
لە خۆیابوونەوە تا ئاوابوون
سەربەست ئورمیە
سەرەتا
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر ڕووداوێکی مێژوویی، بەڵکوو قۆناغێکی فەلسەفی و ئەخلاقیآە لە مێژووی خەباتی کورددا. ئەم بزووتنەوەیە بە لێکدانەوەی دروستی خۆی لە پرسی ئازادی و ڕابوونی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی خەبات، بەستێنی بۆ خەبات و پێشهاتەکانی دواتر لە کوردستان خۆش کرد. شەهیدانی وەکوو سولێمان موعینی، ئیسماعیل شەریفزادە، نحۆ پاشایی (باپیر شکاک)، مەلا ئاوارە و ... هتد، وەکوو کەسایەتییە هەرە دیارەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بە پشتبەستن بە فەلسەفەی ئازادی و ئایدیاڵە مرۆییەکان، کاریگەرییەکی قووڵیان نەتەنیا هەر لەسەر سەردەمی خۆیان بەڵکوو لەسەر مێژووی خەباتی کورد بەجێهێشت.
پاشخانی مێژوویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧
بە ڕووخانی کۆماری کوردستان لە سەرەتای ساڵی ١٣٢٥ قۆناغێکی نوێی سەرکوتکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەست پێ دەکاتەوە کە کاریگەری و کارتێکەریی تا چەندین ساڵی دواتریش لەسەر بزووتنەوە نەتەوەیی و ئازادیخوازەکانی ئەم بەشەی کوردستان دەبیندرێت. حکوومەتی پەهلەوی لە ڕێگەی سیاسەتی یەکسانسازیی کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لە هەرێمەکانی دیکە و بە تایبەتی لە کوردستاندا دەدات. بۆ ئەم مەبەستەش تەنیا پشت بە هیزی لەشکری نابەستێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بنیاتنانی کولتوورێکی نوێ بە مێحوەرییەتی کولتوور و زمانی فارسی، ناسنامەیەکی نوێیان بۆ سەقامگیریی حکوومەتی ناوەندیی پێ ببەخشێت.
لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو و لەگەڵ دەستپێکردنی ئاڵۆگۆڕە جیهانییەکانی ئەو کاتدا کە گرینگترینیان بزووتنەوەی دژە کۆلۆنیالیزم لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و سەرکەوتنی شۆڕش لە وڵاتی کوبا بوو، دەلاقەیەکی نوێ بە ڕووی خەباتی ڕزگاریخوازیدا کرایەوە. هاوکات بەشێکی زۆر لە لاوان و خوێندکارانی کوردیش لەژێر کاریگەری ئەو ئاڵۆگۆڕانەدا و لە پێناو پاراستن و مانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیاندا بەرەنگاری حکوومەتی ناوەندی بوون. ئەم بەستێنە مێژووییە بوو بە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زوور لە تێکۆشەران و ڕۆشنبیرانی کورد، هاوکات لەگەڵ تێکۆشەرانی ناوچەکانی دیکەی ئێران، بە بیر و هزرێکی چەپ و ناسیۆنالیستی بکەونە خۆرێكخستنەوە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی پاشایەتیی ئەوکاتدا، کەشی نیزامی و ئەمنییەتیی هەمەلایەنە بە سەر کۆمەڵگەدا زاڵ بوو. دەسەڵاتی بێ سنوور و مڵهوریی ساواک و کەڵکوەرگرتن لە ئامێرە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت و بە تایبەت سەرکوتی، نەتەوەیی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی، دۆخێکی دژواری بە سەر بزووتنەوە سیاسی و ئازادیخوازەکاندا سەپاندبوو. بەڵام دوا جار هەر ئەم کەشه نالەبارە بوو بە هاندەر و پاڵنەری خەباتی هێزی سیاسیی کورد لە دژی داگیرکەر.
سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧
ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە شۆڕشی چەکداری لە دژی دەسەڵاتی شای پەهلەوی ناسراوە، لەسەر بنەمای هزری نەتەوەخوازی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەکی بەرچاو لە پشتیوانیی جەماوەریی بەهرەمەند بوو. ئازادیخوازانی کورد کە هەوڵی داکۆکیکردن لە ناسنامەی کورد و بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی شاهەنشاهیان دەدا، بە شێوەیەکی ڕێكخراو بە سەرکردایەتی کەسایەتییەکانی وەکوو شەهیدان سلێمان موعینی، ئیسماعیل شەریفزادە، نحۆ (باپیر شکاک)، مەلا ئاوارە و ... دیکە خەباتیان دەستی پێکرد.
