتەی کە سەرۆککۆماریش بوو، ئەوجار هەوڵی دەدا کچانیش بخوێنن تەنانەت لە کاتی گەڕانەوەی سێ خوێندکار کە بۆ خوێندن ناردبوویانە دەرەوە کە سەفەردا دەبێت هەڵ دەدات زووتر بگاتەوە مەهاباد بۆ ئەوەی بە باشی پێشوازییان لێ بکات، هەر ئەو ڕاسپاردەیەشی بۆ خەڵک هەبوو، واتە لە کاتێک لە جەبهەی سەقز شەر بووە و دونیا هەموو خەریکی گەلەکۆمەی سەر کۆماری کوردستانە، دیسان ئەو دەستی لە خزمەت بە زانستپەروەری هەڵنەگرتوە.
لە دوای فەوتی باوکی بێ یەک دو یەکسەر خەڵک هەر خۆی عەبای قازیەتی باوکیان بە سەر شانی پێشەوا قازی محەمەد دادا، ئەوە هەر بە ڕێکەوت نەبوو، چونکە خەڵک دیتبوویان کە ئەو چۆن دادپەروەرانە دەجوڵێتەوە، تەنانەت قازیەتیی پێشەوا بە حوکمدان لە مەحزەری دادگا تەواو نەدەبوو، بەڵکوو ئەو ماڵەکەشی کردبووە مەکۆی هەموو ئەو کەسانەی کە لێیان دەقەوما و پەنایان بۆ قازی دەهێنا، لەوێ بە ئەمینی و ئەمانەتەوە دەگیرسانەوەو دەپارێزران، ئەو پاراستنی خەلکەکەی زۆر بەر لە سەرۆککۆماری وەک پیشەی خۆی دەدیت و هەر بۆیەش چاوەڕوان کراوە کە وەک سەرۆک کۆمار خۆی بکاتە قەلغان بۆ خەڵکەکەی و بمرێ بۆ ئەوەی خەڵکەی بە زیندووی بمێنێتەوە.
بە داخەوە بە درێژایی مێژووی دوای لە سێدارەدانی پێشەوا بە شێوازی جیا هەوڵ بدەن کە ئەو کەسایەتییە خەوشدار بکەن بڵێن لە ڕووی ترسەو خۆی تەسلیم کرد، ئەوانەی کە ویستیان بە قەست ئەو تێزە دروست بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لانیکەم دوایی لە سێدارەدانی بە سەر پێشەوادا سەربکەون، بەڵام ئێستا بۆ هەموو کەسێک ڕوون ئاشکرایە کە هەڵبژاردنی مەرگ بەو پەڕی زانین و سەلماندیی ئازایەتی پێشەوا بوو، چونکە هەموو ئەوانەی کە پێشەوا دەناسن دەزانن کە ئەو چۆن لە سەردەمی لاویدا بەرگری لە شاری مهاباد و خەڵکەکەی لە بەرانبەری ئەوکەسانەی هێرشیان دەکردە سەری، هەموو دەیانزانی کە پێشەوا "عەجەم"ی دوژمنی خۆی زۆر باش دەناسێ و دەزانێ کە چەند ناجوامێرە و دەیزانی قەت بۆ باوەڕی نابێ؛ بەڵام بۆ پاراستنی خەڵک ڕێگەیەکی دیکە نیە ئەگەر وا نەبا چۆن ئەو ڕێبازە تا بە ئێستاش بە زیندوویی دەمایەوە.
کاتێک کە کۆمەڵەی ژێکاف بەرەو پیری پێشەوا دەچێت بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندامی کۆمەڵەو بە نازناوی ڕەمزی بینایی تۆمار دەکرێ، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو نازناوە بۆ خۆشەویستی ئەو لە نێو خەڵک دەگەڕێنەوە کە ئەویان بە ئەندازەی بینایی چاوی خۆیان خۆشەویست بووەو خۆشیان ویستووە، واتە بەر لە پێشەوایی بینیایی خەڵکو بوو بۆ پێشەوایەتیش چ خسلەتێک پێویست لەوە هەیە کە بینایی و ڕووناک کەرەوەی رێبازی ئازادیخوازی گەلێک بی. هەر بۆیەش ئەو نامرێ بە نەمری دەمێنتەوە چونکە لە بیناییەوە بۆ پێشەوایی، لە پێشەواییەتی بۆ بە نەمری هەمیشەی هەنگاوی هەڵگرت.