
شۆڕشی ناخۆشەویستی ئێران
نەیشناڵ ڕیڤیو – ڕووەل مارک گەریشت، ڕەی تاکیە
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
فێڤرییەی ئەمساڵ شۆڕشی ئێران بوو بە ٤٦ ساڵ. نێوەڕاستی تەمەن زۆرجار دەبێتە هۆی ئاقڵبوونی ڕێژەیی، کاتێک مرۆڤەکان خولیای لاوەتی وەلا دەنێن و ڕاستییە تاڵەکان قبووڵ دەکەن. بەڵام ئیسلامییەکانی ئێران هەمیشە لاون. لە ڕادەبەدەر بەستراوە بە ڕاستبوونی ئایدیۆلۆژییەکەیانن لەبەر ئەو هۆیە بڕیاری مێژوو قبووڵ ناکەن، بۆیە لەسەر مەئمووریەتەکەیان بۆ قەرەبووکردنەوە پێداگرن. کۆماری ئیسلامی تووشی چەقبەستوویی بووە. ڕێبەرەکانی ناتوانن خۆیان بگۆڕن؛ جەماوەر هەر ئێستا گۆڕاوە.
مەلاکان لە ١٩٧٩ زۆر بەڵێنییان دان. سیستەمێکی سیاسیی نوێ قەرار بوو بە جۆرێک نەریتە دێموکڕاتیکەکان لەگەڵ بڕوا ئایینییەکان ئاشت بکاتەوە. ئابوورییەک دروست بکەن کە چینی کرێکار، کە شۆڕشەکە بە ناوی ئەوانە کرابوو، بەرز بکاتەوە. قەرار بوو شۆڕش بێسنوور بێ: بە تێکەڵاوکردنی سەرهەڵدانی خۆڕسک و چالاکیی نهێنی ئێرانی، مسوڵمانانی هەموو شوێنێک قەرار بوو کۆماری ئیسلامی وەک پێشڕەوی پەیامی خودا قبووڵ بکەن.
ژیریی ڕاستەقینە لە نێوەرۆکی یاسای بنەڕەتی ئێراندا بوو. دەسەڵات لە دەستی چەند کەسی هەڵنەبژێردراو دابوو، وەک ڕێبەری گەورە و شوڕای نیگابان، کە بەربژێرانی دەسەڵاتداریی حکوومەتی هەڵدەسەنگێنن تا دڵنیا بن کە هەموو یاسایەک بە گوێرەی ستانداردەکانی ئێسلام بن. بەڵام هەڵبژاردنیش بۆ سەرۆک کۆماریی، پارلەمان و ئەنجومەنی شارەکان هەبوون. بۆ ماوەی چەند ساڵ، لە کاتێکدا کە بەربژێرەکانی لایەنە سیاسییە جۆراجۆرەکان بژاردەی ڕاستەقینەیان پێشکەشی جەماوەر دەکرد، هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ڕووداوی پڕ لە هاتوهەڵڵا بوون. محەممەد خاتەمی، کە ماوەیەکی دوورودرێژ گەنگەشەی بۆچوونە ڕۆژئاواییەکان و ئەو مەتەڵە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی کردبوو کە زیاتر لە هەر دەسەڵاتێکی وڵاتانی ئیسلامی، دەوڵەمەندیی و بەختەوەریی ئاشکرایان بۆ شارۆمەندانیان دروست کردوە، بەڵێنی دیموکراسییەکی ئیسلامی دا.
یەکەم سەرکۆماری پۆپۆلیست و بەگومان لە مەلایان، مەحموود ئەحمەدینژاد، باسی دادپەروەریی ئابووریی دەکرد و حەسەن ڕوحانی شۆڕشگێڕێکی جیددی کە سەرەرڕای ئەو تایبەتمەندییە، تێدەگەیشت کە چارەنووس بە تەنیا بۆ بردنەوەی خەباتە ئایدیۆلۆژیکییە جیدییەکان بەس نییە، بۆیە ئیددیعای کرد دەتوانێ بە ڕێککەوتن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەگەڵ ئەمریکا ئابووری ببوژێنێتەوە. ئەو فرەچەشنییە سوپاپی متمانەی فرە بەنرخ بۆ ڕێژیمی ئایینی بوو کە ڕێگایەکی بۆ دانانی کاریگەریی لە لایەن شارۆمەندە ناڕازییەکان لە سەر گفتوگۆکانی دەوڵەت کردبۆوە. ئەوە هەمووی بوو بە هیچ.
