
هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە قەیرانی ئاو لە کوردستان و ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پانتاییەکی گەورەتر لەخۆ دەگرێت، تاڵاوی نێونەتەوەیی کانی بەرازان لە مەهابادیش مەترسیی وشکبوونی لەسەرە.
بە وتەی جێگری ئیدارەی پاراستنی ژینگەی ورمێ، ئەم تاڵاوە بۆ پاراستنی دۆخی هەنووکە، هەتا خەرمانانی ئەمساڵ پێویستی بە ٢ میلیۆن میتری سێجا ئاو هەیە.
عەلیڕەزا سەیدقوڕەیشی بە ئاماژە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی بارینەکان لە باشووری ئەم پارێزگایە، جەختی کردەوە کە لە ئەگەری سەرنجنەدان بە پرسی ئاوی تاڵاوەکان، کانی بەرازان لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی ئاوەکەی بەرەوڕوو دەبێتەوە و لە ئاکامدا ئەمە ئەبێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر جۆرەکانی گیانداران و باڵندە کۆچەرەکان.
سەرەڕای ئەوەی کە ئێستاکە نزیکەی ٩٠ لەسەدی ئەم تاڵاوە ئاوگیری کراوە و پێنج تا شەش میلیۆن میتری سێجا ئاوی تێدا پاشەکەوت کراوە، بەڵام لەگەڵ دەسپێکی هاوین و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵمکردنی ئاو، بەشێکی زۆر لەم قەبارەیە لەدەست دەچێ.
بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی ژینگەی پارێزگاکە، تاڵاوەکانی ورمێ پێویستییان بە ٦٠ هەتا ٧٠ میلیۆن میتری سێجا ئاوی ساڵانە هەیە بەڵام لە نەبوونی ئیرادەی سیاسی و پێکهاتەی بەڕێوەبەریی وڵامدەر، ئەم پێویستییە لەبەرچاو ناگیرێ.
لە باکووری ئەم پارێزگایەدا سەرەڕای باران بارینەکانی ئەم دواییانە، تاڵاوەکان تەنیا ٥٠ هەتا ٦٠ لەسەد ئاویان تێدا جێگیر بووە، ژمارەیەک کە بۆ بووژانەوەی ژینگەی ئەم ناوچەیە کەمە.
ئێستا زیاتر ٣٠ تاڵاو لە پارێزگای ورمێ دەستنیشان کراون کە زۆرینەیان بە هۆی نەبوونی مودیرییەتی ئاو، کەڵکوەرگرتنی سەرەڕۆیانە لە دۆخی قەیراناویدان.
کارناسانی ژینگە چەندین جار هۆشدارییان داوە کە لاوازبوونی ئێکۆسیستمی ئاوی، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جۆراوجۆریی گیانداران، کۆچکردنی باڵندەکان، هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی گشتی و تەنانەت سەرهەڵدانی تەپوتۆز.