
ڕامانێک لە پەیوەندیی نوخبە و بزاوتی سیاسیی کورد
شۆڕش شەهباز
بزاوتی کوردی بەر لەوەی بزاوتیکی سیاسی بێت، بزاوتیکی مافخوازە. لە دەستپێکی سەرهەڵدانی ئەو بزاوتە هەتا ئێستا زۆر مێتۆدی سیاسی بۆ گەیشتن بەو مافە گیراوەتە بەر. خەسڵەتی مافخوازیی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ماف ئەوەیە کە بە میتۆدی جۆراوجۆری سیاسی خۆی ڕێک بخات و بە گوتاری سیاسی، ڕێبازیکی جەماوەری بۆ خۆی دەستەبەر بکات. ئەو بزاوتە تێگەیشتووە کە بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای نەتەوەیی، دەبێ ڕێکخراوی سیاسیی هەبێت و ئەو ڕێکخراوەش خاوەنی گوتارێک بێت کە لە نێوەڕوکدا هەڵگری گەیاندن و زەقکردنەوەی زۆرتری ئەو مافە ڕەوا و سرووشتییە بێت.
خەباتی مافخوازیی ئەو نەتەوەیەی خاوەنی سەروەریی سیاسی و کیان سەربەخۆ نیە، دەبێ ڕێگایکی سیاسی بگرێتە بەر. خۆ ئەگەر زەوتکەرانی ماف ڕێگا بدەن وەکوو سرووشتی خۆی بە دیالۆگ و گفتوگۆ بەڕێوە بڕوات، ناچێتە قۆناخی چەکداری. ئێستا کە لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیستویەکداین، هێشتا کورد بەگشتی و بە تایبەتی کوردی ڕۆژهەڵات نەگەیشتووە بە مافی خۆی. لە گوتاری کوردی ئەوەی نوخبە و ڕوناکبیر و ئاکادیمیسیەنی کورد وەکوو تیۆری باسی دەکەن جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ئەمری واقیعی ئەو خەبات و مافخوازییە. لانیکەم بزواتی سیاسیی کورد کە لە چوارچێوەی حیزبی سیاسیدا خۆی بەرجەستە دەکات، کەوتوونە بەر ڕەخنە. ئەو ڕەخنە و گازندانەی لە لایەن ئەو نوخبە و ئاکادمیسیەن و ڕووناکبیرانەدا بە نیسبەتی بزواتی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات دەکرێت، ئەبستراکت و داماڵڕاو لە واقیعن و ئیمکانی جێبەجێبوونیان نیە.
هۆکارەکەش ئەوەیە کە حیزبی سیاسی شۆڕشتەوەرە و، ناتوانێ خۆی تەنیا لە توێژی نۆخبە و ئاکادیمیسیەندا قەتیس بکات. حیزبی کوردی نێو بزواتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگری پێناسەی جەماوەرییە نەک بەتەنیا ڕووناکبیرتەوەر، ئەگەرچی لە وزە و توانای ئەوانیش کەڵک وەردەگرێ. بزاوتی کوردی ئەو توێژە ڕەخنەگر و ئاکادیمیسیەنەی پێویستە، بەڵام بزاوتی سیاسی ناتوانێ بەردەنگی گشتگیری نەبێت و تەنیا توێژی ڕووناکبیر بکاتە بەردەنگی خۆی. هەروەها حیزبی سیاسی ناتوانێ خۆی لە تیۆریدا قەتیس بکا و سەرنجی هەڵومەرج نەدا. نۆخبە و ئاکادیمیسیەن تیۆریک دەڕواننە پرسەکان و زۆر سەرنجی واقعییاتی مەیدانی نادەن و لە سۆنگەی ئایدیئالەکانەوە هەڵسەنگاندن دەکەن و زۆر ناچنە نێو چەموخەمی ڕێئالپۆلێتیکەوە.
