کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کۆتاییدا کۆماری ئیسلامی هەر دەتکوژێ

20:31 - 17 بانەمەڕ 2725

لە کۆتاییدا کۆماری ئیسلامی هەر دەتکوژێ

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

یەکێکی دیکە لە ڕۆژەڤی میدیای دووبارەی ژیانی ژێر حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی تەقینەوەو  و ڕووداوی جۆربەجۆرە کە هەر جارە و گیانی سەدان کەس دەستێنێ و سەدان کەسی دیکە ماڵوێران دەکات. تەنانەت ئەو ڕووداوانە بوونەتە تەوەری لێکۆلینەوەی ڕۆژنامەنووسان و لێکۆڵەری میدیایی و سیاسی لە دەروەی ئێران کە بە گوێرەی کات و شێوازی ڕووداوەکان دەیانهەوێ لە ڕاستییەکان بکۆڵنەوە و لایەنە شاراوە و ئەمنیەتییەکانی ئەم ڕووداوانە دەر بخەن.

ئەو ڕووداوانە بەشێکیان هۆکاری دەرەکییان هەیە، واتە وڵاتەکانی دیکە بە گوێرەی پێویست و ویستی سیاسەتەکانی خۆیان هەر جورە کردەوەیەک بە دژی ئێران لە نێوخۆی ئێراندا ئەنجام بدەن. لە ئێستا نەیارە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت دەتوانن نهێنیترین و گرینگترین ئامانجەکانیش بپێکن، کە لێرەدا ئەوە نیشان دەدات ئێران نەک توانای بەرگری لە خۆی نیە، بەڵکوو هەر وڵاتێک بە تایبەتی وەک ئیسرائیل دەتوانێ لە ئێراندا هەرچی بیهەوێ بیکات. لە حاڵەتێکی وەها ئەو پرسیارە دەبێ بکرێ ئەو هەموو تێچوویە بۆ بەرگری لەشکری خەرج دەکرێ کوا ئاکامەکەی؟ باشە ئەگەر ناتوانن بەرگری لە خۆتان بکەن چۆن پڕوپاگەندەی لە نێوبردنی وڵاتانی دیکە دەکەن و تەنانەت هەڕەشە دەکەن؟ هەروەها تاکەی بە پڕوپاگەندەی پووشاڵیی خۆتان خەڵک دەکەنە قوربانی کە ناتوانن نەک هێرش تەنانەت بەرگری لە ژووری نوستنی خۆشتان بکەن.

لە لایەکی دیکە ئەو ڕووداوانە ئەگەر بەرهەمی هۆکارە نێوخۆییەکان بن، ئەوا خاڵە لاواز و کارەساتبارەکانی سیستمی نادروستی کارگێڕی ئەو وڵاتە نیشان دەدات کە لە بەر گەندەڵی ناتوانێ پێش بە هیچ ڕووداوێک بگرێت و بەردەوام ژیانی مرۆڤەکان لە مەترسی‌دایە. ئەو سیستەمە ناتوانێ پێشی بە ڕووداوەکان بگرێ، ناتوانێ لە کاتی ڕووداوەکان خزمەتگوزاری تەندرووستی و دەرمانی پێویست پێشکێش بکات و، دوای ڕووداوەکانیش قوربانیی سەرەکی هەر خەڵکە کە بەرەو فەرامۆشی دەچن و تەنانەت ڕووداوەکان ئەوەندە زۆر بوون کە تا یەکێکی نوێ دێت ئەوی دیکە لە بیر دەچێت.

زۆر جارانیش دەستی بەئانقەستی کۆماری ئیسلامی لەو ڕووداوانەدا دەبیندرێ بۆ ئەوەی خەڵک بکاتە قوربانیی سیاسەتێکی دیکە و وەک قەڵغان بە کاریان بهێنێ، هەر وەکو ئەوەی لە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراینیدا دیتمان.

هەمووی ئەو لایەنانەی ڕووداوەکان نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوانەی ستاندنی گیانی خەڵکە، هەر بۆیەش تا ئەوکاتەی لە سەر حوکم بێت بەردەوام ئەو کارەسەتانە دووبارە دەبێتەوەو تەنانەت کارەسەتەکان هەر دووبارەو و گەورەتر دەبن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە و خەڵک دەبێ بزانە کۆماری ئیسلامی هەر چالاکی سیاسی و خۆپێشاندەران و دژبەرەکەی ناکوژێت، بەڵکوو کرێکاری مەعدەنیش بی، پەرەستار و دوکتوریش بی، شۆفێری تڕێلی بی و ئەو کات لە بەندەر بی ، یان لەگەڵ بنەماڵەکەت سەردانی خێزانەکەت لە شارێکی دیکە بکەی و لە ڕێگەدا بی، ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بە هۆی گەندڵی و نابەڕێوەبەری و تەنانەت کوژرانی بەعەمدی کۆماری ئیسلامی گیانت لە مەترسی‌دایە.

واتە لە کۆتاییدا کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە شێوازەکان هەر دەتکوژێ.