دۆخی نالەباری هەنووکەیی دەوڵەت، خەتای خودی ڕێبەری گەورە عەلی خامنەییە. لە هەموو دەرفەتێکدا، ئەو پێشی بە سەرۆککۆمارەکانی و پارلەمانەکان گرتوە. ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنی، بە دڵنیا بوون لە ڕێگادان بە خۆبەربژێرکردنی تەنیا ئەو کەسانەی بەتەواوی ملکەچی نابروان، بێکەڵک کردووە. ئەوە بۆ بەربژێری توندئاژۆ، ئیبراهیم ڕەئیسی، کە لە کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەر لە ساڵی ڕابردوودا کوژرا، ڕاست بوو و بۆ کەسی کەمتر توندئاژۆ وەک مەسعوود پزشکیانیش ڕاستە. لە هەمان کاتدا، پارلەمان بووەتە سەکۆیەک بۆ مشتومڕ و جاروبار لێپرسینەوە لە وەزیرێک، بەڵام کارێکی دیکە ناکات.
ئەمڕۆ، زۆرینەی ئێرانییەکان لە هەڵبژاردندا بەشداری ناکەن و، ئەو دامەزراوانەی سەردەمێک نێوبژیوانی نوخبەی فەرمانڕەوا و جەماوەر بوون پلەی خۆیان لەکیس داوە. ناڕەزایەتی سەر شەقام تەنیا ڕێگای دەربڕینی سكالاکانی شارۆمەندانە.
ڕوحوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، جارێک بە گاڵتە گوتی شۆڕش بۆ نرخی کاڵەک نەکراوە. مەلاکان قەت لە ئابووری تێنەگەیشتن. هەوڵەکانیان بۆ ئاشت کردنەوەی پێداویستییەکانی ئابووری کەرتی تایبەت و ئەو نایەکسانییەی دروستی دەکەن لەگەڵ داواکانیان بۆ بەرز کردنەوەی دۆخی ژیانی هەژاران بووەتە هۆی دروست بوونی دەوڵەتێکی بەرفراوانی خۆشبژیویی و بیرۆکراسییەکی بەربڵاو. ئەمڕۆ چینی هەژار پێڕاگەیشتنی تەندروستی خراپی پێشکەش دەکرێ، سیستەمی پەروەردەی خراپ و قەیرانی خانووبەرەش هەن. یارمەتییەکانی دەوڵەتی هەر دێتوو بەشێکی زۆرتری بەرهەمی نێوخۆیی گشتی بەکار دەهێنێ و کەسیش ڕازی نیە.
ئێستا دەوڵەتی خودا لە گەندەڵیدا نوقم بووە. سیستەمەکە پڕە لە "ئاغا زادە". نەوەی مەلای خاوەن دەسەڵات کە گرێبەستی پڕ داهاتی دەوڵەتی وەردەگرن، هیچ باجێک نادەن و گوێ نادەنە هیچ ڕێسایەک. سوپای پاسداران، بە قۆرخکردنی کۆنتڕۆڵی پیشەسازییە سەرەکییەکانی وەک پەیوەندیی ڕێگای دوور، بیناسازیی و تەنانەت سیستەمی بانکی، لاسایی مودێلی سیستەمە دیکتاتۆرییە گەندەڵەکانی دیکەی وڵاتانی جیهانی سێهەم دەکاتەوە. لە کاتێکدا کە نزیکەی ٣٠ لە سەدی ئێرانییەکان لە ژێر هێڵی هەژارییدا دەژین، کەلێنی چینایەتی بیرهێنەوەرەی دوایین ڕۆژەکانی ڕێژیمی گەندەڵی پاشایەتییە. هەموو ئەوانە بە تایبەتی کاتێک بۆ ئێرانییەکان ئازاردەرە کە ڕێبەرە مەلاکان بەردەوام لە جەماوەر داوا ی خۆبەختکردن و دان بەخۆدا گرتن لە بەرانبەر دژوارییەکان بە خاتری ڕێژیم و بڕوا ئایینییەکەیان دەکەن.
