
خوێندنەوەیەک بۆ کارنامەی سیاسیی پارتی کریکارانی کوردستان و پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە
مستەفا مەولوودی
باسێکی مێژوویی:
پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دوای دامەزرانی لە ١٩٧٨ی زایینی وەک حیزبێکی سیاسیی چەپ و ڕادیکاڵ، لە ساڵی ١٩٨٤ی زایینییەوە خەباتی چەکداریی دەست پێکرد. ئەم حیزبە لە ماوەی ٤٠ ساڵ شەڕ و خەباتی پارتیزانیدا چەندین جار ئاگربەستی لەگەڵ حکوومەتی تورکیە ڕاگەیاندوە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پ ک ک لە ساڵەکانی ١٩٩٣، ١٩٩٥، ١٩٩٨، ١٩٩٩، ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست هەوڵی بردنەپێشێی بەرنامە و ئاجێنداکانی خۆی داوە و دواجاریش لە ٢٥ی فێورییەی ٢٠٢٥ی زایینی ئۆجەلان لە نامەیەکدا، داوای لە حیزبەکەی کرد چەک دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە. ئۆجەلان لەو نامەیەدا ڕایگەیاند کە بەرپرسایەتیی مێژوویی ئەو بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرێ و دواتر کۆنگرەی ١٢ی پ ک ک لە حەوتووی ڕابردوودا ئەم داوایەی پەسند کرد.
یەکەمین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ڕۆژی ١٥ی فێورییەی ١٩٩٩ی زایینی بڵاو بۆوە و لەو پەیامەدا داوای کرد هێزەکانی گریلا خاکی تورکیە و باکووری کوردستان چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی بەستێنی لەبار بۆ ئاشتی دروست ببێ. پ ک ک لە ١ی سێپتامبری ١٩٩٩ی زایینی ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند و داوای کرد دەستەی ئاشتی بگەڕێتەوە تورکیە؛ ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی ئۆجەلان دوو پڕۆژەی بە ناوەکانی "پرۆژەی ئاشتی" و "پرۆژەی تێکۆشانی بەپەلە بۆ ئاشتی و دێموکراسی" ڕاگەیاند. هەروەها ساڵی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ دوو پەیامی بەپەلەی بە ناوەکانی "پەیامی داوای خێرا" و "پەیامی چارەسەری خێرا" بڵاو کردەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی جارێکی دیکە داوای کرد دەستەی ئاشتی لە هەرێمی میدیا (قەندیل)، کەمپی مەخموور و ئورووپا یەکلایەنە بگەڕێنەوە تورکیە و بەپێی زانیارییەکان ئەوانە هەتا ئێستاش لە زیندانەکانی تورکیەدان. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نەورۆزی ٢٠١٣ش پەیامی ئاشتیی بڵاو کردەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیە هیچ وەڵامێکی بۆ ئەو بانگەواز و پەیامانە نەبوو.
ساڵی ٢٠١٥ هەیئەتی ئیمرالی لە بەرپرسانی HDP لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی تورکیە کۆ بوونەوە و لە ٢٨ی فێورییەی ٢٠١٥ ئەو دوو هەیئەتە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە پرێسکۆنفرانسێکدا ڕێککەوتنی نێوانیان ئاشکرا بکەن، بەڵام ئەردۆغان ئەو ڕێککەوتنەی قبووڵ نەکرد و ڕەتی کردەوە.
لە سەرەتای پاییزی ٢٠٢٤ی زایینی لەکاتی کرانەوەی پارلەمانی تورکیەدا، دەوڵەت باخچەلی، ڕێبەری حیزبی "حەرەکتی میللی" چووە لای نوێنەرایەتیی حیزبی "دەم پارتی" و ئەم سەردان و نیزیکبوونەوە و گۆڕینەوەی بیروڕایە بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان.
٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ دەوڵەت باخچەلی پێشنیاری کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە پارلەمانی تورکیە و هەڵوەشانەوەی حیزبەکەی ڕابگەیەنێ. باخچەلی لە ٢٦ی نۆڤامبر داوای کرد پێوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان "ئۆجەلان" و "دەم پارتی"دا دروست ببێ و لەسەر ئەو داوایە وەزارەتی نێوخۆی تورکیە ڕۆژی ٢٨ی دیسامبر ئیزنی دا ئەو دیدارە بکرێ.