بزاوتی سیاسی کارامەیی لەوەدایە کە ئەوەی گونجاوە بۆ گەیشتن یان دەستبەرکردنی مافی ڕەوای نەتەوەیی، داوای بکات. تیۆریی سیاسی کە له لایەن حیزبەکانەوە بەکردەوە پیادە دەکرێ، چەندین قۆناخ تێپەر دەکات. وەکوو ڕەشنووس دەخرێتە بەر ڕەخنە و پێشنیاری گشتیی ئەندامان لە کۆنگرە. ئەگەر ئەو گوتارە ڕەشنووسە دوای هەموو هەڵسەنگاندنەکان لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسند کرا، دەبێتە گوتاری پەسندکراوی ئەو حیزبە سیاسییە. بەڵام نۆخبە و ڕووناکبیر و ئاکادمیسیەن هەرچەند ئاستی بەرزی زانستییان هەیە، کاتێک ئەو باسانە دەکەن خەسڵەتی ڕێکخراوی سیاسییان نیە و زیاتر لە پێگەی مامۆستای زانکۆ و وانەبێژی تیۆرییەکان دەڕواننە پرسەکان. ڕێکخراوی سیاسیی شۆڕشگێڕ کە هەڵگری پێناسەیەکی سیاسییە بۆ گەیشتن بە ماف، ئەو گوتارە سیاسییەی کە پەسندکراوی کۆنگرەیە لە چوارچیوەی ڕێکخستنی بەربڵاودا پەرە پێ دەدن و کەم و کورتی و کەمایەسی و گونجاوبوونی ئەو گوتارە لە مەیدانی کردەوەدا بۆیان دەردەکەوەێ، بەڵام گوتاری ئاکادیمیک و ڕووناکبیرانە لەو مکانیزمە کە پڕاکتیکە، کەڵک وەرناگرێ.
حیزبیکی سیاسیی کوردی خۆی لە ڕەهەندی تیۆریکدا قەتیس ناکا و هەموو کۆمەڵگە دەکاتە بەردەنگی خۆی و هەوڵ دەدا خەباتەکەی بە جەماوەری بکا و ئەمەش ڕەمزی مانەوە و سەرکەوتنیەتی. ئەمەش بەم مانایە نیە کە تیۆری گرینگ نیە و حیزبی سیاسی خۆی لە ئەکتێکی ئیجرایی ڕووتدا قەتیس بکا، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە لە حیزبێکی سیاسیدا تیۆرییەکان لەگەڵ واقعیەت مۆتۆربە دەکرێن و سەرنجی ئیمکانی جێبەجێبوونیان دەدرێ و لە عالەمی تیۆریدا و مەکتەبە فکرییەکاندا خۆی قەتیس ناکا.
خەسڵەتی کەسایەتیی نۆخبە و ڕووناکبیر و ئاکادیمی ئەوەیە زۆر بە زەحمەت لە چوارچێوەی قەوارەی ڕێکخراوێکی سیاسیدا جێ دەگرێت کە ئەگەر جێش بگرێت مانەوەی و بەردەوام بوونی کورتماوەیە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ئەو کەسایەتییە لە سەرەتای گەشەکردنی بیر و هزریدا فرچکی بە هاوکێشەی مامۆستا و قوتابی گرتوە و گەشەی هزریشی لەو چوارچیوەی توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگەدا بیچمی گرتوە. ئەو تیۆرییانەی ئەوان باوەڕیان پێیەتی زۆر جار دەکەویتە ململانێ لەگەڵ گوتاری ڕێکخراوی سیاسیی شۆڕشگێڕ.
دوا وتە ئەوەیە کە هەر دوو لایەنی ڕێکخراوی سیاسیی شۆڕشگێڕ و ئەو کەسایەتییە نۆخبە و ڕووناکبیر و ئاکادیمیانە کە هەر کامەیان لە قۆناخە جیابەجیاکان وێستگە بە وێستگە پەیوەستی شۆڕشی کوردی بوون و هاوسۆزیی خۆیان بۆ ئەو خەباتە ڕەوایە پیشان داوە، بگەنە ڕێکەوتنی چوارچێوەدار و کردەیی و، تەواوکەری یەکتر بن نەک هۆکاری خۆڵقاندنی ئاڵوزی و شپرزەیی پرۆسەی خەبات بۆ مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەیەکی بندەستکراو وەکوو کورد بن.