هەرچەندە ئەم شۆڕشە لە گەڵ سەرکوتی توندی حکومەتی داگیرکەر بەرەوڕوو بوو، بەڵام پێگەیەکی دیاری لە کۆمەڵگەی کوردستانی ئەو کاتدا هەبوو. هەر ئەم بزووتنەوەیەش بوو کە ڕێگای بۆ درێژەدان بە خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆش کرد. کاریگەری لە سەر گوتاری ئازادیخوازی لە کوردستان دانا و واتایەکی نوێی بە چەمکی خەباتی چەکداری بۆ نەوەکانی دواتر بەخشی.
چەمکی ئەخلاق لە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧دا
بە گشتی شۆڕش دەرفەتێکە بۆ بەرزبوونەوەی چەمکی ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا. کاتێک کە خەڵک لە دژی نادادپەروەری و توندوتیژیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ... ڕادەپەڕن، لە ڕاستیدا ئامادەن کە لەپێناو ئازادی و دادپەروەریدا گیان ببەخشن. هەر بۆیە شۆڕشگێڕان بەهۆی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەوتی سەرکوتکار و گیانفەداییان لە پێناو ئازادیدا، لە مەیدانی خەباتی نەتەوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەبنە سەرچاوەی ئەخلاق.
ئەخلاق لە خەبات و قوربانیداندا
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەکوو زۆرێک لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی هاوکاتی خۆی، لە هەلومەرجێکی سەختی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا پێکهات. تێکۆشەرانی کورد لەگەڵ ئەوەی بە هۆی سەرکوتی توندی ڕێژیمی شا، لەگەڵ کۆمەڵێک گیروگرفتدا بەرەوڕوو بوون، بەبێ هیچ پشتیوانییەکی دەرەکی و کەرەستەی پێشکەوتووی شەڕی چەکداری، خەباتیان دەست پێ کرد. لە کەشێکی ئەوتۆدا، پرسی خەبات و قوربانیدان لەپێناو ئازادیدا، وەکوو کۆڵەکەی ئەخلاقیی شۆڕش دەژمێردرێت.
ئامانجی خەبات تەنیا سەرکەوتنی سەربازی نەبوو، بەڵکوو گێڕانەوەی کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوو. بۆ تێکۆشەرانی ئەم قۆناغە لە مێژوودا، قوربانیدان جگە لە پرەنسیپێکی ئەخلاقی، ڕێکار و ستراتیژیی شۆڕشگێڕانەش بوو. بۆ بەرەنگاری و هەڵماڵینی نایەکسانی و چەوساندنەوەی هەمەلایەنە، فەداکاری و قوربانیدانی تاک و کۆمەڵ پێویستە کە ئەمیش لە کردار و ڕەفتاری شۆڕشگێڕانی ئەو شۆڕشە دا بەدی دەکرێت.
سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە
- پرسی ئازادی و خۆدئاگایی
لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە, لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ دا ئازادی یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی ئەم بزووتنەوەیە. ئازادی لە ڕوانگە و بیر و هزری تێکۆشەرانی ئەم قۆناغەدا، وەکوو مافێکی تاکەکەسی پێناسە نەکراوە، بەڵکوو پێداویستییەکی گشتی و کۆمەڵایەتی و چەمکی سەرەکی بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەربەخۆیی شرۆڤە کراوە. لەم بزووتنەوەیەدا، ئازادی وەکوو ئامانجێکی فەلسەفی و پراکتیکی بەتایبەتی لە مەیدانی خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەیی کوردستان دا و بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکان لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە، پێناسە کراوە.
- شەهیدبوون و واتای لە فەلسەفە و مێژووی ئەم بزووتنەوەیەدا
لە فەلسەفەی مێژوویی هێگڵدا، ئەوانە دەبنە بابەتی مێژوویی کە لە ڕێگای ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە ئاگاییەوە هەوڵی گۆڕینەوەی واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەدەن. لەژێر ڕۆشنایی ئەم چەمکە فەلسەفییەدا، دەکرێ شەهیدبوون وەکوو کردارێکی ئاگایانە و دیالێکتیکی لێکبدرێتەوە کە نە تەنیا گۆڕانکاریی تاکەکەسی، بەڵکو گۆڕانکاری مێژوویی لێ دەکەوێتەوە. شەهیدبوونی ڕێبەرانی شۆڕشگێڕی کورد، لەم چوارچێوەیەدا، نەک هەر گۆڕانێکی تاکەکەسییە، بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخانە لە گۆڕانکارییە مێژووییەکانی بەرخۆدانی کوردستان و نەتەوەسازییدا.