پەروین بوڵدان و سورەییا ئوندەر دوای دیدار و چاوپێکەوتنەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان لە پەیامێکدا ڕایانگەیاند کە ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان پێداگرە کە جارێکی دیکە بانگەشەی برایەتی لە نێوان کوردەکان و تورکەکاندا بکات و جیا لە بەرپرسایەتیی مێژوویی، ئەمە بە پێویستییەکی چارەنووسساز بۆ گەلانی تورکیە دادەنێت. ئەوان گوتیان کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێداگریی کردوە ئەوە نابێ تەنیا ئیدعایەک بێ، بەڵکوو دەبێ کار و هەوڵی کردەیی بۆ هاتنەدیی ئاشتی بێ و ئۆجەلان لەلایەن خۆیەوە ئامادەیی خۆی بۆ هەنگاوی بەکردەوەی ئەرێنی لەو بوارەدا دەربڕیوە. ئەوە بوو کە پ ک ک لە دوایین کۆنگرەی خۆیدا کە لە ڕۆژانی ٥ هەتا ٧ی مانگی مای ٢٠٢٥ (١٥-١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤) گیرا، بڕیاری کۆتایی خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئامانجە ئاشکرا و شاراوەکانی تورکیە لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستای ئەم وڵاتە پێوەندیدار بە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە چیە؟
وەرچەرخانێکی مێژوویی:
چاودێرانی سیاسیی کاروباری تورکیە لایان وایە ئەنگیزەی تورکیە بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ پ ک ک لەبەر ئەو چەند خاڵەیە:
١- بۆ دروستکردنی ئێعتباری نێونەتەوەیی و چاککردنی پێوەندی لەگەڵ ڕۆژاوا. تورکیە دەیهەوێ خۆی وەک وڵاتێکی ئاشتیخواز و لایەنگری مافی کەمایەتییەکان پێشان بدات، بەتایبەت لە ئێستادا کە پێویستیی بە پشتیوانیی سیاسی و ئابووری وڵاتانی ڕۆژاوا هەیە.
٢- بۆ ئەوەی فشاری نێوخۆیی لەسەر کەم بێتەوە، بەتایبەت ئێستا کە تورکیە لەگەڵ زۆر قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەربڵاو بەرەوڕوویە.
٣- بۆ بەکارهێنانی چارەسەریی پرسی کورد وەک ئامرازێک لە هەلومەرجی دژواری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەتایبەت کە تورکیە هەڵبژاردنەکانی لە پێشە و لەوانەیە ئەردۆغان لەو ڕێگەیەوە پشتیوانی کوردەکان بۆ لای AKP ڕاکێشێ، یان لانیکەم ڕێ لەوە بگرێ کە کوردەکان بۆ لای حیزبە نەیارەکانی AKP بچن.
بەڵام ئەوانەی بە گومانەوە سەیری ئەو پرۆسەیە دەکەن، لایان وایە بەبێ گۆڕانی قووڵی بنەڕەتی و پێکهاتەیی، ئەم پڕۆسەیە بەرهەمی نابێت؛ لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکیە هەتا ئێستاش حاشا لە نەتەوەیەک بە ناوی نەتەوەی کورد و جوگرافیایەک بە ناوی کوردستان دەکات. ئەوانەی بە دوودڵییەوە لەو پرسە دەڕوانن، دەڵێن ئەزموون نیشانی داوە کە تورکیە لە هەلومەرجی قەیراندا بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێ و هەر کە قەیرانەکان کەمیان کرد یان هێور بوونەوە، دووبارە سیاسەتی سەرکوت دەست پێ دەکاتەوە. بۆیە لەو بارودۆخەدا دەبێ بە سەرنج و وردبینییەوە سەیری پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەنێوان دەوڵەت و PKK بکرێت. تەنانەت "کوچیگیت"، پاڕلمانتاری دەم پارتی کە پێداگری لەسەر پێویستیی بەیاساییکردنی ئەم پڕۆسەیە لە پاڕلمانی تورکیەدا دەکا، ڕایگەیاندوە کە بەبێ بنەمایەکی یاسایی ئەمڕۆ دەوڵەت دەتوانێ لە ئاشتی بدوێ، بەڵام سبەی دەتوانێ بە مستی ئاسنین لە دەستەوانەی مەخمەلدا بۆ سیاسەتی جیاواز پەل بکێشێ.