زۆرترین سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی وەدەست هاتوە. کۆماری ئیسلامی هەموو کات ویستوویەتی دەسەڵاتی دراوسێکانی بنکۆڵ بکات. ئەو پشتگیریی لە تاقمێکی جۆراجۆر لە میلیشیا و تێرۆریستان کردوە و لەنێو بردنی ئیسڕائیلی کردوە بە دۆزی سەرەکی خۆی. ئەمریکا، شەیتانی مەزن، بۆ مەلاکان سووکایەتییە. فەرهەنگەکەی، کە بە جیهانیی بووە، لاوانی ئێرانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، هاوکات پاپۆڕە جەنگییەکانی لە کەنارەکانی ئێران دەسووڕێنەوە.
هیچ دەوڵەتێکی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەقەد کۆماری ئیسلامی ئەمریکایی نەکوشتوە. تەقاندنەوەی بنکەی هێزی دەریایی و باڵوێزخانە لە ١٩٨٣، هێرش بۆ سەر بنکەیەکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عەڕەبستانی سعودی لە ١٩٩٦ و، هێرشی بێبەبەزییانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکایی لە عێراق و ئەفغانستان هەزاران کوژراو و برینداریان لێ کەوتوونەوە. واشینگتۆن بە سەپاندنی گەمارۆ وەڵامی داوەتەوە کە بووەتە هۆی بێتواناکردنی ئابوورییەکەی و سنووردار کردنی سامانەکانی.
مەلاکان پەژیوان نین. لە دەیەکانی سەرەتای ئەم سەدەیە، ئەوان لە دوای ئیمپراتوریی بریتانیا، سەرکەوتووترین پرۆژەی ئیمپریالیستییان بە بەراورد لەگەڵ تێچووەکەی دروست کرد. لە دەرئەنجامەکانی دوای هێرشی ١١ی سێپتەمبەر و بەهاری عەڕەبی، سیستەمی دەوڵەتیی لە ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر تێکڕما. شەڕی ناوخۆیی و ناوچەی بێ حوکمڕانیی دەرفەتی زۆر و زەبەندیان بۆ تاران دەستەبەر کرد تا بە نێو تەوەری بەرگریی دروست بکات، پێکهاتەیەک کە تێکەڵاوێک بوو لە میلیشیای شیعە و عەڕەب کە گوێڕایەڵی ئێران بوون. کۆماری ئیسلامی یارمەتیدەری وەدەرنانی ئەمریکا لە عێراق بوو، ڕاستەوخۆ بە بەکرێگیراوەکانی لە یەمەن عەڕەبستانی سعودی جاڕز کرد و، بۆ ماوەیەک ڕێژیمی ئەسەدەی لە سووریە پاراست.
پاشان ٧ی ئۆکتۆبەر و پووچەڵکرانەوە مەزنەکە هات. ستراتێژییە ئیمپریالیستییەکەی کۆماری ئیسلامی تەنیا لەبەر ئەوە سەرکەوتوو بوو چونکە بەرەوڕووی بەپەرچدانەوەی کەم بووەوە. بەڕێوەبەرایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ترسی بەربەرین کردنەوە کێشەکە نەیاندەهەویست بەروڕووی تاران ببنەوە. بەلام ئورشەلیم شانۆنامەکەی گۆڕی. ئەو لە کاتێکدا کە خەریکی لەنێوبردنی حەماس و کوشتنی سەرانی حیزبوڵڵا بوو، داوای واشینگتۆنی بۆ دان بەخۆ داگرتن ڕەت کردەوە. هەموو ئەوانە بوونە ڕێخۆشکەری تێکڕمانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە، کە وەها خێرا قەوما کە هاوپەیمانە ڕوسی و ئێرانییەکانی هیچ دەرفەتێکیان بۆ پاراستنی نەما. بە بەروڕووبوونەوە وێرانکەرەکەی لەگەڵ ئێران، ئیسڕائیل توانایی سەربازیی خۆی بە نیشاندانی ساکار بوونی دزە کردن بە نێو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی پیشان دا.