- شەهیدبوون وەکوو کردەوەیەکی دیالێکتیکی
شەهیدبوونی ڕێبەران و تێکۆشەرانی شۆڕشی چەکداریی ١٣٤٦-١٣٤٧ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەرئەنجامی ڕەوتی هۆشیاریی ڕەخنەگرانە و ڕوانگەی مێژوویی ئەوان بوو. ئەم شۆڕشگێڕانە بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان، مەرگی ئاگایانەیان هەڵبژارد. مەرکێگ کە ئەوانی لە سنووری کەسی دەرباز کرد و کردنی بە هێمای بەرخوەدانی نەتەوەیی. تا ئاستێک کە ڕۆڵ و پێگەی ئەوان لە پێواژووی دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناسی سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی گەلی کورددا هەتا هەتاییە.
- مەرگی ئاگایانە، مردن لەپێناو ژیاندا
شەهیدبوونی ئەو ڕێبەر و تێکۆشەرانە دەکرێ بە هەڵبژاردنی ئاگایانەی مەرگ لەپێناو وەدیهاتنی "ژیان" لە بەرامبەر زۆرداریدا شرۆڤە بکرێت. لەو بوارەدا هایدگەر، مردن بە واتای کۆتاییهاتنی ژیانی بایۆلۆژیک نابینێت. بەلکوو لە ڕوانگەی ئەودا، مردنی لەم چەشنە ساتێکە کە تاک لە "واتای ڕەسەنی هەبوونی خۆی تێدەگات. لەو ڕوانگەیەوە شەهیدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کورد، بە قبوڵکردنی ئاگایانەی مەرگ وەکوو بەشێکی دانەبڕاوی بوونیان، بوونە ڕەوتێک لە مێژوو دا کە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بە دروستی بە جێ گەیاند و بوون بە هێمای نەتەوەیی.
- هێز و خۆڕاگری
شەهیدبوونی تێکۆشەرانی کوردی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی کوردستانی ئێران نموونەی دیالێکتیکی هێز و خۆڕاگری بوو. ئەوان بە شەهیدبوونیان هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە پێناسەیەکی دیکەیان لە بەرخۆدان پێشکەش کرد، زلهێزە باڵادەستەکانی سەردەمیان ڕاکێشایە مەیدانی ململانێ و بەروڕووی چالێشێکی ڕاستەوخۆ کرد. بە بڕوای میشێل فۆکۆ، هێز هەمێشە لە خۆڕاگری دایە و بەرخۆدان و شەهیدبوونی ئەو تێکۆشەرانەش نموونەی ئەم گوتارەیە کە بۆ مانەوە و بەهێزکردنی شوناسی گەلی کورد پێویست بوو.
- کرداری سیاسی، مانەوە و دووبارە نووسینەوەی مێژوو
بەو جۆرە کە هانا ئارێنت، جەخت لەسەر گرنگیی کرداری سیاسی لە داڕشتنی مێژوودا دەکات، شەهیدبوونی تێکۆشەرانی ئەم قۆناغە لە مێژووی کوردستاندا دەکرێت لە ڕوانگەی کرداری سیاسییەوە شرۆڤە بکرێت کە لە بیاڤی گشتیدا لە دژی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی خەباتیان کرد.
ژاک دێریدا لە تیۆریی مانەوەی بەکۆمەڵ و چەمکی "دۆگماتیک"دا جەخت لەوە دەکات کە ڕووداوە مێژووییەکان بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنن، پێویستیان بە دووبارە نووسین و شرۆڤەکردنە. لە ململانێی نێوان دوو گوتاری سەرکوت و بەرخۆدان دا، شەهیدبوونی ئەم شۆڕشگێڕانە بە بنچینەیەکی دیکە لە پێواژۆی داڕشتنەوە و دووبارە نووسینەوەی مێژوو و ناساندنی شوناسی نەتەوەیی گەلی کورددا دەژمێردرێت. لەم ڕووەوە شەهیدبوون واتای کۆتایی ژیانی ئەو سەرکردانە نادات، بەڵکوو دەبێتە سەرەتایەکی دیکە لە مێژووی نوێی بزووتنەوە شوناسخواز و ڕزگاریخوازەکانی کوردستان و داهاتووی خەباتی ئەم نەتەوەیەدا.