سیناریۆ ناڕوونەکانی بەردەم چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە:
بە خوێندنەوەی مێژووی کێشەی گەلی کورد و تورکیە بەتایبەتی لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی تورکیەی تازە و خەباتی گەلی کورد ئەم قەناعەتە دروست دەبێ کە ئەگەری چارەسەری پرسی کورد لەو فۆڕم و شێوەیەدا گەلێک لاوازە، چونکە؛
یەکەم: حاکمییەتی سیاسیی تورکیە هەتا ئێستاش بڕوای بەوە نەهێناوە ئەو بابەتە بنەڕەتی و لە ڕەگەوە چارەسەر بکات.
دووهەم: چارەسەری مەسەلەی کورد لە تورکیە تەنیا لە ڕێگای گۆڕانی بنچینەیی و پێکهاتەیی و دابینکردنی مافی دێموکراتیکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی کورد بەدی دێت و ئەمە لە قسەی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیە و لە نێو زۆربەی حیزبەکاندا -جیا لە دەم پارتی- ناخوێندرێتەوە و باس و چارەسەرێکی لەم چەشنە لە ئارادا نیە.
سێهەم: گەڵاڵەیەک کە تەنیا لە قازانجی دەسکەوتی کاتی بۆ دەوڵەت (ئاکپارتی)دا بێ، بەبێ ئەوەی گرینگی بە خواستە سەرەکییەکانی کورد بدات، شانسی سەرکەوتنی زۆر کەمە.
چوارەم: نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بڕيارەکانی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پ ک ک ش شتێکی زۆر ڕوونی تێدا نیە هەتا بڵێین دەبێتە کۆتاییهێنان بە کێشەکان و وەدەستهێنانی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد لە تورکیە.
پێنجەم: هەرچەندە هەرێمی کوردستان، هێزە سیاسییەکانی ئەو هەرێمە، دەوڵەتی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەند دەوڵەتی دیکە بەتایبەتی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە پێشوازییان لەو هەنگاوە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیە کردوە، بەڵام هەموویان بەگومانەوە سەیری پێشهات و ڕووداوەکانی دەکەن و چاوەڕوانن بزانن هەر بەڕاست تورکیە لێی دێتە پێشێ و، ئاخۆ پ.ک.ک دوای بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوە دابڕانی لێ ناکەوێتەوە؟
کاریگەریی ڕەوشی نوێ لە باکووری کوردستان:
پرۆسەی نوێی ئاشتی زیاتر لە ساڵێک بوو لە نێوان دەوڵەتی تورکیە و ئۆجەلان کەوتبووە گەڕ و بە باوەڕی چاودێرانی سیاسی:
- تورکیە نیگەرانی ئەوەیە لە هەلومەرجی ئاڵۆز و ناسەقامگیری ناوچەکەدا پ.ک.ک چەکی باشتری دەست بکەوێ، و ئەوە بۆ تورکیە جێگەی نیگەرانیی زۆرە.
- تورکیە هەتا ئێستاش باسێکی لە مافی کوردان نەکردوە.
- قەرار بوو سەلاحەدین دیمیرتاش ئازاد بکرێت، بەڵام هەتا ئێستا ئازاد نەکراوە.
- دەگوترێ بەشێک لە هێز و کەسایەتییەکانی پ.ک.ک نەگەڕێنەوە تورکیە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بن یان لە وڵاتانی دیکە وەربگیرێن.
- ئەگەر تورکیە بەشێک لە مافی کوردان بە ڕەسمی بناسێ، ئەوە پێوەندی بە دۆخی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە.
- چەکدانانی پ.ک.ک دەکرێ بە قازانجی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بەگشتی و بەتایبەت کورد لە تورکیە بشکێتەوە، چونکی ئەو وڵاتە شێوە دێموکراسییەکی دەڵەمەی تێدا و کورد لەو وڵاتەدا دەتوانێ بە تێچوویەکی کەمتر بۆ مافەکانی تێبکۆشێ. هاوکات بەو بڕیارە جێگرەوە و میراتگرانی فکریی پ ک ک لەوانەیە جۆرێکی دیکە بڕواننە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئەوەش هەر بە قازانجە؛ چوونکە پ.ک.ک کە خۆی بە بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژی، چەپ و سۆسیالیست دەبینی، بۆ ئەو پرسی کورد و سەروەریی نەتەوەیی ئەلەوییەتی یەکەم نەبوو و حیزبە نەتەوەییەکانی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە نەریتی دەزانی.