لە ناکاو تاران لاوازییەکەی ئاشکرا بوو و دەسەڵاتی بەسەر چەند بەشی ئێران و کەندوادا سنووردار کرا. ئەوانە هیچیان بە دڵی خەڵکی ئێران نەبووە. لە ١٩٧٩ بەولاوە، وردە وردە دەنگدەرانی کپ کران. لیبڕاڵەکان، یەکەم بەش بوون کە وەلا نران، ئەوان زوو تێگەیشتن کە هیچ جێگایەکیان لە پەرگالی دەسەڵاتداریی ئایینی دا نییە. خوێندکاران، کە هەمیشە بڕبڕەی پشتی هەر جۆرە جووڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی لە ئێران بوون، دوای جووڵانەوەی ١٩٩٩ دەرکەوتن. هەڵبژاردنی ساختەکارانەی سەرۆک کۆماریی لە ٢٠٠٩ بووە هۆی سەرهەڵدانی جووڵانەوەی سەوز، کە بناخەکانی ڕێژیمی هەژاند. سەرهەڵدانی ٢٠١٩، لە کاتی هاتنە سەرشەقامی چینی هەژار، مەلاکانی زۆرتر ترساند. ئەوان قەرار بوو لایەنگری هەمیشەیی حکوومەتی ئایینی بن، کە بە بیروبڕاوی ئایینی و پارێزگاریی لە لایەن ڕێژیمەوە بەسترابوونەوە.
لە ٢٠٢٣، جووڵانەوەی ژن، ژیان ئازادی بووە نوێنگەی سکاڵای سەرجەم گەلانی ئێران. لە زۆر کۆنەوە، پیاوانی ئایینی ئیسلام زۆر جار نیگەرانیی خۆیان بۆ توانایی لێکهەڵتەکێنی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەربڕیوە. دەسەڵاتی ئەوان بەسەر پیاوانەوە دبێتە بەرهەڵستکاری دەسەڵاتی خودا. ژنان دەورێکی مەزنیان لە جووڵانەوەی ڕێفۆرمخوازیی لە کۆماری ئیسلامیدا دەگێڕا کە ئێستا مردووە، هەڵبژێرانی خاتەمی لە ١٩٩٧، کە بەشێکی زۆر لە نوخبەی دەسەڵاتدار بە دەستپێکی هەڕەشەکانی نێوخۆیی سەیری دەکەن، بە بێ پشتیوانیی ژنان کە وەک ئامرازێکی دەربڕینی ناڕازەیەتییان پشتیگرییان لە کاندیدەکە کرد ڕووی نەدەدا. دوای سەرهەڵدانی جووڵانەوە ژن، ژیان، ئازادی، ڕەنگبێ دادپەروەرانە بێ کە بڵێین خامنەیی ژنان وەک تاقمێک سەیر دەکات کە بە شێوەیەکی بێهواکەر کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژی ڕۆژئاوا.
بێگومان خامنەیی ٨٥ ساڵە گەلێک نیگەرانی میراتی خۆیەتی. کارنامەکەی فرە خراپە: کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا لە لایەن جووەکانەوە شەرمەزار کراوە. شارۆمەندە تووڕەکان بەردەوام گاڵتە بە حکوومەتی ئایینی دەکەن. بێجگە لە بەرنامەی چەکی ناوکییەکەی، ستراتێژییە بەرگریکارانە و هێرشبەرانەکەی ئێران وێران بوون. بۆمبەکە ئێستا لە هەموو کاتێک زۆرتر بە پێویست سەیر دەکرێ و خامنەیی دەیان میلیارد دۆڵاری بۆ گەشە پێدانەکەی خەرج نەکردوە و ئەو هەموو گەمارۆیانەی بۆیە تەحەموول نەکردووە کە وەکوو ژاپۆن دەستبەرداری چەکی ناوکی بێ. چەکێکی ناوکی دەبێتە هۆی ڕێز لە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە. بەکرێگیراوان و میلیشیاکان هەمیشە ئامرازی جێگای متمانەی نواندنی دەسەڵات نین؛ جبەخانەیەکی ناوکی دەبێتە هۆی باڵادەستیی هەمیشەیی. و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وردە وردە ئێرانێکی ناوکی قبووڵ دەکات و پێشوازیی لە ڕێژیمێک دەکات کە شکستەکەی فرە مەترسیدار بێ.
چەکی ناوکی ڕەنگبێ نەتوانێ کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات، ڕزینەکەی فرە مەزنە و ناڕەزایەتی جەماوەریی گەلێک بەربەرینە. بەڵام خامنەیی لە بیری شۆڕشەکەی دایە، بۆمبەکە ڕەنگبێ دوایین ئامراز بۆ بەردەوامیی دەوڵەتی خودا بێ.