ڕۆژاوای کوردستان دوای بڕیاری خۆهەڵوەشانەوەی پ ک ک:
کاتێک لە ٢٠١٥ی زایینیدا وتووێژی پ.ک.ک و تورکیە بێئاکام مایەوە، بەشێک لە گریلاکانی پ.ک.ک چوونە ڕۆژاوا و بەدژی داعش شەڕیان کرد. تورکیە ئێستا دەیهەوێ یەپەگە هەڵوەشێنێتەوە و گریلاکان ڕۆژاوا بەجێ بهێڵن. MHP باوەڕی وایە پەیامەکەی ئۆجەلان و خۆهەڵوەشانەوەی پ ک ک کاریگەری لە ڕۆژاواش دەبێ و بنیات و دامەزراوەکانی سەر بە پ.ک.ک دەبێ لە سووریە کۆ بکرێنەوە. هەر ئەوە بوو کە پاش بڵاوبوونەوەی پەیامی ئۆجەلان لە ١٥ی فێورییە پرسیار لە مەزلووم عەبدی کرا کە ئایا ئێوە بەشێکن لە پ.ک.ک؟ ئەو لە وڵامدا گوتی نەخێر، لە هەلومەرجێکدا کە داعش هێرشی کردە سەر کۆبانی، ئێمە داوای یارمەتیمان لە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کرد و ئەوان بە هانامانەوە هاتن و گریلاکانی پ.ک.ک دوای شەڕ ڕۆیشتن و هێندێک ئەندامی پ.ک.ک مانەوە. ئەگەر ئاشتی بێتە ئاراوە و جێگیر بێ، دەتوانین داوا لە ئەوانیش بکەین ناوچەکە بەجێ بهێڵن و ئەوە شتێکی زۆر ئاستەم نیە.
مەزلووم عەبدی پێشوازیی لە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشانەوە و چەکدانانی پ.ک.ک کردوە و دەڵێ پەیامی ئۆجەلان پۆزەتیڤە. لەبەر ئەوەی داوای تەواوکردنی شەڕ و دەسپێکی ڕەوتی سیاسی بە ئاشتیانە لە نێوخۆی تورکیە دەکات و هەروەها دەڵێ هێرشی تورکیە بۆ ڕۆژاوا، بەربەستی وتووێژی ئێمە و دەمیشق و درێژەی ئۆپراسیۆنی دژی داعشە؛ ئەگەر ئاشتی هەبێ، ئیتر تورکیە بیانووی نامێنێ. عەبدی دەڵێ پەیامی ئۆجەلان تەنیا پێوەندی بە حیزی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە و هیچ پێوەندییەکی بە ئێمەوە نیە.
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، مەسەلەی کوردەکانی سووریە زۆرتر بۆتە ڕۆژەڤی میدیاکان؛ کوردەکانی سووریە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە لە داهاتووی سووریەدا دەبێ خودموختاریی ئەوان گەرەنتی بکرێ، بەڵام هەڵوێستی تورکیە و پێوەندی نیزیکیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع بە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر دواڕۆژی ئەوان لە ڕۆژاوا دادەنرێ. لە تەنیشت ئەوە باس لەوەش دەکرێ کە فەرانسە و بریتانیا پڕۆژەیەکیان دوای کورتکردنەوەی دەستی پ.ک.ک لە ڕۆژاوا بۆ کوردەکان هەیە و دەیانهەوێ جۆرێک ناناوەندی لە سووریە بۆ کوردەکان چێ ببێ و ئەگەری ئەوە هەیە تورکیەش بە کارێکی وا ڕازی بێ.
کاریگەریی دۆخی نوێ لەسەر باشووری کوردستان
بەگشتی هەموو بەرپرسانی حیزبی و حکوومەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پ ک ک کردوە. هاوکات چاودێرانی سیاسیی هەرێمیش پێیان وایە هەڵوەشانەوەی پ ک ک کاریگەریی ژیوپۆلۆتیکی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و شوێنکاری گرینگ لەسەر پێوەندییەکانی نێوان ئانکارا-هەولێر- بەغدا دادەنێ و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە باڵانس و هاوسەنگییەکانی هێز لە ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە کە هۆکارەکەی بۆ شەڕی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی ئیسڕائیل و حەماس لە تەنیشت ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا دەگەڕێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە تورکیە پتر بیر لە چەکداماڵینی پ ک ک دەکاتەوە هەتا چارەسەری دێموکراتیکی پرسی کورد لەو وڵاتە، هەڵوەشانی پ ک ک دەسکەوتێکی گەورە بۆ حکوومەتی هەرێم و تەنانەت حکوومەتی فیدڕاڵی بەغداشە. هەروەها جیا لەلایەنە سیاسی و ئەمنیەتیی باسەکە پێوەندیی ئابووریی نێوان ئانکارا-هەولێر-بەغداش کە ئێستا نیزیک بە ٢٠ میلیارد دۆلارە؛ ئەوەندەی دیکەش بەربڵاوتر و زۆرتر دەبێ.
لایەنێکی دیکە کە وەک دەسکەوت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێک دەدرێتەوە ئەوەیە کە بە بیانووی شەڕی "پ ک ک"ەوە سوپای تورکیە بە مەودایەکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هاتبووە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و لە سۆنگەی ئەو شەڕەوە سەدان گوندی ئەو ناوچانە زیانی گیانی و ئابوورییان بەردەکەوت. بۆیە خۆهەڵوەشاندنی پ ک ک و تەواوبوونی شەڕی چەکداریی نیوان پ ک ک و تورکیە ئیدی هیچ بیانوویەکی بۆ مانەوەی هێزەکانی تورکیە لە هەرێمی کوردستان نەهێشتووەتەوە.
پ ک ک و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پژاک نەیشاردۆتەوە کە بنەما فکرییەکانی گرێدراوی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پژاک نەیشاردۆتەوە کە لە هەموو ئاستەکاندا ئیلهام لە پ.ک.ک وەردەگرێ و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بە نێوبژیوانیی پ.ک.ک، ئاگربەستێک لە نێوان ڕێژیمی ئێران و پژاک هاتۆتە ئاراوە و هەتا ئێستاش ئەو ئاگربەستە هەڵنەوەشاوەتەوە. کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەو ساڵانەدا هەستیارییەکی ئەوتۆی بە بوون و جموجۆڵی پژاک لە ناوچە سنوورییەکان نەبووە و مەدارایان لەگەڵ کردوون. بەڵام بە خۆهەڵوەشاندنەوەی پ ک ک دەکرێ ئەو گریمانەیە بەهێز بێت کە بەشێک لە هێزەکانی پ ک ک لە ڕیزەکانی پژاکدا ڕێکبخرێن و پژاک هەروەها چەکوچۆڵ و ئیمکاناتی جۆراوجۆری زیاتری بکەوێتە دەست و کۆماری ئیسلامی ئەمە بە هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ئەمنییەتی خۆی بزانێت. جگە لەوە بەشێک لە چاودێرانی سیاسییش لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێژیمی ئێران هەر لەجێدا بە خۆهەڵوەشاندنەوەی پ ک ک نیگەرانە، چونکی دەبێتە هۆی باڵادەستی تورکیە لە سنوورەکان و هەروەها دروستبوونی بۆشایی ئەمنییەتی لە قەندیل.
دەرەنجام:
نامەکەی بەڕێز ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی و ئاکامە فۆڕمولەکراوەکانی کۆنگرەی ١٢ی پ ک ک پێداگری لەسەر پێویستیی گرتنەبەری ڕێگای چارەسەری سیاسیی ناتوندوتیژی پرسی کورد لە تورکیەیە. ئەم هیوایە هاوکات هیوای هەموو لایەنە کوردییەکانە کە ئەم قۆناغە دەرەنجامی دڵخۆشکەر و ئیجابیی بۆ گەلی کورد لە باکووری کوردستان و هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە لێ بکەوێتەوە و ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەری سیاسی و دێموکراتیکی پرسی کورد لە باکووری کوردستان پشتیوانیی بزووتنەوەی سیاسی لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستانیشی لەپشتە.